سەنتەری میترۆ ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ۲٠۲٥ خستەڕوو
١٥یەمین ڕاپۆرتی ڕه‌وشی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ خرایەڕوو، کە تێیدا ئاماژەبەوەکرا، کە له ساڵی ٢٠٢٥ له هه‌رێمی كوردستان، ٣١٥ پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ٢٥٢ ڕۆژنامه‌نووس و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن ئه‌نجام دراون.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی، سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ١٥یەمین ڕاپۆرتی ڕه‌وشی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ و تۆڕی هاوپه‌یمانی ١٩ش یه‌كه‌مین ڕاپۆرتی ڕه‌وشی مافی ئازادی ڕاده‌ربڕینی له هه‌رێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکوان و سیسەتمەداران بڵاوکردەوە.
سێوە سیروان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، له ساڵی ٢٠٢٥ له هه‌رێمی كوردستان، ٣١٥ پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ٢٥٢ ڕۆژنامه‌نووس و ده‌زگای ڕاگه‌یاندن ئه‌نجامدراون، كه له‌نێویاندا ٧٤ حاڵه‌تی لێدان و هێرش و هه‌ڕه‌شه و سووكایه‌تی هه‌یه، جگه له ٥٣ حاڵه‌تی شكاندن و زه‌وتكردنی كه‌لووپه‌لی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ١٢٠ ڕێگری و جیاكاریش هەبووە.
جەختی لەوەشکردەوە، له ژینگه‌یه‌كی بێ سزادا، ته‌قه له ڕۆژنامه‌نووس ده‌كرێت و هه‌وڵی تیرۆركردنی ده‌درێت، هەروەها كامێراكانیان له به‌رده‌م چاویاندا ده‌شكێندرێن و هه‌ڵده‌كوترێته سه‌ر كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌كانیان و داده‌خرێن و هه‌موو كه‌لووپه‌له‌كانیان زه‌وتده‌كرێن، هەروەها ده‌ستدرێژی و توندوتیژی بۆ سه‌ر تیمه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌بێت به كاری ڕۆتینی هێزه ئه‌منییه‌كان، ده‌ستبه‌سه‌ركردن و شكاندنی كه‌ره‌سته‌ی ڕۆژنامه‌نووسان و قه‌ده‌غه‌كردنی ڕووماڵ په‌ره‌ده‌ستێنێت، لەگەڵ جیاكاری و شاردنه‌وه‌ی زانیاری.
کانی عومەر، ئەندامی تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، ڕایگەیاند، به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی تۆڕی هاوپه‌یمانی ١٩ کە بڵاویكردووەتەوە، له ساڵی ٢٠٢٥ دا چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ٣٥٦ چالاكی جۆراوجۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیان ئەنجامداوە، كه ١٨٦ حاڵه‌تیان گردبوونه‌وه و ٢٩یان داخستنی شه‌قام و ٢٧تیشیان بایكۆت و ٩٦ چالاكیشیان كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی بووە.
ڕەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، ئاماژەی بەوەکرد، ئامارەکان دەریدەخەن ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لەبەردەم دەستدرێژیدایە، ڕۆژنامەنووسان ڕوبەڕووی دەستدرێژی و تۆقاندنی بەردەوام دەبنەوە، ئەویش لەڕێگەی هەڵکوتانە سەر دەزگا میدیاییەکان و ڕاگرتنی بەرنامەکان و هێشتنەوەی ڕۆژنامەنووسان لەناوزیندانەکاندا، هەروەها ژنان لە ناو ڕاگەیاندنەکاندا ڕووبەڕووی هەراسانکردن و ڕێگری‌کردن لە کارەکانیان دەبنەوە، تەنانەت لە ڕێگەی هەڕەشەی پەیجەکانە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و ناوزڕاندن دەکرێنەوە، هەروەها میدیاکان لە ڕێگەی لایەنەکانەوە کاری ڕۆژنامەوانیان لێ قۆرخکراوە، ئەمانەی باسمانکرد زیاتر ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگیرێت، چونکە ئێمە هاوکار و هەماهەنگین.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتی: سەرەتا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان دانەوێنین، هەروەها ئێمە خۆمان وەک خاوەنی دەنگی ئێوە دەبینین، ڕادەربڕینەکانتان بۆ ئێمە مایەی دڵخۆشییەو هەردەم لەگەڵ ڕادەربڕینی ئازادداین، لە بەرامبەر کەمتەرخەمی و بێهەڵوێستییەکان خۆمان بە خاوەنی هەڵەکان دەزانین، بەڵام بنەماڵەی و دەسەڵاتداری و خێڵایەتی بووەتە هۆکاری دواکەوتنی دەربڕینە ئازادەکان، بۆیە پێویستە ئێمە لە ڕێگەی یاساوە هەوڵ بۆ دەستکەوتنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان بدەین، هەروەها هەوڵ بۆ هەمووارکردنەوەی یاساکانی ڕۆژنامەگەری لە پەرلەمانە بدریت، ئەویش لەژێر چاودێری ڕۆژنامەنووسانی بەئەزموون.
وریا قانع، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژنامەنووسان خەونی جیاواز و کەسایەتی جیاوازیان هەیە، سەرەڕای گۆڕانکارییەکان لەسیستەمدا پێویستە ڕۆژنامەنووسان تێڕوانینەکانیان گۆڕانکاری بکەن بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکان، هەروەها پێ لەسەر ناوەکییەکانی مرۆڤبوون بگیرێت، ئازادی ڕادەربڕین و نوسینەکان گرنگی هەیە، زەحمەتە بتوانین هێزێکی پشتیوانخوازیانە بدۆزینەوە تووشی پەراوێزبوون و فشار نەبین.
" ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە هەڵکشاندایە"
کانی عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی ١٩، وتی: لەگەڵ ڕاگەیاندنی ١٥یەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆدا، ڕاپۆرتی مافی ئازادی ڕادەربڕین کە هاوپەیمانی ١٩ بڵآویکردەوە، خرایەڕوو، ئەرکی سەنتەری میترۆ لە دوو ئەرکدا خۆی دەبینییەوە، تەنها لە ئازادی ڕۆژنامەگەریدا کاری نەکردووە، بەڵکو کار بۆ هەموو ئازادییەکانی کۆمەڵگە دەکات، ئامارەکان لەمساڵدا زیاتر لە ساڵی ٢٠٢٤ و زیاتر ڕووی لە هەڵکشانکردووە، هەروەها لەمساڵدا خۆپشاندانەکان لە لایەن سەرجەم چین و توێژەکانەوە ئەنجامدراوە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و سیاسەتمەداران و ڕاگەیاندکاران ،بەبێ دادگایکردن ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن، هەروەها بەبێ بینینی دادوەر سزا و تۆمەتیان دراوەتە پاڵ، چەندین ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی داخراون، بۆیە ئاماری ئازادی ڕۆژنامەگەری و توندوتیژییەکان لەمساڵدا لەهەڵکشاندابوو.