سلێمانی، دژی کۆمەڵکوژی بۆ سەر شەنگال گردبوونەوە ئەنجامدرا
لە دژی بۆردومانی دوێنێ و ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکیا و کۆمەڵکوژییەکان بۆ سەر شەنگال گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا، تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا.
سلێمانی
پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەنگال ئەنجامدرا.
لە کۆنگرەکەدا لەلایەن نەبەز خالید چالاکوان بەیاننامەی ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە خوێندرایەوە، تێیدا رایگەیاند داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە و نوێ نییە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیزدییەکان بڕیاریان داوە خۆیان چارەنووس و داهاتووی خۆیان دیاریبکەن و هیچ کات جارێکی دیکە داگیرکاری پەسەند ناکەن، بە ئایدیای خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام لەبەرامبەردا دەوڵەتی تورکیا بەردەوام شەنگالی کردووەتە ئامانج.
داواشیان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەرامبەر ئەو داگیرکاری و هیرشانە بێدەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێست بن.
هەروەها لەلایەن مامۆستا ئیبراهیم، ئەندامی گروپی ئاسۆی نوێ، بەیاننامەی ئەو گروپە خوێندرایەوە، ڕایگەیاند داخوازن چیتر حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەو داگیرکاریانە بێدەنگ نەبێت و هەڵوێستی جدی بنوێنن، لەپێناو پاراستنی شەنگالدا.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی و ئەمڕۆش سێ جار بۆردومانی نەخۆشخانەی سکینی_لە باشوری شەنگال کردووە بەهۆیەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون کە تا ئێستا ژمارەیان نازانرێت.
ی.پ