شەپۆلی ڕفاندن و توندوتیژی لە کەناراوەکانی سووریا

سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کەناراوەکانی سووریا ڕفێندراون کە ژمارەیەکی زۆریان ژنن، هەروەها حاڵەتی هاوشێوەی ڕفاندن لە شارەکانی حەما و حومس تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سایەی بەردەوامی نائەمنی ناوچە کەنارییەکانی سووریا و بەردەوامی توندوتیژی، دوای ڕفاندنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی، قسەی ڕق و کینە و هاندانی تائیفی بڵاوبووەتەوە و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی ئەم ناوچەیەدا زیادی کردووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی هەندێک سەرچاوەی خۆجێی، حاڵەتەکانی ڕفاندن لەناو کەسانی سەر بە کۆمەڵگەی عەلەوییەکان لە شار و گوندەکانی کەناراو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هەروەها ڕێژەی ئەم ڕووداوانە لە هەر شارێکدا بە تێکڕا گەیشتووەتە ٢٠ حاڵەت لە ڕۆژێکدا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەو ناوچانە شاهیدی لەسێدارەدانی گرووپێک بوون کە بە "پاشماوەکانی ڕژیم" ناسراون.

 

بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوای پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەناراوەکانی سووریا، زیاتر لە هەزار و٥٠٠ کەس کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کۆمەڵگەی عەلەوییەکان بوون، لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان گرووپی جیهادیی "تەحریر شام" و گرووپێک بە ناوی "فلول نیزام" کوژراون.

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تا ئێستا ٢٥ حاڵەتی کوشتنی بەکۆمەڵ لەو ناوچانە بەڵگەدار کراوە و ناوی دوو هەزار و ٢٤٦ قوربانی تۆمار کراوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی عەلەوییەوە، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە. هەروەها ٤٢ کەسی دیکە لە هۆزەکانی دیکە بەهۆی دەربڕینی هاوسۆزی و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی خەڵکی سڤیل کوژراون. جگە لەوەش ژمارەی دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتدا بەڵگەدار کراوە.

 

شەپۆلێکی نوێی ئاوارەیی و نادڵنیایی بۆ هەزاران کەس

دوابەدوای ئەم توندوتیژییە و کوشتاری بەربڵاو، شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون لەو ناوچانە دەستیپێکردووە. ئەم ململانێیانە تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زوو تێپەڕ نەبوون، بەڵکو ڕەهەندی تائیفییان هەبووە و بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە هەزار کەس. لە ئێستادا چارەنووسی سەدان کەسی ڕفێنراو نادیارە و دەیان تەرم لە نەخۆشخانەکانی کەنارەکانی سووریا ماونەتەوە بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان بتوانن بێنە کۆکردنەوەیان.