شەنگالییەکان لە دژی هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان ڕێپێوانیان ئەنجامدا

هاوڵاتیانی شەنگال لە ڕێپێوانێک ناڕەزایەتییان دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی.

شەنگال

 

هاوڵاتیانی شەنگال لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان ڕێپێوانیان ئەنجامدا، هاوڵاتیان لە بەردەم ئەنجومەنی گەلی سنونێ کۆبوونەوە و هەتا چوارڕیانی سنونێ ڕێپێوانیان کرد، لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، سەبیحە سەبری بەیاننامەی خوێندەوە.

 

ڕەیحان خدر ژنێکی گەنجی بەشداربووی ڕێپێوانەکە ئاماژەی بەوەدا: ئێمە وەک گەلی شەنگال داگیرکاری وڵاتەکەمان قبوڵ ناکەین، جیاوازی شەنگال و ناوچەکانی دیکەی باشور نییە و داگیرکاری لە کام ناوچەدا بێت ئێمە دژی دەوەستینەوە.

 

ئەندامی بەڕێوەبەری گەنجانی شەنگال، سارا بۆتان وتی: وەکو ژنانی گەنج لە دژی داگیرکاری خاکەکەمان دەوەستینەوە و ئێمەی گەنجانی شەنگال ئامادەین لە باشوردا دژ بە داگیرکاری شەڕ بکەین.

 

ئەندامی تاژێ هەنا ئیلیاس پشتیوانی لە گەریلا کرد و وتی: دەوڵەتی تورکیا هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر وڵاتەکەمان، ئێمە بە چالاکییەکانمان لە دژی داگیرکاری دەوەستینەوە.

 

ت.پ