شەڕڤانی عەرەبی یەپەژە: یەپەژە لە ناخی مندا هەستی خۆناسین و خۆبوونی بونیاد نا
بێریتان زنار، شەڕڤانی یەپەژە کە خۆی عەرەبە و لە ساڵی دوو هەزار و بیست و یەکدا هاتووەتە پاڵ یەپەژە، وتی:یەکینەکانی یەپەژە لە ناخی مندا هەستی خۆناسین و خۆبوونیان بنیات نا. لەبەر ئەوەش ئەم هەست و هێزە منیان بەرەو یەپەژە کێشکرد.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە - بێریتان زنار، بنەچەکەی عەرەبە و لە شاری تەبقا لەدایکبووە. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧ شاری تەبقا لەلایەن هێزەکانی قەسەدە و یەپەژە لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار دەکرێت، ئەو کاتە بۆ ژیان و داهاتووی بێریتانیش دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. ئەم هێزەی ژنان کە ژیانی سەرلەنوێ پێکهێنایەوە، دەیئافراند و بیروباوەڕی لە نێو کۆمەڵگەکاندا بنیات دەنا، ڕۆژ بە ڕۆژ سەرنجی بێریتانی زیاتر ڕادەکێشا. بێریتان بینی کە بوونی یەپەژە لە گشت کایەکانی ژیاندا گۆڕانکاری مەزن لە بیروهۆشی کۆمەڵگەدا دەئافرێنێت. ئیتر یەپەژە دەبووە ناسنامەی گشت ژنان. نەک تەنیا ژنانی کورد و عەرەب، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا، لە گشت ئایین، بیروباوەڕ و نەتەوە جیاوازەکانەوە، ڕێگا و گەڕانەکانی خۆیان لە نێو یەپەژەدا دۆزییەوە. لەبەر ئەوەش یەپەژە بۆ ئەوان ببووە ڕێگا و پەناگە.
گشت کۆت و بەندەکانی نادادپەروەریی ڕەگەزی تێکدەشکێنێت
ئەو کێشەو دوودڵییانەی لە مێشکی بێریتاندا بوون و ئەو پرسیارانەی سەرقاڵیان کردبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو هێزی یەپەژەیان دەبرد. ئیتر بێریتان ڕێگا و پەناگە ی خۆی دەدۆزێتەوە و لە ساڵی دوو هەزار و بیست و یەکدا دەچێتە نێو ڕیزەکانی یەپەژەوە. بێریتان لە شارەکەی خۆیدا دەبێتە یەکێک لەو ژنانەی کە گشت کۆت و بەندەکانی نادادپەروەریی ڕەگەزی تێکدەشکێنێت. لە نێو یەپەژەدا چەندین خولی پێگەیاندن دەبینێت؛ پێگەیاندنی بیروباوەڕی و پێگەیاندنی جەنگی. هەرچەندە زیاتر ڕاستی سیستەمی پیاوسالاری دەناسێت، ئەوەندەش تووڕەیی و قینی بەرامبەر بە دواکەوتوویی زیاد دەکات. چونکە گشت ئامانجی ئەو ئەوەیە کە چارەنووسی گشت ژنان بگۆڕێت، و کارەکەشی لە شارەکەی خۆیەوە دەستپێدەکات.
سەرەڕای برینە سەختەکەشی دەست لە شەڕ هەڵناگرێت
بێریتان ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕانکاری لە ناخی خۆیدا دەژیا و درکی بە بوونی خۆی دەکرد. بە شێوەیەکی چالاکانە هاوبەشی لەو شەڕەدا دەکات کە لە سێزدەی کانوونی دووەمی ساڵی دوو هەزار و بیست و شەشدا لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە بەرپا دەکرێت. ئەو زۆر باش دەزانێت کە ئەو چەتانە دوژمنی بوونی ژنانن، لەبەر ئەوەش بە هیچ جۆرێک سەنگەرەکانی شەڕی خۆی جێناهێڵێت. بەڵام لە شەڕی «سرین»دا و لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چەتەکانی هەتەشدا، لە قاچیدا بە سەختی بریندار دەبێت. سەرەڕای ئەوەش، زۆر تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی دەست لە سەنگەرەکەی هەڵنەگرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی برینەکەی زۆر کوژەک و قورس بوو، هاوڕێکانی بێریتان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
بێریتان زنار بە دڵێکی فراوان، بە متمانەبەخۆبوون و بە ڕوویەکی خۆشەوە بۆ ئێمە باسی لە چۆنیەتی هاوبەشبونی لەناو یەپەژە، برینداربوونی و هەروەها پەسندکردنی یەکینەکانی یەپەژە لەلایەن کاربەدەستانی کاتییەوە کرد.
بوونی یەپەژە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی دروستکرد
بێریتان گوتی کاتێک شەڕڤانانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە مەڵبەندی تەبقایان ڕزگار کرد، چەندین بەها و تێگەیشتنی باو و کۆنەپەرستانە دەستیان بە گۆڕانکاری کرد، و بابەتەکەی بەم شێوەیە دەربڕی: «بوونی ژن لە گۆڕەپانی جەنگیدا، تەنیا تێکۆشانێکی جەنگی نەبوو. بەڵکو بووە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کردنەوەی دەرگای نوێ بۆ گشت ژنان. دەتوانین بڵێین ڕزگارکردنی تەبقا تەنیا ڕزگاربوون نەبوو لە دەست داعش، بەڵکو لە هەمان کاتدا هەنگاوێک بوو بۆ پێگەیاندن و پێشخستنی ژنان لە نێو کۆمەڵگەی عەرەبیدا.
لە متمانەبەخۆبوونەوە تا چوونە نێو ڕیزەکانی یەپەژە
بێریتان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کاریگەرییەی شەڕڤانانی یەپەژە لەسەریان داناوە، بووەتە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕێگایە. بە بڕوای ئەو، یەپەژە ڕێگایەکە کە ژن تێیدا دەتوانێت ناسنامە و خۆبوونی خۆی بناسێت و وەڵامی پرسیارە تایبەتییەکانی خۆی بدۆزێتەوە. بێریتان وتی: هەرچەندە هێرش و هەوڵی شێواندن و ڕەشکردنەوە لە دژی یەپەژە هەن، بەڵام ئەم هێرشانە نەیانتوانی ئیرادەی ژنان بشکێنن و یەپەژە ئێستا بووەتە نموونە و ناسنامەیەک بۆ گشت ژنان.
ڕوانگەی ڕێبەر ئۆجالان گەڕانەوەیە بۆ بەها کۆمەڵایەتییەکان
بێریتان جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێک لە ژنان دوای ڕزگارکردنی مەڵبەندەکانی وەک تەبقا، ڕەققە و دێرەزوور، بیر و ڕوانگەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان ناسی و هاوبەشییان لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و شۆڕشدا کرد، و بەم شێوەیە باسی لە بیروباوەڕی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد: ڕوانگەی ڕێبەر ئۆجەلان لە ڕاستی کۆمەڵگە و بەها مرۆییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، و لەو بارودۆخە ئاڵۆز و شێواوەی جیهانی تێکەوتووە، وەک ڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ سەر بنچینەکانی خۆی دەبینرێت.
برینداربوون و بەردەوامیدان بە بەربەرەکانی
بێریتان بەم شێوەیە باسی لە گرنگی بەردەوامبوونی ڕێبازی بەربەرەکانی کرد: لە ٢٠٢٥دا، کاتێک هێرش کرایە سەر بەنداوی تشرین، کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژنان و بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ خۆی کردە پشتێنێکی زیندووی پارێزگاری. من زۆر حەزم دەکرد هاوبەش بم و پشکی خۆم لەو بەربەرەکانییەدا بەدەستبهێنم، بەڵام بەهۆی کار و ئەرکی جیاوازەوە نەمدەتوانی هاوبەشی بکەم. وەک بەشێک لە کارەکان ئێمە هاوبەش بووین، بەڵام من بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە شەڕی کۆتاییدا هاوبەشیم کرد، کاتێک هەتەشە و چەتەکانی سەر بەو گروپە هێرشیان کردە سەر مەڵبەندەکانمان. هەمیشە بیرم دەکردەوە کە ئەگەر هاوبەشی شەڕ بم، من و چەکەکەم چۆن پێکەوە ڕێگا لە دوژمن دەگرین و کۆمەڵگەکەی خۆمان دەپارێزین. بۆ ئێمە ناگونجێت کە سەنگەرەکانی شەڕی خۆمان جێبمێڵین. لەبەر ئەمەش، کاتێک لە سرین بریندار بووم، نەمدەویست دەست لە سەنگەرەکەم هەڵگرم، بەڵام بەهۆی برینەکەمەوە هاوڕێکانم منیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە. ئێمە شەهید زیاد و شەهید دەنیزمان وەک بنەمای بەربەرەکانی بۆ خۆمان دەبینی.
بانگەواز بۆ ناسینی ڕەوایەتی یەپەژە
بێریتان زنار ئاماژەی بەوە کرد کە ناسینی یەپەژە لە ڕووی کارگێڕییەوە تەنیا داخوازی شەڕڤانانی ژن نییە، بەڵکو داخوازی هەموو ژنانە و وتی: ئێمە وەک هێزی ژنان، پێمان پەسند نییە کە جارێکی دیکە مێژوومان بدزرێت و گشت ئەو دەستکەوتانەی کە بە ڕەنجی ژنان بەدەست هاتوون ببنە پشکی دەسەڵاتداران. یەپەژە خاوەن بەربەرەکانییەکی گەورە و ناسراوە. لە هەر مەڵبەندێک کە ڕزگار کرابێت، مێژووی بەربەرەکانی و خۆبەختکردنی شەڕڤانانی ژنی تێدایە. وەک لە کۆبانێ ئارین میرکان، لە عەفرین بارین و ئاڤێستا، لە شێخ مەقسوود دەنیز و بە هەزاران پاڵەوانی ژن هەن کە مۆری خۆیان لە مێژوو داوە و بوونەتە شاهیدی هێز و ئیرادەی ژنان.