سەنتەری میترۆ: پێویستە زەمینەیەكی گونجاو بۆ كاری ڕۆژنامەوانی بڕەخسێندرێت
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێم زەمینەیەكی گونجاو بۆ كاری ڕۆژنامەوانی بڕەخسێنێت، هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیمووكراسییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی.

ناوەندی هەواڵ
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى ڕۆژنامەنووسان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە،هەڵبژاردنی كاریگەرییەكانی (AI) پەیوەندی بەو گۆڕانەوە هەیە، كە زیرەكی دەستكرد هێنایە ئاراوە، ئەم تەكنەلۆژیایە ئەو ئامرازانە بە ڕۆژنامەنووسان دەبەخشێت، كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی ڕاپۆرتی بنكۆڵكاری، درووستكردنی ناوەڕۆكی میدیایی، وردبینی لە خستنەڕووی راستییەكان، لەگەڵ بەردەستخستنی خزمەتگوزاری دەستڕاگەیشتن بە زمانەكان و باشتركردنی شیكاری لە داتاكان، سەرباری ئەمەش تەكنەلۆژیاكە هەڵگری مەترسییە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە، ساختەكردنی دەنگ و رەنگ، هەروەها هەڵگری هەڕەشەشە بۆ چاودێریكردنی ڕۆژنامەنووسان.
باس لەوەشكراوە، سەرەڕای مەترسییە پیشەییەكانیش ژیریی دەستكرد (AI) مۆدێلێكی نوێی بازرگانی میدیای دەخاتەڕوو، ئەمەش مشتومڕ و نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە كاریگەرییەكانی لەسەر ژووری هەواڵ و پیشەی ڕۆژنامەنووسان و مووچە و پاداشتی ماندووبوونیان بەو پێیەی دەتوانێت بەشێك لە كارەكانی ئەوان ڕاپەڕێنێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، جەخت دەكەینەوە ژیریی دەستكرد ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان.
ڕاشیان گەیاندووە، هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی، ئەمەش پێویستی بە فرەیی راستەقینەی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، دوور لە فشار و پێشێلكاری و بە دابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان.
ئەوەش هاتووە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، زەمینە خۆش بكات تا میدیا ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران و تاوانكارانی بەرامبەر میدیاكاران ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لە سزا و با ڕۆژی ئازادیی ڕۆژنامەگەری بكەرێتە دەرفەتێك بۆ بە پێداچوونەوە بە حوكمە دادوەرییەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، “شێروان شێروانی” و “قارەمان شوكری” و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر “ئومێد پەروشكی” و ئازادكردنیان.
لە كۆتایئدا هاتووە: جەخت لە ڕۆڵی گرنگی میدیا دەكەینەوە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاریی زیاتر بۆ تاكەكان، ڕووبەڕووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و ڕەتكردنەوەی وتاری رق و كینە و كۆتایهێنان و ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و پاراستنی تایبەتمەندی و جیاكردنەوەی ڕەهەندی گشتی و ڕەهەندی كەسی تایبەت، لە بڵاوكردنەوەدا.