شێخ مەقسودو ئەشرەفیە؛ قەڵای بەرخۆدان لەژێر گەمارۆی بێدەنگیی جیهاندا

سەروین جەلال، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژن لە قەندیل و لاڤان حەمەدەمین، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل دەڵێن: سەرەڕای ئەوەی ژنان و منداڵان و گەنجان دەکرێنە قوربانیی ئەم سیاسەتە قێزەونە، بەڵام ڕۆژئاوا ئیرادەی پۆڵایینی خۆی بەدەستەوە نادات.

قەندیل

 

لە کاتێکدا جیهان چاوەکانی لە ئاست تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی داخستووە، گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە بوونەتەوە بە سیمبولی بەرخۆدانێکی بێوێنە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حکومەتی کاتی سووریا بە هاوکاری چەتەکان و بە پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورک، هێرشێکی دڕندانەی کردۆتە سەر خەڵکی مەدەنی، بەڵام ئیرادەی گەل لەو ناوچەیە پیلانەکانی تێکشکاندووە.

 

سەروین جەلال، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژن لە قەندیل و لاڤان حەمەدەمین، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"ئامانجی سەرەکی داگیرکردنی گەڕەکە کوردییەکان بوو"

سەروین جەلال پەردەی لەسەر ئەو پلانە هەڵماڵی کە ئامانجی شکاندنی ئیرادەی کوردە لە ڕۆژئاواو وتی: ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، تەنیا کاری هێزەکانی حکومەتی دیمەشق نین، بەڵکو هاوپەیمانییەکی پیس لەنێوان پاشماوەکانی داعش، ڕژێمی سوریا و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بوونی هەیە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە داگیرکردنی ئەو گەڕەکە کوردییانەیە، بەڵام بەرخۆدانی شەرفمەندانەی خەڵک، وانەیەکی مێژوویی بە داگیرکەران داوە.

 

سەروین جەلال ڕەخنەی توندی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و وتی: لە کاتێکدا کوردەکان بە تەنها و بەبێ هیچ یارمەتییەکی سەربازی بەرگری لە خاک و شەرەفی خۆیان دەکەن، دەوڵەتە زلهێزەکان کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن، بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئەمڕۆ گەلی ئێمە دروشمی یان ژیانێکی ئازاد لەسەر خاکەکەمان، یان مەرگێکی بەشەرەف یان بەرز کردۆتەوە. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەروین جەلال تیشکی خستە سەر خاڵێکی ئەرێنی کە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا دروست بووە، ئەویش یەکڕیزی و هەڵوێستی هاوبەشی کوردانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان وتی: هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ڕژێمی ئێران، بەرخۆدانی ڕۆژئاواش بووەتە هەوێنی یەکگرتنی ڕۆحی نەتەوەیی، کە ئەمەش جیاوازترە لە هەموو قۆناغەکانی پێشوو.

 

"هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بەشێکن لە سیناریۆی نێودەوڵەتی"

لاڤان حەمەدەمین، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بەشێکن لە سیناریۆیەکی نێودەوڵەتی. ناوبراو وتی: "سەرەڕای ئەوەی ژنان و منداڵان و گەنجان دەکرێنە قوربانیی ئەم سیاسەتە قێزەونە، بەڵام ڕۆژئاوا ئیرادەی پۆڵایینی خۆی نادات بە دەستەوە. لە قەندیلەوە تا کۆبانێ و عەفرین، دڵمان لەگەڵ بەرخۆدێرانە و ئازارەکانمان هاوبەشن، گەلی کورد فێری ئەوە بووە هەمیشە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئەمجارەش بە ئیرادەیەکی نەشکێنراوەوە ڕووبەڕووی پیلانەکان دەبێتەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلان کردەوە بۆ یەکڕیزیی گەل وتی: کە تا کاتێک کورد خاوەنی یەک هەڵوێست و یەک وتاری نیشتمانی نەبێت، مەترسیی داگیرکاری و ستەم بەردەوام دەبێت، بۆیە بانگەوازیان بۆ هەموو چین و توێژەکان ئەوەیە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا پشتیوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بن.