سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەمەن کۆبوونەوەیەکی هاوپشتی ئەنجامدا
ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا تووشی هەڵمەتی چەواشەکاریی سیستماتیکی دەبن بە ئامانجی بێدەنگکردنی دەنگەکانیان و دوورخستنەوەیان لە کایەی گشتی، کە ئەمەش زۆرجار پەیوەستە بە توندوتیژیی ڕەگەزی و هەندێکجاریش بەرەو هەڕەشەی دەستدرێژی یان کوشتن بەرزدەبێتەوە.
رانیا عەبوڵا
یەمەن- سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەمەن، ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، بە هاوکاری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆیی ''زووم''ەوە کۆبوونەوەیەکی هاوپشتیییان ئەنجامدا، بۆ پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژنامەنووسی یەمەن کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن بوونەتەوە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی چالاکیی بەرەنگاربونەوەى توندوتیژی دژ بە ژنان، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی یەمەن لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆیی ''زووم''ەوە کۆبوونەوەیەکی هاوپشتی ڕێکخست، کە ژمارەیەک لە ژنانی ڕۆژنامەنووسی یەمەن بەشدارییان تێدا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دیارترین هەڵمەتەکان کرا کە ئامانجیان بێدەنگکردنیان بووە، لە داکۆکیکردن لە ڕێگەی شوێنەکانی پەرستن و پلاتفۆرمی میدیای مەجازییەوە تا دەگاتە دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمە سیاسییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕەگەزی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، ماریە ئەنجیلس سمبیری، هاودەنگی خۆی بۆ سەرجەم ژنانی ڕۆژنامەنووسی جیهان لەگەڵ هاوتا یەمەنییەکانیان دووپاتکردەوە، هەروەها ستایشی خۆڕاگرییان بۆ درێژەدان بە کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان سەرەڕای هەڕەشە و هەوڵدان بۆ تۆقاندن کرد.
وتیشی: ڕێکخستنی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە نوێنەرایەتی پەیامێکی بەهێزی پشتیوانی دەکات، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوون بە پێوەرە ئەخلاقییەکان کردەوە کە پاراستنی ژنانی ڕۆژنامەنووس مسۆگەر دەکەن و ئازادیی میدیایی و دیموکراسی بەرەوپێش دەبەن.
فاتیمە مەتهەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکا و ڕێکخەری کۆبوونەوەکە ڕوونیکردەوە، سەندیکا هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی بەردەوامی خۆی بۆ پرسەکانیان دووپات دەکاتەوە.
لە میانی دیدارەکەدا چەندین ژنە ڕۆژنامەنووس ئەزموونی خۆیان لە هەڵمەتی هەراسانکردن و چەواشەکاریدا باسکرد، جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پاراستن و هاودەنگی بۆ دابینکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ کاری ڕۆژنامەوانی کردەوە، هەروەها لە گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی و هەڕەشە و هەراسانکردن، باسیشیان لەسەر گرنگی پاراستنی یاسایی و پاڵپشتی دامەزراوەیی کردەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی هاریکاری نێوان ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی ژنان.
''توندوتیژی بەربڵاو''
یەرستین نەهمی، ڕۆژنامەنووس، ڕوونی کردەوە، بڵاوبوونەوەی پەیوەندی مەجازی زیانی بە تایبەتی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن دوو هێندە زیادی کردووە، بەو پێیەی چیتر زیانەکە تەنها لە ژینگەی نزیکدا سنوردار نەکراوە، بەڵکو بەربڵاو بووە و لەلایەن ئەو کەسانەی دەسەڵات و کاریگەرییان هەیە ئاڕاستە دەکرێن.
وتیشی: ئەو کامپینانە تەنها لە دەستدرێژی ڕاستەوخۆدا سنووردار نین، بەڵکو هەر کەسێک هاوسۆزی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ژن دەرببڕێت دەکاتە ئامانج، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێرشەکان هەر دەنگێکی ئازاد دەکەنە ئامانج، هەروەها بە هۆی بوونیان لە کایەی گشتی و بەشداریکردنیان لە ڕای گشتیدا دژ بە ڕۆژنامەنووسانی ژن توندتردەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها دەرکەوتنی لەبەردەم خەڵکدا لەلایەن هەندێک کەسەوە بە "تاوانێک" دادەنرێت کە سزای گەرەنتی دەکات، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووسی لێهاتوو لە چاوی گشتی بکشێنەوە و لە پشت پەردەوە کاربکەن لە ئەنجامی ئەو سنووردارکردنە کۆمەڵایەتیانەی بەسەریاندا سەپێنراوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هەڵمەتە سیستماتیکیانە ئامانجیان بێدەنگکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس و پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن و هەموو ئەو کەسانەیە کە پشتیوانیان دەکەن، هەروەها هەموو ژنێک ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبێتەوە لە کایەی گشتیدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوئاڵانگاریانەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە بەشداریکردن لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا.
کۆبوونەوەکە بە کۆمەڵێک پەیمان کۆتایی هات کە تیشکیان خستە سەر پەرەپێدانی ئامرازەکان بۆ بەرگریکردن لە ژنانی ڕۆژنامەنووس، هەروەها بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی لە میدیاکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی ئێستای بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس و پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن لە یەمەن.