شلێر مام‌ قادری سەرەڕای تووشبوونی بە شێرپەنجە لە چارەسەر بێبەشکراوە

زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی مهاباد بەناوی شلێر مام قادری ٤٣ ڕۆژە دەستبەسەرە کە توشبووی شێرپەنجەیە و لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیندانییانی سیاسیی ژن لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەیان ساڵە دەچەوسێندێنەوەو کۆڵبەرنیوز سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ژنێکی زیندانیی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: شلێر مام‌ قادری، دوای تێپەڕبوونی ٤٣ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران، لەژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەییدایە و سەرەڕای توشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک بە تەواوی لە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەم ڕۆژانەی دواییدا بەهۆی قورسیی ئەشکەنجەکانەوە تووشی شکانی ئێسک و خوێنبەربوونی ناوەکی بووە، بەو هۆیەوە لەژێر چاودێریی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندانی ورمێ گواسترایەوەو نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام بەرلە تەواوبوونی قۆناغی چارەسەرەکە، گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندان.

 

باس لەوەشکراوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران لە تەواوی ئەم ٤٣ ڕۆژەدا، تەنیا ڕێگەیان بە یەک پەیوەندی کورت و چەند چرکەیی داوە، شلێر بە تەواوی لە مافی بینینی دوو کچەکەی کە یەکێکیان منداڵێکی ساوایە و تەنها سەرپەرشتییان دایکیانه، پەیوەندی لەگەڵ خانەوادەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراوە، ئەمەش نیگەرانییەکی قوڵی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دروستکردووە.

 

جێی ئاماژەیە، شلێر مام ‌قادری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا لە ٢٠٢٥ بە شێوازێکی دڕندانە لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرا و بەهۆی لێدانەوە قاچی شکا، کە دواتر بە بارمتەی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا هێزە ئەمنییەکان دووبارە هێرشیان کردەوە سەر ماڵەکەی و بەبێ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان دەستبەسەریان کردەوە، ئەم ژنە زیاتر لە ساڵێکە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و پێویستی بە دەرمانی کیمیاییە، بەڵام ئێستا دەرمانەکانی لێ زەوت کراوە.