شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سیاسەتە دابەشکەرەکان تێکدەشکێنێت

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا داواکارییەکانی دیموکراتی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا پەرەی سەندووە، ئەمەش دژایەتی دەوڵەتێکی نەتەوەیی ناوەندییە کە نەیتوانیوە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دابین بکات.

تەوار کرماشان

 

ناوەندی هەواڵ-دیموکراتیک واتە خۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەزاران ساڵە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە سیستەمی بەڕێوەبرەری لەسەر بنەمای کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک تایبەتمەند بووە، لەم سیستەمەدا هەموو هۆز و پێکهاتەیەک لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەوە بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا دەکرد، هیچ گروپێک باڵادەستی بەسەر گروپێکی تردا نەبوو و پێکەوەژیانی دیموکراتیک یەکێک بوو لە بنەما سەرەکییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەم خاکەدا، دیموکراتی هیچ واتایەکی نییە جگە لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە فرەچەشنی کۆمەڵایەتی، فرەچەشنی و دەوڵەمەندی جوگرافی و کولتووری و ئایینی و زمانەوانی و نەتەوەیی نەک هەر پێویستی بە ناوەندگەرایی هەیە بەڵکو ڕەنگدانەوەی سروشتی دیموکراتیکی ئەم خاکەشە.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانکەی شارستانیەت و مرۆڤایەتییە و ژیان لەناو ئەودا و لە هەمان کاتدا پاراستنی بوونی خۆی مافێکی سروشتییە بۆ هەر تاک و گەلێک، جیاوازییەکی بنچینەیی لە نێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا نییە و ناشێت، گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەندین سەدە شان بە شانی یەکتر ژیاون، بێ ئەوەی هیچ باڵادەستییەکی زمانەوانی، مەزهەبی، فەرهەنگی بەسەر یەکێکی تردا هەبێت و هیچ گەلێک وەک ناوەند پێناسە بکرێت لە کاتێکدا ئەوانی دیکە پەراوێزخراون یان ناچارن ملکەچی ناوەند بن، سەپاندنی سیستەمێکی ناوەندی و پاوانخوازانە لە خاکێکی وادا، پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکات، چونکە ئەم جۆرە دەسەڵاتە بە توندی پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵایەتی خۆیەتی.

 

زیاتر لە دوو هەزار ساڵە، لە قۆناغ و شێوازی جیاوازدا، هەوڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێی نموونەی دەوڵەتی نەتەوە دراوە، بەڵام ئەم نموونە هەمیشە نەیتوانیوە داواکاری ڕاستەقینەی کۆمەڵگە جێبەجێ بکات، بۆیە کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان بەرەنگاری ئەو عەقڵیەتە بووەتەوە و لە هەموو قۆناغێکی مێژووییدا داوای گۆڕانکاریان کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ شۆڕشێکی سنووربەزێنی ژنان بە پێشەنگایەتی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکرد، ئەم دروشمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەنگی دایەوە و دەنگەکەی گەیشتە تاران و بەلوچستان و تەبرێز، یەکگرتوویی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ترسێکی قوڵی لە بازنەکانی دەسەڵاتدا وروژاند، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەم شۆڕشە بەرهەمی هێنا، لە تارانیش دەستی پێکردووە و کاریگەرییەکانی لە ئیلام و کرماشاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت و بزووتنەوە پاشایەتییەکان بۆ وێناکردنی داواکارییەکانی گەلی کورد وەک خواستێکی جوداخوازی، هاودەنگی و یەکگرتوویی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەم سیاسەتە بێ ڕەوشتیی پووچەڵ و بێهودە کردووە.

 

لە هەموو ئەو شۆڕشانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی بووە، ژنان هەمیشە لە پێشەنگی خەباتدا بوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی کە لە بنەڕەتدا سێکسیستی و ناسیۆنالیستی بوون و گیەکەمایەتی سەرەکییەکانی بریتی بوون لە ستەم و ڕق و کینە لە ژنان، هەر بەم هۆیەشەوە ژنان بە ئاگاییەوە بوونە پێشەنگی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، ئەوان بە تەواوی لەوە تێدەگەن کە ڕەگی زۆرێک لە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە هەژاری، گەندەڵی، قەیرانی ڕەوشتی و کولتووری، قەیرانی شوناس، لە ژێردەستەکردن و چەوساندنەوەی ژناندایە، ئەوان پێیان وایە تا ژن ئازاد نەکرێت کۆمەڵگە، ئازادی ڕاستەقینە بەدەست ناهێنێت، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها دروشم نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیە کۆمەڵایەتییە قووڵەیە.

 

زۆرێک لە بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان و کوتلە حکومی و ناحکومییەکان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، هەوڵیان داوە ئەم شۆڕشە بچووک بکەنەوە بۆ تەنها پرسی ئازادی جل و بەرگ و لە ڕێڕەوی بنەڕەتی خۆی لایبدەن، لە کاتێکدا کە پرسی جل و بەرگی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەڕاستی کێشەیەکی ڕاستی کە لە ڕێگەیەوە ئازادی ئیرادە و بیرکردنەوەی ژنان سەرکوت دەکرێت، بوونی ژنان بە شێوەی جیاواز جلوبەرگ و لەوانەش ئەوانەی کە باڵاپۆشنین، لە شۆڕشەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و ئەمساڵدا ئەوە نیشان دەدات کە پرسی ژنان زۆر لەو پێناسە ڕەوشتیانەیکە کۆماری ئیسلامی سەپێنراون، درێژدەبێتەوە.

 

ئەو شۆڕشەی لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو دەستی پێکرد، گەڕانەوەی نییە، کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕاوە بۆ ماشێنێکی چەوساندنەوە و کوشتن لە دژی گەلەکەی و بەتایبەتی ژنان و جارێکی دیکە لە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەکەوە کە گیانی سەدان کەسی لە نێویاندا منداڵی لێکەوتەوە، ڕووی فاشیستی توندوتیژانەی خۆی بۆ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بیروڕای گشتی جیهانی ئاشکرا کرد، پچڕانی ئینتەرنێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەوڵێکی ڕوونە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی کۆمەڵگە کە داوای ئازادی دەکەن، بەڵام ئەم دەسەڵاتە هەمیشە بیانووی کوشتن و سەرکوتکردن دەدۆزێتەوە، ڕەنگە چینە دەوڵەمەندەکان کەمتر زیانیان پێ بگات، بەڵام چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، چ لە شەقامەکاندا ئامادەبن یان نا، ڕووبەڕووی جۆرەها چەوساندنەوە، هەژاری، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و مردن بوونەتەوە و بەردەوام دەبن، هەروەها ڕاگرتنی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی" بە واتای مردنێکی فراوانتر و قووڵتر دێت، لەم نێوەندەدا کۆمەڵگە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی ڕوون دەبێتەوە، ژیانێکی ئازاد یان مردنێکی هێواش، مردن لە پێناو ئازادی و شەرەفدا زۆر بەنرخترە لە ژیان لە بێڕێزی و چەوساندنەوەدا، بۆیە نابێت ڕێگە بدەین ئەم شۆڕشە بکوژێتەوە یان داڕوخێت.

 

گومانی تێدا نییە کە گەلی قارەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئێران و ژنە بوێرەکانیان، لە تاران و کەرەجەوە تا ئیلام و کرماشان، لە بەلوچستان و ئەهوازەوە تا تەبرێز و ورمێ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باجێکی قورسیان داوە، ئێستا ئەرکی هەموو کەسێکە کە یادی ئەو کەسانە بە نرخ بزانێت کە گیانیان لە پێناو ئازادیدا کردە قوربانی و پاراستنی ئازار و قوربانیدانەکانیانە، تا ئازادی بەدەست دێت لەگەڵ گەلەکەمان دەوەستین، گەلی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، وەک داننان بەو قوربانیانەی کە بە خوێن و ڕۆحی خۆیان داویانە، شایەنی ئەوەن کە کاروباری خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، ئەو کەسانەی لە ئازار و مەینەتیەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێناگەن، نابێ لە دەرەوە بانگەشەی نوێنەرایەتیان بکەن، نوێنەری ڕاستەقینە دەبێ لە ناخی کۆمەڵگروە سەرهەڵبدات، هەروەها دەبێت هۆشیار و لێهاتوو و سەربەخۆ بن بۆ ئەوەی بتوانن ئازاری خەڵک بپارێزن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

 

هزری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوە پاشایەتیەکان لەسەر نموونەی دەوڵەتی نەتەوەیی و سوپای مەرکەزی، بە دروشمی یەک ئایین و یەک زمان و یەک ئاڵا دامەزراوە، بەڵام جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەوڵەمەندە بە فرەچەشنی و فرەیی، ئەمەش وایکردووە لە ڕێگەی بەڕێوبەرایەتی ناوەندییەوە دەسەڵات مەحاڵ بێت، پشتگوێخستنی ئەم فرەچەشنییە، زەمینە خۆش دەکات بۆ قەیرانەکانی داهاتوو، تەنانەت ڕاپەڕین و شۆڕشەکانیش، چونکە گەلانێک کە لە مێژە تووشی پەراوێزخستن بوون، چیتر بەرگەی دووبارەبوونەوەی ئەم دۆخە ناگرن، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەو ئازایەتییەی کە بە درێژایی مێژوو نیشانیان داوە، ئەمڕۆش لە ڕێگەی پاراستنی مافەکانیانەوە، لە درێژەدان بە خەبات بۆ ژیانێکی ئازاد و حکومەتێکی گەل بە ڕوانگەیەکی ژنانەوە، بە توانا ماونەتەوە.

 

لە درێژەدان بەم شۆڕشەدا، هاوکاری و ڕێکخستنی بەکۆمەڵ لە لیژنە و بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە شەقامدا، پێویستییەکی دڵنیاییە، وریایی لە کاریگەری توخمە هەلپەرستەکان و سیخوڕەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دروشم و ڕەوتانەی کە هەوڵی هاندانی دەنگۆ و بەرهەمهێنانەوەی وتاری پاشایەتی دەدەن، گرنگییەکی سەرەکیی هەیە، بە تایبەتی دەبێت وریایی لە بەرامبەر سیاسەتی دابەشکاری نێوان ناوەند و ناوچە پەراوێزییەکانی وەک بەلوچستان و کوردستان بپارێزرێت، وەک چۆن ژنان و هاوڵاتیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە بێ قبووڵکردنی هیچ هەڵاواردنێکی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، خواستی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی ئازادی و مافەکانیان نیشان دا، ئەمڕۆش بە سەرکردایەتی ژنان و بە درێژەدان بەم دروشمە، دەتوانرێت ئەم سیاسەتە بێ ڕەوشتیانە بێلایەن بکرێن، تاران و تەبرێز و بەلوچستان و خوزستان و کوردستان تەنها بەیەکەوە ئازادی خۆیان بەدەستدەهێنن، چونکە ئازادی تەنها بە بەشێک لەو خەڵکەی کە داوای دەکەن بەدی نایەت، گومانی تێدا نییە کە ژیانێکی ئازاد مافی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە و سەرکەوتنیش نزیکە.