سەرکوتکردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان پەرەی سەندووە
لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی لەسێدارەدانی نهێنی و کوشتنی لەلایەن دەوڵەت چڕتر بووەتەوە، هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی چالاکوانانی مەدەنی. فشار لەسەر خێزانی ئەو کەسانەی کە داوای دادپەروەری دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان زیادی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
بە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی کە لە ئەنجامی شەڕ و زیادبوونی کۆنتڕۆڵی ئیتلاعات و ئامڕازە سەربازییەکانی ئێرانەوە هاتۆتە ئاراوە، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان جارێکی دیکە بوونەتە ناوەندی گەورەی سەرکوت و لەسێدارەدان و گرتن و کوشتنی حکومەت.
چەندین ڕاپۆرت لە بارەی کوژرانی چالاکوانانی کورد و بەلوچ لە لایەن سپای پاسداران و هێزەکانی ڕژێم، جێبەجێکردنی نهێنی سزای لەسێدارەدان بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان، گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ژووری تاکەکەسی و ڕەتکردنەوەی دوایین سەردانیان، بێسەروشوێن بوونی تەرمی زیانبەرکەوتووان و زیادبوونی فشار لەسەر خێزانی ئەو کەسانەی کە بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕێن، بڵاوکراونەتەوە، بەپێی چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، ئەم ڕەوتە سیاسەتەکانی ساڵانی شەستەکان و هەوڵەکانی حکومەت بۆ بێدەنگکردنی هەموو دەنگێکی ناڕازی لە ناوچەی پیرمون و لەنێو کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا دەهێنێتەوە یاد.
ژینگەی ئاسایش
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مەدەنی هۆشدارییان داوە کە کۆماری ئیسلامی دۆخی ئەمنیی دەرەنجامی ئەو شەڕە بۆ چڕکردنەوەی سەرکوت و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازیەکان دەقۆزێتەوە، بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوانە، لە کاتێکدا، سەرنجی گشتی لەسەر پێکهاتو سەربازی و ئەمنییەکان چڕ دەبێتەوە، خێرایی دەستگیرکردن و سزای توند و لەسێدارەدانی سیاسی و سەرکوتکردنی ئەو خێزانانەی کە داوای دادپەروەری دەکەن، خێراتر دەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی ئەم دواییەی ئێرانەوە لانیکەم ٣٧ زیندانیی سیاسی و ئەمنی لە زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون، ئامارێک کە نیگەرانییەکانی لەبارەی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی سیاسییەوە دروستکردووە.
بەشێکی بەرچاو لەو لەسێدارەدانانە بە تۆمەتی وەک “سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل”، “جەنگ دژی تیرۆر”، “هەڵسوکەوتکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “هاوکاری لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان” ئەنجامدراون، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە لەم تۆمەتانە و بە ئاماژەدان بە نەبوونی ڕوون لە ڕێوشوێنی دادگاییکردن و ئەگەری دەرهێنانی دانپێدانان بە زۆرەملێ لەم جۆرە حاڵەتانەدا.
لەلایەکی دیکەوە، چەندین ڕاپۆرت دەرکەوتوون کە زیندانییە سیاسی و ئەمنییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە خێزانەکانیان دابڕاون و ڕێگەیان پێنەدراوە دەستیان بە ڕاوێژکاری یاسایی سەربەخۆ بگرن و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە نهێنی لەسێدارە دەدرێن.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە شاری کرماشان و دوو برای کوردیان گوللـەباران کرد، ئەو برایانە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە لە ژێر چاودێریدا بوون و لە فشاری بەردەوام و هەڕەشەی دەستگیرکردندا ناچاربوون لە حەشارگەدا بژین.
دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی سەرتاسەری و سەرکوتکردنی بەربڵاوی خۆپیشاندەران لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان یارسانی بوون، فشارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەر چالاکوانانی فەرهەنگی و مەدەنیی کرماشان توندتر بوون، چالاکوانانی مەدەنی لە کرماشان ڕاپۆرتیان دا کە هێزەکانی ڕژێم لە دوای ناڕەزایەتییەکانەوە بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و تۆقاندنی چالاکوانانی فەرهەنگی و مەدەنییان پەرەپێداوە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ وتیان: لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان بازرگان و کاسبکاری کورد کراونەتە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، سەرەڕای ئەوەی هیچ هەڕەشەیەکی چەکدارییان نەبووە، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی کە لە ئەنجامی ئەو شەڕەوە هاتۆتە ئاراوە، فشارەکانی سەر ناوچە سنوورییەکانی زیاتر کردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێکدادانی توندوتیژ لەگەڵ هاوڵاتییانی کورد.
لە سێدارەدان و کوشتن
لە بەلوچستان شەپۆلی لەسێدارەدان و سەرکوتکردن گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وتیان: حکومەت دۆخی ئەمنی و داخستنی ئینتەرنێت و سانسۆرێکی بەرفراوان بۆ ئەنجامدانی لەسێدارەدان دەقۆزێتەوە، زۆرێکیان بە نهێنی لەسێدارە دراون بەبێ ئەوەی کەسوکاریان ئاگاداربکەنەوە، ڕێگەیان پێنەدراوە سەردانیان بکەن، هەواڵی لەسێدارەدانیان تەنها چەند هەفتەیەک دواتر بەهۆی پچڕانی بەرفراوانی ئینتەرنێتەوە دەرکەوت.
چالاکوانانی بەلوچ دووپاتیانکردەوە، کە زۆرێک لە زیندانیانی بەلوچ لە هەلومەرجێکدا لە سێدارە دەدرێن کە خێزانەکانیان دەرفەتی پەیوەندیکردن یان ماڵئاواییان لێیان نییە، بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ١٤٣ هاوڵاتی بەلوچ لە زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دراون.
ژنانی بەلوچ بوونەتە زیانبەرکەوتووی نائەمنی و توندوتیژی
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا، کە ماڵێکی نیشتەجێبوون لە گوندی کومب لە تشابهاری کردە ئامانج، ژنێکی بەلوچ کوژرا و ژنێکی دیکەش بریندار بوو، یەکێک لە دانیشتووانی ئەو ماڵە ڕفێندراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ڕووداوەکەدا، تا ئێستا شوێنی نادیارە، لە زاهیدان، تەرمی منداڵێکی کچ کە تەمەنی بە نزیکەی ١٦ ساڵە لە ناوچەی شیراباد دۆزرایەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەو منداڵە کچە تووشی لێدانی توند بووە لە سەر و ملی.
هەروەها تەرمی گەنجێکی بەلوچ کە بە گوللـە تەقەی لێکراوە دۆزراوەتەوە، چالاکوانانی بەلوچ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پەرەسەندنی نائەمنی و دووبارەبوونەوەی کوشتنی گوماناوی و نەبوونی لێپرسینەوە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، دۆخی بەلوچستانی لە هەموو کاتێک مەترسیدارتر کردووە.
زیادبوونی سزاکان
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە، خێرایی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای سیاسی پەرەی سەندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدانی کەسێکی تۆمەتبار بە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" ڕاگەیاند، لە کاتێکدا وردەکارییەکانی دادگاییکردنەکە و ئەگەری دانانی پارێزەرێکی سەربەخۆ ئاشکرا نەکرا، سەرەڕای ئەوەش، چوار دەستگیرکراوی دۆسیەی ئێکباتان بە تۆمەتی "جەنگ" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ وتیان، کە بەکارهێنانی بەربڵاوی تۆمەتەکانی وەک "سیخوڕی"، "جەنگ" و "کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" لە ژینگەی ئەمنیی ئێستادا بووەتە ئامرازێک بۆ نەهێشتنی ناڕازییان و دروستکردنی ترسێکی بەرفراوان.
لە فشار و هەڕەشە و نەزانیدا
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان، خێزانی زیانبەرکەوتووان ڕووبەڕووی فشارێکی بێ وێنە بوونەتەوە، ڕاگرتنی تەرمەکان، ڕێگریکردن لە مەراسیمی ماتەمینی، هەڕەشەکردن لە کەسوکار، ڕەتکردنەوەی دوا سەردانکردنی زیندانییەکان لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان و دەستگیرکردنی کەسوکاریان، هەموو ئەمانە بەشێکن لە سیاسەتێک کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە.
لە کرماشان، دالاهو، سەردەشت، مهاباد، سەققز، زاهیدان، تشابهار، تافتان، شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچستان، خێزانەکانیان نەک تەنها خەمبارن بۆ ئازیزانیان بەڵکوو فشاری توندی هێزەکانی رژێمیان لەسەرە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن، کە لە ژینگەی ئاسایشی دوای جەنگدا، کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتی بەربڵاوی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، نەخشێک کە بە تایبەتی کورد و بەلوچ و خێزانی ناڕازییان و چالاکوانانی مەدەنی کردە ئامانج.