سۆنگۆڵ گولەر: ئەوەی ڕوودەدات تاوانی تاکەکەسی نییە بەڵکو سیستمێکی توندوتیژی تاکڕەوانەیە
سۆنگۆڵ گولەر، ئەندامی لیژنەی ژنۆلۆژی لە کامپی مەخمور، زیادبوونی فرەوانی دەستدرێژی و هێرشەکان کە ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج، دووپاتکردەوە و دەڵێت: هەڵخەڵەتاندن و لێپرسینەوەنەکردنی دەسەڵات، ڕێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە خۆش دەکات.
بەرژین کارا
مەخموور-ئەو توندوتیژیانەی کە ئاراستەی کولتوور و شوناس و باوەڕ و بوونی کۆمەڵایەتی دەکرێت، گۆڕاوە بۆ شەڕێکی سیستماتیک و بەربڵاو، کە لە پراکتیک و کوشتنەکاندا دەرکەوتووە، ژنان و منداڵان و گەنجان دەکەنە ئامانج و گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار.
ئەم ڕاستیە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە ڕۆژانە لە ژێر پەردەی جیاوازدا جێبەجێ دەکرێن. هەڵخەڵەتاندنی دەسەڵاتداران، لە ڕێگەی یاسای جێبەجێنەکراو و بێ سزا و وتارێکی میدیایی پیاوسالاری و پەردەپۆشکردنەوە، ڕێگا بۆ ئەم پراکتیزە و تاوانانە خۆش دەکات.
ئەو ڕێژیمە کە ڕۆژانە مانشێتی هەواڵەکان پڕ دەکات لە تاوانی توندوتیژی، تاکەکان ناکاتە ئامانج بەڵکو لێدان لە خودی بناغەی کۆمەڵگە و داهاتووەکەی دەدات. لە ڕێگەی ئەم سیاسەتانەوە بناغەکانی کۆمەڵگە تێکدەدات و سیستەمی پاوانخوازی خۆی فراوانتر دەکات.
ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبین، لە ڕاستیدا "شەڕێکی تایبەت"ن کە دژی کۆمەڵگە بەڕێوەدەچن، هەر ژنێک بکوژرێت، هەر منداڵێک کە مافەکانی پێشێل دەکرێت، بەشێکە لە پڕۆژەیەک کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەیە، جگە لەوەش، دەسەڵاتی پاوانخواز بە ئامانجگرتنی گەنجان، هەوڵدەدات دینامیکی کۆمەڵگە بشکێنێت و کۆمەڵگەیەک دروست بکات کە توانای بەرزکردنەوەی دەنگی نەبێت. کۆمەڵگە لە کولتوور و شوناس و بوون و ڕەوشتی خۆی نامۆ دەکات. ئەو منداڵ و گەنجانەی کە لەناو ئەم توندوتیژییەدا گەورە دەبن، بۆ بەردەوامکردنی ئەم سیستەمە ئامادە دەکرێن، هێرشکردنە سەر ژن و منداڵ و گەنجان ڕووداوی گۆشەگیر نین؛ بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتێکی تاکڕەو و پیاوسالاری کە ئامانجی سنووردارکردنی ئازادی ژنان و گەنجانە لە ڕێگەی ترس وأصبح توندوتیژیەوە.
"توندوتیژی دژی ژنان بە دڕندانەترین شێوەی خۆی بەردەوامە"
سۆنگۆڵ گولەر، ئەندامی لیژنەی ژنۆلۆژی لە کامپی پەنابەرانی مەخموور لە قسەکانیدا، سەبارەت بەو سیاسەتانەی کە ژنان و منداڵان و گەنجان دەکەنە ئامانج، باسی لەوە کرد، کە شەپۆلی هێرشەکانی ڕژێم کە دەستی پێکردووە چووەتە قۆناغێکی نوێ و ئێستا سیستەمی پاوانخوازی بە شێوازی ڕێکخراوتر و نهێنیتر کاردەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پراکتیزانە کە بەئامانجگرتنی ژنانە شتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە مێژووەوە درێژدەبێتەوە تا ئێستا، کاتێک سیستەمی پیاوسالاری دامەزرا و چوارچێوە هزری و سیاسییەکانی بونیاد نرا، ژن خرایە پاشخانەوە، زمان و کولتوور و دەسەڵات و ئەقڵیان دەستی بەسەردا گیرا، تەنانەت ئەمڕۆش ئەم سیستەمە بەردەوامە لە سەپاندنی بوونی خۆی، ڕاستە ئێمە لە سەدەی ٢١دا دەژین، سەدەی ٢١ سەدەی زانست و س٣ردەمی و دیموکراتیکی، بەڵام سیاسەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، فێڵبازتر و دڕندەتر بوون، هەموو ئەمانە لە ژێر ناوی وەک پاراستن یان پاراستنی بەهاکاندا دەخرێنەڕوو، لە کۆتاییدا توندوتیژی دژی ژنان بە توندترین شێوە بەردەوامە.
"ژن لە تاریکیدا دەسڕدرێتەوە"
سۆنگۆڵ گولەر باسی لە بارودۆخی ناوازەی ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ڕژێمە تاکڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "شەڕی تایبەت" دژی ژنان بەڕێوەدەبەن، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو وەرچەرخانێکدا ژنان دەکرێنە ئامانج، لە شۆڕشەکاندا ژنان یەکەم کەسن کە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کە ژنان لە پێشەوە بوون، بینیمان چۆن هێڤرین خەلەف کراوەتە ئامانج، لەو ماوەیەدا ژنان دەکوژران و دەستگیر دەکران و بە زۆر بێسەروشوێن دەکران، هەمان شێواز بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی منداڵانیش بەکاردەهێنرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان ژنان بەشێوەیەکی شاراوە دەکوژرێن، ژنان دەسڕدرێنەوە ناو تاریکییەوە، دەیان حاڵەت سەرهەڵدەدەن و هیچ تاوانبارێکیان دەستنیشان نەکراوە، توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە: ژنان بە زیندووی دەسوتێنرێن، بە زۆر هاوسەرگیری دەکەن، لە تەمەنێکی گەنجیدا هاوسەرگیرییان ئەجام دەدرێت، کاتێکیش دەکوژرێن، دۆسیەکان وەک خۆکوشتن تۆمار دەکرێن بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
"لە تورکیا ڕۆژانە ژنان لە شەقامەکاندا دەکوژرێن"
ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی باکووری کوردستان و تورکیا کرد و وتی: کاتێک سەیری تورکیا دەکەین کە خۆی وەک دەوڵەتێکی دیموکراتیک پیشان دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاکە کێشەکەی تیرۆرە، دەبینین ڕۆژانە ژنان لە شەقامەکاندا دەکوژرێن، هەروەها توندوتیژی جەستەیی بە ئاشکرا بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە پیاو دەتوانێت بە ئاسانی توندوتیژی بەرامبەر ژنێک لە شەقام ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی کەس بوێری ناڕەزایەتی دەرببڕینی هەبێت.
"دەوڵەت بکوژەکان دەپارێزێت"
سۆنگۆڵ گولەر تیشکی خستە سەر کەیسەکانی گوڵستان دۆکو و ڕۆژین کاباییش و وتی: لە ڕێگەی ئەو شەڕە تایبەتەی کە لە باکووری کوردستان دژی ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت، سیاسەتێکی ڕوونی ستەمکاری جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر سەیری کەیسەکانی گوڵستان دۆکو و ڕۆژین کاباییش بکەین، ئەوا بە ڕوونیتر لەم شەڕە تایبەتە تێدەگەین کەیسەکە لە تاریکیدا نێژراوە، و پێدەچێت دەوڵەت ئەو دژایەتییە ناوخۆییانە بشارێتەوە کە بووە هۆی لەدەستدانی ڕاستییەکان بە هەمان شێوە لە دۆسیەی ڕۆژین کابایشدا هەموو وردەکارییەکانی تاوانەکە ڕوونە، لەگەڵ ئەوەشدا، بکوژەکە دەستنیشان نەکراوە و هیچ کەسێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە، ئەم دوو کەیسانە نیشان دەدەن کە دەوڵەت بکوژەکان دەپارێزێت، تاوانەکان دەشارێتەوە و نایەوێت ڕاستییەکان ئاشکراببن، ئەمەش بەشێکە لەو شەڕە تایبەتەی کە دژی گەلی کورد و ژنانی کورد دەکرێت، سیاسەتێکە کە لە دژی ئێمە وەک گەلێک جێبەجێ دەکرێت، دەوڵەت دەیەوێت ژنی کورد بکوژێت و ملکەچیان بکات و ناوزڕاندنیان بکات، بەمەش کۆمەڵگەیەکی بێ ڕەوشتی کوردی بونیاد بدەنێت.
"ئەوە پاڵنانی منداڵان و گەنجانە بۆ ناو تاریکی"
سۆنگۆڵ گولەر ڕوونی کردەوە، کە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە قوتابخانەکانی تورکیا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتە، ئەو ڕووداوانەی لەم دواییانەدا لە قوتابخانەکاندا شاهیدیمان بینیوە، تەنها لاساییکردنەوەی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان یان یارییە ڤیدیۆییەکان نین، بەڵکو زۆر لەوە قووڵترە، سیستەمی پاوانخوازی جیهانی ئەمڕۆ وەک تۆڕێکی کۆمپانیاکان کاردەکات، لە هەموو بوارێکدا، ڕێکخراوەکانی دامەزراندووە، بە ئایینیشەوە، منداڵان و گەنجان بۆ ناوخۆیان ڕادەکێشێت، ئەوەی لەم دواییانەدا ڕوویدا، دەرئەنجامی ئەو ڕێکخراوانەیە، منداڵێکی کوڕی تەمەن ١٤ ساڵ کە باوکی لەناو ئەم پێکهاتەیەدا پەروەردەی کردووە، بە خوێنی سارد دەکوژێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا وەک ئەوەی دیمەنێکی فیلمێک بێت پێشکەش دەکرێت، ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی کێشەی خێڵەکیەوە دوو ژن کوژران و دۆسیەکە پەردەپۆش کرا، هەموو ئەمانە پەیوەستن بە دەوڵەتەوە، بە ڕێکخراوە دژە مرۆییەکان و بە شێوازە ئایینییەکانی هەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی منداڵان و گەنجان دروست دەکات، بە ئامانجگرتنی ژنان و منداڵان و گەنجان، دەیانەوێت کۆمەڵگەیەکی لاواز و بێ ڕەوشت بونیاد بنێن و ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی دەوڵەتە هەبووەکان.
"چارەسەری ئەم ڕژێمە ستەمکارە پارادایمی ڕێبەر ئۆجالانە"
لە کۆتایی قسەکانیدا سۆنگۆڵ گولەر ڕوونیکردەوە، کە جێگرەوەی ڕاستەقینەی ئەم ڕژێمە پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلانە کە لەسەر ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنان بونیاد نراوە، هەروەها ئەم پارادایمە ڕێگای ڕزگارییە بۆ ژنان و گەنجان، ئێمەش وەک ژن دەبێت لە دەوری ئەم ئایدۆلۆژیایە یەکبگرین و خۆمان ڕێکبخەین، بە ڕێکخستنی خۆمان دەتوانین خۆمان و منداڵەکانمان لە دەسەڵاتی پاوانخواز بپارێزین، دەتوانین خۆمان لەو دەسەڵاتە ڕزگار بکەین. هەروەها دەتوانین لێپرسینەوە لە بکوژانی گوڵستان و ڕۆژین بکەین، هەموو ژنانیش دەپارێزین.