شەپۆلی بێوێنەی سەرکوت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران کەشوهەوای دوای جەنگ و داخستنی ئینتەرنێت و کەمبوونەوەی سەرنجی نێودەوڵەتی دەقۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی سەرکوتی ناوخۆیی و ئەنجامدانی لەسێدارەدانی سیاسی و دۆسیەی ئەمنی ئاشکرا دژی خۆپیشاندەران.
ناوەندی هەواڵ
لە نێوان بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان کە لە شەڕ و ئاگربەستی سستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕاپۆرتەکانی شارە جیاوازاەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ئاماژە بە پەرەسەندنی بێوێنەی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و فشار بۆ سەر خێزانی زیانبەرکەوتووان، جگە لە زیادبوونی سزای توند لە دژی ژنان و خۆپیشاندەران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران کەشوهەوای دوای شەڕ و سنووردارکردنی بەربڵاوی ئینتەرنێت و کەمبوونەوەی سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ چڕکردنەوەی سەرکوتی ناوخۆیی و دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ڕێوشوێنی ئەمنی و دادوەری لەسەر ئاستی وڵات دەقۆزنەوە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی لەسێدارەدان بە پاڵنەرە سیاسییەکان.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا, ڕاپۆرتەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە وردی باس لە شەپۆلێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن، گواستنەوەی نهێنی گیراوان، هەڵکوتانە سەر ماڵی هاوڵاتیان، سەپاندنی بڕە پارەی زیادەڕۆیی بە کەفالەت، جێبەجێکردنی سزای شەق لێدان و زیادبوونی فشار بۆ سەر زیندانیانی ژن دەرکەوتووە، ئەم ڕاپۆرتانە هەروەها کوژرانی هاوڵاتیانی بەلووچ لە شارەکانی مەشهەد، سەبزوار، زاهیدان، ئێرانشهار، ساوە، تاران، ساری، شیراز، سمنان، ورمێ، قوم، کەرەج، یاسوج، ئیسلامشار، نیکشار، لار، مهاباد، میاندۆب، بەندەر عەباس، قزلحسار کەرەج، دهدشت، کازەرون، و ئەوانی تر.
پەرەسەندنی سەرکوت لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە نێو کەشوهەوای دوای شەڕ و قەیرانە ناوچەییەکان، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەستبەسەرکردن، هەڕەشە، هەڵبەستنی دۆسیەی ئەمنی و سەپاندنی سزای توندەوە هەوڵی بێدەنگکردنی هەموو دەنگێکی ناکۆکی دەدات، ئەم سیاسەتە بە تایبەتی ژنان و خێزانی زیانبەرکەوتووان و زیندانیانی سیاسی و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکاتە ئامانج.
هەروەها زۆرێک لە لەسێدارەدانەکان بە نهێنی و بەبێ ڕاگەیاندنی گشتی ئەنجام دەدرێن و زۆرجار خێزانەکان فشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن لە ڕەوتی کەیسەکان یان شوێنی ناشتنی زیانبەرکەوتووان بێدەنگ بن.
لە دوایین حاڵەتدا، خوێندکارێکی دەرچووی ئەندازیاری فڕۆکەوانی بە تۆمەتی "هاوکاری هەواڵگری لەگەڵ مۆساد و سی ئای ئەی" لە سێدارە درا، چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەم کەیسە پێوەری دادگاییکردنی دادپەروەرانەی نەبووە، وتیان دانپێدانانەکانی تۆمەتبار لە ژێر زۆرەملێ و لێکۆڵینەوەی ئەمنیدا دەرهێنراون.
هاوکات نیگەرانییەکان لەبارەی ئەگەری سزای لەسێدارەدان بەسەر ژمارەیەک زیندانی سیاسیدا، بەتایبەتی ئەوانەی لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکدا دەستگیرکراون، لە زیادبووندایە، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە تۆمەتەکانی وەک "دوژمنایەتی دژی خودا"، "سیخوڕی" و "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" لە چەند مانگی ڕابردوودا بوونەتە ئامرازێک بۆ دەرکردنی سزای توند و دروستکردنی کەشوهەوای تۆقاندن.
هەروەها دەزگای قەزایی لە کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی بەلووچی کە تۆمەتبارە بە سەر بە گروپی ئەنسارولفورقان و بەشداری لە هێرشە چەکدارییەکان بۆ سەر بارەگا ئەمنییەکان، ڕاگەیاند، بەپێی وتەی دەسەڵاتی دادوەری، سزاکە لەسەر بنەمای "دانپێدانان" و بەڵگەنامە ئەمنییەکان بووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە لە بەکارهێنانی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئەمنی و دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگایی نەکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکانی سزای لەسێدارەدان بەتایبەتی ئەوانەی کە هاوڵاتییانی بەلووچی تێیدا بەشدارن.
زیندانیانی ژن ڕووبەڕووی فشاری ئەمنی و کەفالەتی زۆر دەبنەوە
یەکێک لە ڕاپۆرتە هەرە دیارەکانی سێ ڕۆژی ڕابردوو تایبەتە بە بارودۆخی زیندانیانی ژن لە باڵی ئەمنی زیندانی وکیل ئاباد لە مەشهەد، زیندانییەکان ئەم باڵە بە "باڵی سەرکوت" پێناسەی دەکەن و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بە لانیکەم ٣٠ ژن کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکراون لەوێ ڕاگیراون.
زۆرێک لەو ژنانە ماوەی چەند مانگێکە لە دەستبەسەری پێش دادگاییکردندا ڕاگیراون و سەرەڕای فەرمانی ئازادکردن، خێزانەکانیان ناتوانن ئەو بڕە پارە زۆرە بدەن کە بگاتە ملیارەها تمەن، چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئەم کارە بە "بارمتەگرتنی دادوەری" پێناسە دەکەن، کە بە وتەی خۆیان بۆ ماندووکردنی دەروونی زیندانییەکان و خێزانەکانیان بەکاردێت.
لە نێو ئەوانەی دەستگیرکراون، سیما ئەنبای فەریمانی، شاعیر و شانۆکاری دانیشتوی فەریمان، ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک "سەرکردایەتیکردنی ناڕەزایەتییەکان" و "هەڵسوکەوتکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی" دەبێتەوە، سەرچاوەکان وتیان: ئە ژنە زیاتر لە دوو مانگ بە حەشارگەی ژیاوە، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت.
بی بی زەهرا موسەوی تەمەن ٢١ ساڵ کە هاوکات دانیشتوای فەریمانە، چوار مانگی لە زیندانی تاکەکەسیدا بەسەر بردووە، ئەوانەی نزیکین لێیەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو تاکە بژێوی خێزانەکەی بووە و دەستگیرکردنی ئەوانی خستۆتە ناو سەختییەکی دارایی قورسەوە.
زەینەب مووسەوی ناسراو بە "ئابان" و براکەی ڕووبەڕووی تۆمەتی "دوژمنایەتی لە دژی خودا" دەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترس و دڵەڕاوکێی زیاتر لە ئەگەری سزای لەسێدارەدانن کە بەسەریاندا بسەپێندرێت، چالاکوانانی مافی مرۆڤ وتی: بەکارهێنانی تۆمەتی "دوژمنایەتی دژی خودا" بەرامبەر خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها زۆرێک لەو دۆسیانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێیە.
لە هەمان بەشی مەهسا بەهادۆری تەنها بەهۆی داگیرساندنی مۆمێک لە گۆڕی زیانبەرکەوتووانی ناڕەزایەتی دەستگیرکرا، لە کاتێکدا ئازر یاهوو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" دەستبەسەرە.
سەبارەت بە خوشکەکان، ئاسیا نەعیمی و عادلە نەعیمی، تەنها بەهۆی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە کەناڵێکی مانگی دەستکرد دەستگیرکراون، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئاسیا دوای دەستگیرکردنی تووشی تێکچوونی توندی دەمارەکان بووە، لە کاتێکدا، عادلە پێشینەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکی هەیە، دۆخی تەندروستی تێکدەچێت.
هەروەها مرزیە مەشهەدی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تووشی خەمۆکییەکی توند بووە و سەرچاوە نزیکەکانیش باس لەوە دەکەن، کە فشارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە و ماوەی چاوەڕوانی درێژخایەندا باری دەروونیی توندتر کردووە، منداڵێکی کچی تەمەن ١٨ ساڵ نزیکەی چوار مانگ بە تۆمەتی "هێرشی ترش" دەستبەسەر کراوە، ئەو تۆمەتانەی خێزانەکەی دەڵێن هەڵبەستراون.
ژنێک بە ناوی "ئازادە" بەهۆی تاتۆیەکی عیبری لەسەر ملی، فشاری توندی لێکۆڵەران دەخرێتە بەردەمی، فاتمە ڕزوانیفر هەر لە زیندان ماوەتەوە، چونکە خێزانەکەی توانای دابینکردنی بارمتەی زیادەڕۆیی نییە.
سەبارەت بە نەجمە ئەمینی، خوێندکاری زانکۆی تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای ئەوەی لە بازاڕی فیردەوسی مەشهەد بە توندی لێیدرا، دەستبەسەر کرا، ئێستا ئەو ژنە گەنجە ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک "دوژمنایەتی دژی خودا" و "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" بووەتەوە، ئەو تۆمەتانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە دەتوانن ببێتە هۆی سزای لەسێدارەدان.
بەردەوامی فشار لەسەر کەسوکاری زیانبەرکەوتووان کە داوای دادپەروەری دەکەن
لە شاری سەبزێوار، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ئاهەنگی لەدایک بوونی ئەبولفەزل پیدار، یەکێک لە زیانبەرکەوتووانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووە.، ڕێگرییان لەو بۆنەیە کرد و چەندین ئەندامی خێزانەکەیان دەستبەسەر کرد، لە نێو ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، فەرزانە پەروانە، ئیلهام پەروانە و کەسوکاری دیکەی زیانبەرکەوتووەکە بوون، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەستگیرکردنەکان بە توندوتیژی ئەنجامدراون، هەروەها دەستگیرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی تربات حەیدەری، لەوێش ڕێگەیان پێنەدراوە دەستیان بە ڕاوێژکاری یاسایی و پەیوەندی بێ سنوور لەگەڵ خێزانەکانیان هەبێت.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ وتیان، لە چەند مانگی ڕابردوودا فشار لەسەر کەسوکاری زیانبەرکەوتووان زیادی کردووە کە داوای دادپەروەری دەکەن، هەروەها دەسەڵاتداران بۆ ڕێگریکردن لە یادکردنەوەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون، گرتن و هەڕەشە بەکاردەهێنن.
لە هەڵکوتانە سەر شەوانە تا کوشتنی دەرەوەی دادوەری
لە زاهیدان، هێزە ئەمنییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین هەڵمەتیان لە ناوچەکانی شیراباد، کەریماباد و بەعس ئەنجامداوە، دانیشتووان وتیان: ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان شەوانە دەچنە ناو گەڕەکەکان و بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن لە ماڵەکاندا دەگەڕێن و گەنجانی بەلووچ دەگرن یان هەڕەشەیان لێدەکەن.
لەم هەڵمەتانەدا، دەستی بەسەر ئامێرەکانی ئینتەرنێتی ستارلینکدا گیرا، چەند هاوڵاتییەکیش تەنها بەهۆی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە دەستگیرکران، خێزانی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون وتیان: هیچ زانیارییەکمان نییە لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان.
هاوکات چوار هاوڵاتی بەلووچ لە ئێرانشهار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژران، سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوای وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکە، کارمەندانی ئاسایش لە دووری نزیکەوە تەقەیان لە سەرنشینەکان کردووە بۆ دڵنیابوون لە مردنیان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئۆتۆمبێلەکە دوای تەقەکردنەکە گڕی گرتووە، هێزە ئەمنییەکانیش ڕێگرییان لە نزیکبوونەوەی دانیشتووان لە شوێنی ڕووداوەکە کردووە.
چالاکوانانی بەلووچ ئەم ڕووداوە بە نموونەیەکی ڕوونی کوشتنی دەرەوەی دادوەری پێناسە دەکەن، هەروەها زۆرجار خێزامی زیانبەرکەوتووان فشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی نەتوانن وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکەن.
گواستنەوەی نهێنی زیندانییەکان و پەرەسەندنی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ
هەروەها چەندین ڕاپۆرتی گواستنەوەی زیندانییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان بڵاوکراونەتەوە، کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە جۆرێک لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەزانن، ئەکرەم دانشورکار و عەزام دانشورکار خوشکی زیندانییەکی سیاسی کە لەسێدارە دراوە، لە زیندانی قەرتشاکەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندی و زانیارییەک لەسەر شوێنیان نەبووە.
لە ورمێ زیندانییەکی سیاسی دوای چەند هەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی لە زیندانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیەتی گواسترایەوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، لە قەزلحسار، کەرەج، نزیکەی ١٠٠ دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردوو گواسترانەوە بۆ بەشی ٣٧ کە بەپێی زانیارییەکان قەرەباڵغییەکی زۆری تێدایە و پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکاندا سنووردار دەکات و بەدەست بارودۆخی دەستبەسەرکردنی زۆر خراپەوە دەناڵێنێت.
بەردەوامی فشار لەسەر بەهایی و چالاکوانانی مەدەنی
لە شاری ساری، ڕۆمینا کیلی، هاوڵاتی بەهایی دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەستگیرکرا و بە فەرمانی دەستبەسەرکردنی کاتی گواسترایەوە بۆ زیندان، لەکاتی دەستگیرکردنیدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر پەرتوکە ئاینییەکان و ئامێرە دیجیتاڵییەکانیدا گرتووە.
لە شاری سمنان، ئەنیسا فەنائیان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزای هەشت ساڵ زیندانی دووبارە دەستگیرکردەوە، چالاکوانانی مافی مرۆڤ وتیان: لە چەند مانگی ڕابردوودا، فشارەکان لەسەر هاوڵاتیانی بەهایی زیادی کردووە و زۆرێکیان ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکان و سزای توند و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خۆیان بوونەتەوە.
لە شیراز و کازەرون، مریەم داریسی ڕووبەڕووی سزای نوێی زیندانیکردن و قام:ت لێدان دەبێتەوە، پێشتر چەند جارێک دەستگیرکراوە، هەروەها دووبارە کردنەوەی دۆسیەکان لە دژی بەشێکە لە سیاسەتی "پەتکردنی دادوەری" کە ئەو ژنانە دەکاتە ئامانج کە ناڕازین.
سوهەیلا حیجاب تا ئێستاش لە زیندانی کجویی شاری کەرەج لە دۆخی یاساییدا دەستبەسەرە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو ژنە ڕێگری لێدەکرێت لە پەیوەندیکردن بە پارێزەرەوە و بەردەوامە لە تووشبوون بە کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکان بەهۆی دەستگیرکردنی پێشوویەوە.
سەرکوتکردن لە نێوان بێدەنگی نێودەوڵەتیدا
چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە سەرکوتی ناوخۆیی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان دانوستانە سیاسییەکان و پێشهاتە ناوچەییەکان پەراوێزخراوە، وتیان: کۆماری ئیسلامی کەشوهەوای شەڕ و پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت و کەمکردنەوەی سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکان بۆ چڕکردنەوەی لەسێدارەدانەما و فراوانکردنی هەڵمەتەکانی دەستبەسەرکردن و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان دەقۆزێتەوە.
ئەم ڕێکخراوانە پێیان وایە بەردەوامی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێ زەمینە بۆ لەسێدارەدانی زیاتر بە پاڵنەری سیاسی و زیادبوونی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و بەرزبوونەوەی فشار بۆ سەر زیندانیانی ژن، خێزانی زیانبەرکەوتووان داوای دادپەروەری و کەمە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆش بکات.