سنوردارکردنی ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک کاردانەوەی لێکەوتەوە

پڕۆسەی تەعریب و تەتریک کردنی کەرکوک بەردەوامی هەیە و بە نزیک بوونەوە لە ئاهەنگی نەورۆز، پارێزگاری ئەو شارە ئەو یادکردنەوەیە سنوردار دەکات، لە بەرامبەردا سروە عەبدولواحید دەڵێت: "ئەمە هەمان ئەو عەقڵییەتی شۆڤینییەیە کە مافی گەلان رەتدەکاتەوە".

ناوەندی هەواڵ

 

سنوردارکردنی ئاهەنگی نەورۆز لە لایەن ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک کە ئاماژەی بەوەکردوە تەنها سێ کاتژمێر کوردەکان دەتوانن یادی جەژنی نەورۆز بکەنەوە، ئەوەش نیگەرانی خەڵکی شارەکەی لێکەوتووەتەوە و هاوکات سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لە بەرامبەر ئەو بڕیارە کاردانەوەی نیشانداو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

پەرلەمانتار سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمە هەمان ئەو عەقڵییەتی شۆڤینییەیە کە مافی گەلان رەتدەکاتەوە و رێگەنادات یادە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکانی بکاتەوە، ئەمجۆرە لە عەقڵییەتە هەمان عەقڵییەتی هیتلەر وسەدام حسێنە.

 

لەدرێژەی راگەیەنراوەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو ئەمە یادو بۆنەیەکە کە دەسەڵاتی ناوچەیی هیچ  پارێزگایەک ناتوانێت یادکردنەوەی لە هاوڵاتییانی قەدەغەبکات، ئەو دەسەڵاتەی پەنا بۆ ئەمجۆرە کارانە دەبات، ناکۆکی و دووبەرەکی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی کە بنەمای سەرەکی دەسەڵاتی شکستخواردووە پەنای بۆ دەبات، دەنێتەوە، بەهیچ پێوەرێک شایستەنییە بمێنێتەوە و پێویستە بڕوات.

 

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوکەیدا دەڵێت: "حکومەتی فیدڕاڵی لەکوێە بەر بەم دەستدرێژییانەی پارێزگاری کەرکوک بگرێت کە نایاسایین؟ پێویستە لەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکی خێرا دەستوەردان بکەن و هەموو ئەو گەشتیار و میوانانە بپارێزن کە لە رۆژی نەورۆزدا سەردانی پارێزگای کەرکوک دەکەن بەمەبەستی گێڕانی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە".