شەمس عەنتەر: ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان هەیە لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا
شەمس عەنتەر، چالاکوانی مافی ژنان ڕایگەیاند، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بونیادنانەوەو پەرەپێدانی کۆمەڵگەدا ئەگەر ڕێگری لە ژنان بکرێت لە بەشداریکردن لە چالاکییە کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگری لە ڕۆڵی ژنان بکرێت، ئەوا کۆمەڵگە بوونی نامێنێت.

ئەسما محەمەد
قامیشلۆ-ژنان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکەوتنی زۆریان لە بواری پیشەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەدەستهێناوە، هۆکاری ئەم سەرکەوتنانە خەباتی ژنانە بۆ زانین و هۆشیاری بۆ کولتوور، ژنان لە دژی ئەو ئاستەنگە پاشەکشەیانەی کە لە کۆمەڵگەدا بەسەریاندا سەپێندرابوون، خەباتیان دەکرد و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا ڕۆڵی کارایان دەگێڕا.
شۆڕشی ڕۆژئاوا: بەهاری خەونی ژنان بەدی دێت
شەمس عەنتەر، چالاکوانی مافی ژنان و چیرۆکنووس سەرنجی بۆ ئەو ماف و دەستکەوتانە ڕاکێشا کە ژنان لە ڕێگەی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بەدەستیانهێناوە و وتی: لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەموو بوارەکاندا، بە پلەی یەکەم لە بوارەکانی سیاسی و کولتووریدا مافیان بەدەستهێنا. ئێستا بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری سەرجەم دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دەکەن.
شەمس عەنتەر ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هەموو ئەمانە، تەڤگەری ژنان لە هەموو جیهاندا فشاریان لەسەرە و دەوڵەتانی سەرمایەداری هەوڵدەدەن ژنان بێدەسەڵات بمێننەوە، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە زۆر شوێنی جیهاندا سیستمەکان لە تەڤگەرەکانی ژنان دەترسن و هەوڵدەدەن ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا لەناوببەن، سیستمی سەرمایەداری هەوڵدەدات ژنان بخاتە دۆخێکی پاسیڤەوە و فەزای خەباتیان سنووردار بکات.
شەمس عەنتەر ئاماژەی بەوەدا کە بەشداریی لە کۆنفرانسی بزووتنەوە سیاسییەکان کردووە کە لە شام بەڕێوەچوو، جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکردن لەسەر مافەکانی ژنان گرنگە بۆ داهاتووی سووریا، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو حکومەتە کاتیەی لە سووریا دامەزراوە نازانێت چۆن لە مافەکانی ژنان نزیک دەبێتەوە، بەڵام دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئیرادەی ژنان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان هیوامان پێدەبەخشێت، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە سووریای نوێدا.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە سووریای نوێدا
شەمس عەنتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی مافەکانی ژنان لە سووریای نوێدا پێشێل بکرێن و وتی: ژنان ترسی ئەوەیان هەیە حکومەتی نوێ لە بوارەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتیدا ڕێگریان لێبکات، بەڵام هەرچییەک بێت، دەبێت ژنان بەردەوام بن لە خەبات بۆ ئازادی خۆیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، پێویستە لە هەموو بوارێکدا جێگەی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەهێز بێت، پێویستە ژنان لە هەموو بوارێکدا جێگەی خۆیان بگرن، ژنان لە باکووروو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە هەموو ڕوویەکەوە دەسەڵاتی زیاتریان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەر ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور بخرێنەوە؛ "هەموو کۆمەڵگە ئازار دەچێژێت و لەناو دەچێت.
خەبات مەرجێکە بۆ ژیانێکی ئازاد
شەمس عەنتەر، چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، پێویستە ژنان هەمیشە خەبات بکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان و ڕۆڵێکی کارا لە کۆمەڵگەدا بگێڕن و وتی: ژنان لە هەموو شوێنێک پێویستە خۆیان پەروەردە بکەن، خوێندنەوە و نووسین یەکێکە لە ڕێگاکانی دەربڕینی هەستەکان. بەم شێوەیە ژنان دەتوانن دەستیان بە بیرۆکە جیاوازەکان بگات و پاڵپشتی کۆمەڵگە بکەن و پێشنەگایەتی بکەن بۆ ئاشتی بە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا.
شەمس عەنتەر لەم دواییانەدا باسی لەوەکرد کە پەروەردە و سیاسەت و خەبات بۆ ئازادی زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە، هەروەها پێویستە ژنان بە پاراستنی مافەکانی پێشبکەون وتی: کۆمەڵگەیەک بەبێ ژن هەرگیز تەواو نابێت و پێشکەوتن نابێت.