"شەکرەی دووگیانی هەڕەشە لە تەندروستی ژنانی ڕاپەڕین دەکات"

لە میانەی سیمپۆزیۆمێکی زانستیدا لە شاری ڕانیە، پسپۆڕێکی بواری پەرستاری و مامۆستای زانکۆ وتی: ڕێژەی تووشبوونی ژنان بە نەخۆشی شەکرە لە کاتی دووگیانیدا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

ڕانیە 

 

 لە هۆڵی پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی فام لە شاری ڕانیە، بە بەشداربوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، سیمپۆزیۆمی زانستیی "هەنگاوێك بەرەو کۆنتڕۆڵ، ژیانت باشتربکە لەگەڵ نەخۆشی شەکرە" بەڕێوەچوو. ئەم چالاکییە بە هەماهەنگی لەنێوان کۆلێژی پەرستاری زانکۆی راپەڕین، بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی، تاوەری تەندروستی سمارت و پەیمانگەی فام ڕێکخرابوو.

 

هەڵکشانی ئامارەکان و مەترسی لەسەر ژنانی دووگیان

لە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیمپۆزیۆمەکەدا پزیشک ڕێناس محەمەد، مامۆستا لە کۆلێژی پەرستاری زانکۆی ڕاپەڕین، تیشکی خستە سەر بابەتی "شەکرەی دووگیانی" و وەک پرسێکی تەندروستی هەستیار خستیەڕوو وتی: بەداخەوە ئامارەکانی ئێستا دەرخەری ئەوەن کە تووشبوونی ژنان بە نەخۆشی شەکرە لە ماوەی دووگیانیدا ڕووی لە زیادبوونە، ئەم دۆخەش پێویستی بە هەڵوێستەی جدی و ئەنجامدانی توێژینەوەی ورد هەیە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارە شاراوەکان.

 

ژینگە و نەبوونی شوێنی وەرزشی؛ بەربەست لەبەردەم ژنان

سەبارەت بەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ژنانی دەڤەرەکە دەبنەوە، پزیشک ڕێناس ئاماژەی بەوەدا کە دۆخی کۆمەڵایەتی و ژینگەی ناوچەکە ڕەنگە بۆ هەموو ژنێک لەبار نەبێت تاوەکو ڕێکارە ستراتیژییەکانی خۆپارێزی پەیڕەو بکەن.
ئەو پسپۆڕە وتی: "یەکێک لە کێشە گەورەکان نەبوونی شوێنی تایبەت و گونجاوە بۆ وەرزشکردنی ژنان، جگە لەوەش کەمی هۆشیاری تەندروستی سەبارەت بە شێوازی خۆراکی دروست، وایکردووە ژنانی ڕاپەڕین دەرفەتی کەمتریان هەبێت بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە.

 

بێبەشبوونی ژنانی گوندنشین لە خزمەتگوزارییەکان

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر نادادپەروەری لە دابەشبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ڕوونیکردەوە، هەرچەندە لە ناوەندی شاری ڕانیە دوو بنکەی تەندروستی نموونەیی بۆ چاودێریکردنی دایکانی دووگیان بوونیان هەیە، بەڵام ئەمە بەس نییە کێشە بنەڕەتییەکە لەوەدایە کە زۆرینەی دایکان، بەتایبەت ئەوانەی لە گوندەکان و ناوچە دوورەدەستەکان دەژین، بەهۆی دوری ڕێگا و نەبوونی ئیمکاناتەوە دەستیان بەم سەنتەرانە ڕاناگات و بێبەشن لە چاودێری پزیشکی پێویست.

 

داواکاری بۆ پلانی ستراتیژی

لە کۆتایی قسەکانیدا پزیشک ڕێناس محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە دەرەنجامی ئەم سیمپۆزیۆمە تەنها قسەکردن نەبێت، بەڵکو دەبێت پلانی کردەیی و ستراتیژی بەدوادا بێت، داواشیکرد کە هۆشیاری تەندروستی بگەیەنرێتە هەموو ماڵێک و پلانی تایبەت دابنرێت بۆ هاوکاریکردنی ئەو دایکانەی لە کاتی دووگیانیدا تووشی شەکرە دەبن، بەتایبەت ئەو ژنانەی لەڕووی جوگرافییەوە لە خزمەتگوزارییەکانەوە دوورن.