سنووردارکردن و پەرەسەندنی توندوتیژی منداڵانی کەناری ڕۆژئاوا لە خوێندن بێبەش دەکات

بەپێی ئامارەکانی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" سنووردارکردنی هاتووچۆ لە کەناری ڕۆژئاوا کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە سەپێنراوە و توندوتیژی پەرەسەندووە، منداڵان لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بێبەش دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پرۆسەی خوێندن لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەشەسەندوو بووەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی و سنووردارکردنەکان هەزاران منداڵ لە مافی خوێندن بێبەش دەکەن، کە ئەگەری هەیە تەواوی نەوەیەک ڕووبەڕووی نەخوێندەواری ببنەوە.

 

ڕۆژی ٩ی ئەیلوول، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕایگەیاند، منداڵانی کەناری ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زیاتر دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە خوێندن، بەهۆی سنووردارکردنی جووڵەیان و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بارودۆخی ئێستای کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین منداڵان لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا بەجێدەهێڵێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونییان دەبێت و ڕێگری لە پێشکەوتنی خوێندنیان دەکات، هەروەها مافی خوێندن دەبێت دەستەبەر بکرێت و سەلامەت بێت بۆ هەموو منداڵان بەبێ جیاوازی.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی دانیشتوانی کەناری ڕۆژئاوا، هاوتەریب لەگەڵ شەڕی جینۆساید و برسێتی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە، بەهۆی ئەم هێرشانە تا ئێستا لانیکەم ٦٤ هەزار و ٦٠٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە ١٦٣ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ژمارەی ئەو هێرشانە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

هەزاران قوربانی لە ژێر داروپەردوو و لە شەقامەکاندا ماونەتەوە، بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەکان و ئەو گەمارۆ توندەی بەسەر دانیشتوانەکەدا سەپێنراوە، ناتوانێت لەلایەن گروپەکانی فریاگوزاری سەرەتای و فریاکەوتنەوە بگەنە دەستیان، هاوکات برسێتی ژیانی دەیان کەسی گرتووە کە زۆربەیان منداڵن.