بۆچی ژنان لە گۆرانی وتن دوور دەخرێنەوە؟
فشار لەسەر گۆرانی وتنی ژنان لە ئێران هەمیشە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بووە و لەم ڕۆژانەدا داخستنی لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتی گۆرانیبێژانی ژن لە لایەن دەسەڵات و دەزگاکانی ئیتلاعاتەوە درێژەپێدەری ئەم فشارەیە کە ئامانج لێی پێشگرتنە لە چالاکییە هونەرییەکانیان.

ئازین بەهمەنی
سنە- ژنان گەورەترین پارێزەری کولتووری میللەتێکن، هەروەها مۆسیقا بەشێکی گرنگی کولتوور و بوونی نەتەوەیەکە، ڕژێمی ئێران لەبری پشتیوانیکردنی ژنان لە بواری مۆسیقا و دابینکردنی کەش و هەلومەرجی گونجاو بۆ ئەو سەروەت و سامانانە، هەوڵی لەناوبردنی بەهرەکانیان و بێدەنگکردنی دەنگیان دەدات، ژنە گۆرانیبێژەکان لە ئێران ڕووبەڕووی بەرزترین پلەی سانسۆر دەبنەوە، ژنان مافی ئەوەیان نییە لەبەردەم خەڵکدا گۆرانی بڵێن، کۆنسێرتی تێکەڵاو بۆ ژنان ئەستەمە، گۆرانی وتن لە فەزای ئەلیکترۆنیدا قەدەغەیە و هەزار سانسۆری دیکە کە بە باشترین شێوە نایەکسانی جێندەری و ڕێساکانی زاڵ بەسەر پیاوان لە ئێراندا دەردەخەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی لابردنی پەیجی مەجازی گۆرانیبێژانی ژن بووین لە لایەن پۆلیسەوە، کە چاودێری شوێنەکە دەکەن، بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی. ئەو پەیجانەی کە ژنان ساڵانێکە چالاکن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و نمایشکردنی هونەرەکەیان و بەدەستهێنانی پشتیوانی گشتی. ئەم چالاکییە هیچ مەترسییەک بۆ سەر حکومەت و یاساکانی دروست ناکات، بەڵام پێدەچێت ئامانجی حکومەت لەناوبردنی ڕۆح و دەروونی ژنان و لەناوبردنی ئومێدەکەیان بێت.
ژنان بە گۆرانی وتن نەک هەر سۆز و بەهرەی خۆیان دەچێنن، بەڵکو لە دژی یاساکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو ستەم و توندوتیژییەی کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، خەبات دەکەن، چاودێریکردنی پەیجە شەخسییەکان و سڕینەوەیان بە بیانووی وەک نەبەستنی حیجاب یان هاوکاری لەگەڵ مۆسیقاژەنی پیاو، ڕێگریکردن لە کارکردنیان لە فەزای ئەلیکترۆنی و جیهانی ڕاستیدا، لە سنووردارکردنی گۆرانیبێژانی ژنە لە ئێران و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. چالاکییەکانی ژنە گۆرانیبێژان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوە تایبەتەکانە،حکومەت ڕێگەیان پێنادات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە درێژایی مێژوو، ژنان لە ڕێگەی گۆرانییەوە ئازار و ناڕەزایەتی و خۆشەویستی و پەیامەکانی خۆیان بۆ نەوەکانی داهاتوو گواستۆتەوە، هەروەها دۆخی مێژوویی و جوگرافیای گەلانیان لە کاتە دیاریکراوەکاندا گێڕاوەتەوە، بۆیە مۆسیقا بۆ ژنان تەنیا هونەر نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی شێوازی ژیانیشە.
بەشێکی گەورەی مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی کوردستان مۆسیقای ناڕەزایەتییە، لە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەندێک ستایل تایبەت بوون بە ژنان و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و دەربڕینی مەرجە هەبووەکان بەکارهێندران، پێگەی ژن، یاساکانی پیاو، جیاکاری ڕەگەزی، چینایەتی و نەتەوەیی حکومەت و کۆمەڵگەکان، هەموویان لە ڕێگەی گۆرانییە جۆراوجۆرەکانی ژنانەوە دەربڕدراون (کە لە هەر ناوچەیەکدا بە جۆرێک لە جۆرەکان بوونیان هەبووە) و هەندێکیان بە شێوەی زارەکی بۆ نەوەکانی دواتر گواستراونەتەوە، لە ڕێگەی ئەم گۆرانیانەوە ئاشنا بووین بە بەشێک لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان، هەر لەبەر ئەمەشە کە مۆسیقا و ژن پەیوەندییەکی ئەبەدییان هەیە و زمانی مۆسیقاش زیاتر زمانێکی ژنانەیە.
بەڵام ئێستا لەم خاکەدا دەیانەوێت ژن لە مۆسیقا دووربخەنەوە، ئەو ژنەی منداڵەکەی بە (لایلایە) دەخەوێنێت، بە (هورا) باسی نایەکسانی دەکات، بە (بەرتونات) خۆشی و ناخۆشی خۆی دەردەبڕێت، بە گورانی ئازارەکانی خۆی دەردەبڕێت، بە (بالۆر) تەبایی لەگەڵ ژنانی دیکە ئەزموون دەکات.
هەوڵەکانی ڕژێم بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە مۆسیقا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات و ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە لە دڵی گۆرانیبێژان و مۆسیقاژەنان و مۆسیقادۆستاندا دەچێنێت، وەک بەربەستێکی کاتی وایە، کە بە داخستن و هاککردنی ئەو پەیجانە ناچالاک دەکرێن، ئەم ژنانە چەندین جار لەناوچوون و پەراوێزخراون، بەڵام دووبارە و سێبارە گەڕاونەتەوە سەر شانۆ بوونی خۆیان پاراستووە.