سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە نەرێنی وەڵامی خوێندکارانی دایەوە

دوای خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی دەرماڵە و خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بە نەرێنییانە وەڵامی خوێندکارانی دایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی شارو شاارۆچکەکان خۆپیشاندانیان کرد و داوای دەرماڵە و خزمەتگوزارییان لە بەشە ناوخۆییەکان کرد، لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا هێزە ئەمنییەکان بە هێز و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی وەلامی داواکاری خوێندکارانیان دایەوە و چەندین کەسیش بریندار بوون.

 

ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی دووەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە وەڵامیدا بۆ خوێندکاران وتی: " دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێكی دونیادا بوونی نیە"، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە ئامادەنین دەرماڵە بۆ خوێندکاران دابین بکەن.

 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدابوو بڕە پارەیەک بۆ خوێندکاران دابین بکرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بەوە نەدرابوو کە دەرماڵەی لێبدرێت و تەنها بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان و خوێندکارانی کەم دەرامەت بێت.