سلاف فاواخەرجی لە فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی ئەسوان خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرت

سلاف فاواخەرجی، ئەکتەری سووری ئەمساڵ بەهۆی کارە هونەریەکانی کە بەشداری لە نوێنەرایەتیکردنی ژناندا کردووە، لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی ئەسوان خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرت.

ناوەندی هەواڵ

 

سلاف فاواخەرجی، ئەکتەری سووری لە دەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی ژنانی ئەسوان کە لە نێوان ٢٠-٢٦ی نیسان لە میسر بەڕێوەدەچێت خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرت، ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بۆ ڕێزلێنان لە هونەرمەندی میسری عەزیزە ئەمیر لە یادی ١٢٥ ساڵەی لەدایکبوونیدا بەڕێوەدەچێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاندووە کە خەڵاتەکە بەخشراوە بە سلاف فاواخەرجی بەهۆی “کاریگەری سەرکەوتوو و ڕەسەنی نواندن”.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەوئەکتەرە لەگەڵ دەرهێنەرە گرنگەکان کاریان کردووە و لەو فیلمانەی کە ڕۆڵی تێدا گێڕاوە، "کارەکتەرەکانی هێناوەتە ژیانەوە کە ڕەنگدانەوەی واقیعی ژنانی عەرەبن".

 

سلاف فاواخەرجی بە یەکێک لەو کەسایەتیانە پێناسە دەکرێت کە لە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە سینەمادا تێدەگات و ئاماژە بەوە دەکرێت کە جگە لە بەشدارییەکانی لە سینەمای سووری و میسریدا، لەم دواییانەدا ئەزموونی بەرچاوی لە سینەمای ئێرانیشدا بەدەستهێناوە.

 

سلاف فاواخەرجی لە لازقییە لە دایکبووەو دەرچووی بەشی شوێنەوارە لە زانکۆی دیمەشق، هەروەها خوێندنی نیگارکێشی و پەیکەرسازیی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٩٧ بە فیلمی "ئێل تەرحال" دەستی بە کاری فیلمسازی کردووە. پاشان بەشداری لە زۆرێک لە پرۆژە سینەماییەکانی سووریا و میسردا کردووە.