شیلان سەعید: ئامانجمان شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ژنانە لە کایەی وەرزش و کارسازیدا
شیلان سەعید، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕانیە، باس لە گرنگی پێگەی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا کردو وتی: کار دەکەین بۆ ئەوەی وەرزش تەنها بە قۆرخی پیاوان نەمێنێتەوە، هەروەها لە ڕێگەی خول و سیمینارەکانەوە هەوڵی بەهێزکردنی ئابووری ژنان دەدەین.
ڕانیە
شیلان سەعید، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕانیە، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژنان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و ئەو هەوڵانەی بۆ خزمەتکردنی گەنجان و ژنان دەدرێن، نەک تەنها ناو، و جەختی کردەوە کە "گرنگ ئەوەیە مرۆڤ لە هەر شوێنێک بێت، بتوانێت تواناکانی خۆی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و گەنجان تەرخان بکات."
وەرزش تەنها بۆ پیاوان نییە
سەبارەت بە بەشداری ژنان لە کایەی وەرزشیدا، شیلان سەعید وتی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەرزش وەک بوارێکی پیاوانە دەبینرێت، بەڵام ئێمە کارمان کردووە بۆ ئەوەی ئەم دیدگایە بگۆڕین. زەمینەمان بۆ ژنان ڕەخساندووە تا بێنە ناو وەرزش، چونکە وەرزش هیوایە بۆ هەردوو ڕەگەز، گەنجانی ناوەندەکەمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرکەوتوون، لەوانە بەشداری لە ماراسۆنی ئیسپانیا و بەدەستهێنانی پلەی بەرز لە یاری تایکواندۆ لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە.
بونیادنانی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان
شیان سەعید باسی لەوەشکرد کە کارەکانیان تەنها لە وەرزشدا کورت نەکردووەتەوە، بەڵکو گرنگییەکی تایبەت بە پرسی ژنان دەدەن. وتیشی: لە ئێستادا زنجیرەیەک سیمینارمان بۆ ژنان دەستپێکردووە بەناوی "بزنس بۆ ژنان". ئامانجمان ئەوەیە ژنان فێری کارسازی بن و پڕۆژەی بچوکی خۆیان هەبێت تا بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن، پلانمان هەیە بازاڕێکی تایبەت بۆ ساغکردنەوەی کارە دەستییەکانی ژنان لە ڕانیە بکەینەوە.
بێکاری؛ مەترسییەک لەسەر دواڕۆژی گەنجان
شیلان سەعید نیگەرانی خۆی لە ئاستی بێکاری گەنجان لە شاری ڕانیە دەربڕی و وتی: "کێشەی گەنج کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام لە کوردستان و بەتایبەت لە ڕانیە بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە گەنجانمان لە دۆخێکی خراپدان. ئەگەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرنامەیەکی تۆکمەیان نەبێت، گەنجانمان لەدەست دەچن و ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی وڵات، قەیرانی دارایی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوی پڕۆژەکانیان.
بانگەوازێک بۆ ژنان و گەنجان
لە کۆتایی قسەکانیدا شیلان سەعید داوای لە ژنان و کچان کرد کە خۆیان بەدوور نەگرن لە کایە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان و وتی: "پەیامم بۆ کچان و ژنان ئەوەیە؛ وەرنە ناو کایە سیاسییەکان و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن. دەست بخەنە سەر برینەکان و خۆتان چارەسەر بدۆزنەوە. بە فکرە نوێیەکانی گەنجان و بەشداری ژنان دەتوانین وڵاتێکی ڕۆشنبیر و ئاوەدان بنیات بنێین.