سپیدە قلیان: پەخشان عەزیزی هێمای مرۆڤایەتییە
سپیدە قلیان لە نامەیەکی کراوەدا کاردانەوەی بەرامبەر پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی دەربڕی و وتی: ئەگەر ئەمڕۆ دەنگمان بەرز نەکەینەوە، سبەی چیرۆکی مردنی کەسێکی دیکە دەگێڕدرێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
سپیدە قلیان، چالاکوان، کە لە زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا ناڕەزایی خۆی بەرامبەر پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەربڕی و داوای لە ڕای گشتی کرد بە یەکڕیزی پشتیوانی دەنگی زیندانیان بن و وتی: ئەم سزایە دەبێتە برینێکی قووڵ لە ویژدانماندا.
لە نامەکەی سپیدە قلیاندا هاتووە: جارێکی دیکە لە ژێر سێبەری شەڕداین، لە پشت دیوارە بەرزەکان و تەلی دڕکاوی ئەم زیندانەوە، ڕۆژانە گوێمان لە ناوی کەسێک دەبێت کە لە سێدارە دەدرێت و داهاتوومان دەخەینە ژێر پرسیارەوە، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ئەو ژنەی کە سەردەمانێک منداڵی قوربانیانی شەڕی داڵدەدابوو، پەسەند کرا، لەمەودوا لەم بەشەی ئێمەدا ژنێک هەیە، خەریکە لەسێدارە دەدرێت، ئەگەر ئەمە ڕووبدات دەبێتە چیرۆکێکی تاڵ و برینێکی قووڵ لە ویژدانی ئێمە و ئێوەدا.
"ئەمە تەنها ئەزموونی یەک کەس نییە هەموومانین"
پەخشان هێمای مرۆڤایەتییە، بەڵام ئێستا لە لێواری مردندایە، مردنێک کە لە ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو مردنەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری بەشار ئەسەد بەسەر هەزاران کەسی بێتاوانی سووری دا سەپاند، ئێستا ئەم چەقۆ خوێناوییەی گەیاندۆتە ملی منداڵانی ئەم خاکە.
ئەمە تەنها چیرۆکی یەک کەس نییە، چیرۆکی هەموومانە، چیرۆکی پەخشان پەیوەستە بە چیرۆکی هەموومانەوە، بە چیرۆکی ئەو دایکانەی کە خوێنی منداڵەکانیان لەسەر شەقامەکان ڕژاوە، بە چیرۆکی ئەو کەسانەی کە 'ژیان' بۆیان بووەتە ئارەزوو.
کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت ئێمە جیا بکاتەوە و چیرۆکەکانمان بڵاو بکاتەوە و گۆشەگیرمان بکات، بەڵام دەزانین هیوا لە بەستنەوەی ئەم چیرۆکانەدایە، لە بونیادنانی زنجیرەیەکی بەهێزی ئازار و بەرخۆدان و فرمێسک و تۆڵەسەندنەوەدایە.
"بێدەنگ نابین"
ئەگەر ئەمڕۆ دەنگمان بەرز نەکەینەوە، سبەی چیرۆکێکی جیاواز دەبێت، ئێمە دەمانەوێت ئەم زنجیرەیە بەهێزتر بێت، با چیرۆکی پەخشان نەبێتە چیرۆکێکی نیوە کوڵاوی پڕ لە حەسرەت و بێدەنگی، ببنە دەنگی چیرۆکەکەی.
دەبێت لەگەڵ 'ژیان' شەڕی 'مەرگ' بکەن، زنجیرێک لە ژیان دروست بکەن، و دەستەکانمان ببنە ئەڵقەیەکی دیکە لەم زنجیرەیەدا.