شێخ مەقسود و ئەشرەفیە؛ بەرخۆدان و بەهێزی
دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕن، ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام و گەمارۆدانی جیهادییەکانی هەتەشە دەبنەوە، بەڵام بەرخۆدان بەردەوامی هەیە.
سیرین محەمەد
حەلەب-لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا، گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەلەب تووشی چەندین پێشێلکاری و هێرش کران کە لە عەقڵیەتی بەعسییەوە سەرچاوەی گرتبوو و ڕژێمی پێشوو پراکتیزەی دەکرد، ئەم کارانە دوای ڕووخانی ڕژیم و سەرهەڵدانی هەتەشە بۆ سەر دەسەڵات بەردەوام بوون.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر ئەحمەد شەرع "جۆلانی" و جیهادییەکانی هەتەشه دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لەبری دیالۆگێکی نیشتمانی ڕاستەقینەی سووریا، بەپەلە "کۆنگرەی سەرکەوتن"یان بانگهێشت کرد، کە کۆبوونەوەی چەتەکان و جیهادییەکان بوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵی تەواو خۆی بە سەرۆکی کاتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
ئەم جیهادیانە دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، دەستیان کرد بە سەپاندنی ئایدۆلۆژیای خۆیان، کە ئەو فرەچەشنییە خێڵەکی و نەتەوەییە ڕەتدەکاتەوە کە تایبەتمەندی سووریایە، ئەوان دەستیان کرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی هەر کەسێک کە سوننە نەبوو، دەرکردن بوو بە زمانی هەڵبژاردە لەبری قبوڵکردنی ئەوانی تر.
"ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی پێکهاتەکانی سووریا"
سووریا تابلۆیەکی هەمەچەشن و ناوازەیە لە پێکهاتە جیاوازەکان، لەوانە عەلەوی، دروز، کورد، عەرەب، سریانی، ئاشوری، تورکمان، بەڵام ئایدۆلۆژیای جیهادی وەک ڕژێمێکی ناوەندی و تۆتالیتاری، فرەچەشنی ڕەتدەکاتەوە و چالاکانە بەرەنگاریی دەبێتەوە، کۆمەڵکوژییەکان دەرئەنجامێکی سروشتی ئەم ئایدۆلۆژیایە، وەک لە شار و گەڕەکە جیاوازەکانی سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ تا ئێستا شاهیدی دەبینرێت، لە کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانەوە تا کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا، بۆردوومانی کڵێسا و مزگەوتەکانی شیعە و عەلەوییەکان، گەمارۆدانی کوردەکان و هەڕەشەی بەردەوامی قڕکردنیان.
گەڕەکەکانی بەرخۆدان
گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب کە زۆرینەی کوردن، چەندین جار کرانە ئامانج، دوای ڕووخانی ڕژێم، سیاسەتی تایبەت و گەمارۆدانەکان بەردەوام بوو، کە بەهۆی خواستی ئەم حکومەتە کاتییە و جیهادیەکانیەوە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی زیاتر لەدژی پێکهاتەی کورد بوو.
لە ٦ی تشرینی یەکەمدا دەستیان کرد بە سەپاندنی گەمارۆیەکی خنکێنەر بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا بە داخستنی هەموو ئەو ڕێگایانەی کە بە حەلەبەوە دەیانبەستێتەوە، هەروەها ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی هەموو پێداویستیەکان کرا، سیاسەتێکی هاوشێوەی ئەو سیاسەتەی کە فیرقەی چوارەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسی بەکاری دەهێنا.
جیهادییەکان بە بەربەستی خاکی هەموو ئەو ڕێگایانەیان داخست کە بەرەو گەڕەکەکان دەچوون، دانیشتووان ناڕەزایەتی ئاشتیانەیان ئەنجامدا و خوازیاری کۆتایی هێنان بە گەمارۆ و کردنەوەی ڕێگاکان بوون، بەڵام ناڕەزایەتیە ئاشتیانەکەیان بە گازی فرمێسکڕێژ بەرەوڕوو بووەوە، جیهادییەکان بەم شتە ڕازی نەبوون، تەقەمەنی زیندوویان ئاراستەی ناڕەزایەتیدەران کرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٦٠ کەس بریندار بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستدا، دۆخەکە کاتێک پەرەی سەند کە جیهادییە هێرشبەرەکان دەستیان کرد بە تۆپبارانکردنی دوو گەڕەکەکە و خەڵکی مەدەنی بێتاوانیان کردە ئامانج.
"خەباتی ژنانی ئەو دوو گەڕەکە بەردەوامە"
دەلال ئەحمەد، بەڕێوبەری نووسینگەی ژنانی ئەنجومەنی خێزانی شەهیدان بۆ گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، لە ساڵی ٢٠١٦ لە کاتی هێرشی توندوتیژی بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن چەتەگانی سەر بە تورکیاوە، هاوژینەکەی لەدەستدا، وتی: خەباتی ژنانی پێشەنگ لە دوو گەڕەکەکەدا بەردەوامە.
ڕوونیشیکردەوە، زۆرێک لە ژنان بە خوێن و بەرخۆدانی خۆیان بەرگرییان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود کرد، وتیان: ڕەتیان کردووەتەوە کە وازبهێنن لە زەوی و ماڵەکانیان، وەک شەهید کولە سەلمویە، کە لە گەڕەکی شێخ مەقسود بە گولـلەی یەکێک لەو لیوایانەی لە ساڵی ٢٠١٣ هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکەیان دەدا، کوژرا ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ پاراستنی گەڕەکەکە.
"شەڕی شۆڕشگێڕی گەل"
دەلال ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، کە شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکرد، ژنان خۆیان ڕێکخست و هاوکاری هێزەکانیان دەکرد لە بەرگری و پاراستن بە ئامادەکردنی خۆراک بۆ سەربازەکان و چارەسەرکردنی بریندارەکان و هەڵگرتنی چەک لە دژی دوژمنان و داگیرکەران.
"هێرشی دووەم گەڕەکەکانی بەرخۆدان دەکاتە ئامانج"
لە یەکەمی نیساندا ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەنجومەنی گەڕەک و حکومەتی کاتی واژۆ کرا، ئەم ڕێککەوتنە کۆمەڵێک بڕگەی لەخۆگرتبوو کە ئاسایش و کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو دوو گەڕەکەی ڕێکدەخست، جەختی لە ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کارگێڕی کردەوە، نمایشی چەکداری قەدەغە کرد، دامەزراوە فەرمییەکانی چالاک کرد، ئاسانکاری بۆ جووڵەی مەدەنی کرد، مامەڵەی لەگەڵ کەیسەکانی دەستگیرکراوان کرد و هەماهەنگی هاوبەشی لە نێوان دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکاندا دامەزراند.
بەڵام حکومەتی کاتی نەیتوانی ئەم ڕێککەوتنە بپارێزێت و دەستی کرد بە سەپاندنی گەمارۆ، دوای زیاتر لە چوار مانگ، جیهادییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکەکان دەستپێکردەوە، لە ٢٢ی کانوونی یەکەمدا هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەش لە لێواری ڕۆژئاوای گەڕەکەکانی نزیک بازنەی شیحان، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوای خۆیدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تەقەیان گەڕاندەوە، کە بووە هۆی پێکدادان لە چەند بەرەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە. لە بەرامبەردا جیهادییەکان چەکی قورسیان بەکارهێنا، لەوانە تانک و دۆشکە، بۆ بۆردوومانی گەڕەکەکان، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی ١٩ هاوڵاتی مەدەنی و گیانلەدەستدانی ژنێک بە ناوی فەدوە کوردی، خەڵکی کۆمەڵگەی عەرەبی، کاتێک گولـلەیەک بەر ماڵەکەی لە ناوچەی مەعروف کەوت.
ئەم هێرشانەی دوای بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی شاندێکی تورکیا بۆ دیمەشق، کە پشتڕاستی کردەوە کە تورکیە پاڵ بە گڕگرتنی شەڕ و دابەشکردنی وڵاتەوە دەنێت.
"زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری"
ئەم هێرشانە زیانێکی بەرفراوانیان بە ژێرخانی ئەو دوو گەڕەکە گەیاندووە، هەروەها بە ماڵ و مزگەوت و شەقامەکان، بەهۆی تۆپباران و گولـلەی بێسەرپەرشتەوە، ئاژانسەکەمان دۆخی ماڵی فەدوە کوردی دۆکیۆمێنت کرد کە قوربانی هێرشەکانی ئەم دواییە بووە، هەروەها ئەو وێرانکاریانەی بەسەر ماڵەکانی دیکەی گەڕەکەکەدا هێنراوە، کارەبای گشتی حەلەب بەتەواوی بۆ هەردوو گەڕەکەکە پچڕا، ئاوی ۲۰ شەقامیش پچڕا و زیاتر لە ٤٠٠ خێزانی گرتەوە.
"ئاگربەست دوای دوو ڕۆژ شکا"
دوای دوو ڕۆژ لە هێرشەکە و دواتر تۆڵەسەندنەوەکە، ئاگربەستێک ئەنجامدرا، بەڵام بە خێرایی لە ٢٤ی کانوونی یەکەمدا لەلایەن جیهادیەکانی هەتەشەەوە شکێندرا، چەکدارەکان بولدۆزەرێکی مەدەنییان کردە ئامانج کە لە کانگایەکی نێوان ناوچەی نیشتەجێکردنی گەنجان و ناوچەی کاستێلۆ کاردەکات، ئەم هێرشە زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێلەکە گەیاند، ئەمەش وایکرد کە بە تەواوی کارنەکات.
پاشان ئارامیەکی وریایانە بەسەر گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوددا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ جێگیر بوو، بەڵام لە٢٦ی کانوونی یەکەمدا جیهادیەکانی هەتەشە بە دوو موشەکی "RPG-7" خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە گرژی و ئاژاوەی لێکەوتەوە، دواتر چەکدارەکان هێزی چەکدار و تانک و چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود جێگیرکرد، پێش ئەوەی شەش تۆپباران بکەنە ناو ئەشرەفیە، ئارامی گەڕایەوە ناوچەکە، بەڵام گەمارۆدان و داخستنی ڕێگاکان لە شوێنی خۆیان مانەوە و ڕێگری لە چوونە ژوورەوە و دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکان کرد و چەندین سنووردارکردنیان بەسەر جووڵەی دانیشتووان و ژیانی ڕۆژانەدا سەپاند، ئەم پێشێلکارییەی ئاگربەست هاوکات بوو لەگەڵ سەردانێکی فەرماندەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی تورکیا بۆ باکووری حەلەب.
"ڕفاندنی گەنجانی کورد"
٢٧ی کانوونی یەکەم، جیهادییەکان لەکاتی گەڕانەوەیان لەزانکۆی حەلەب لە ناوچەی سریانی نوێ، بە دیاریکراوی لە شەقامی زهور، دوو گەنجی کۆمەڵگەی کوردیان بە هەڕەشەی دەمانچە ڕفاند، ئەو دوو گەنجە بریتین لە بانکین عەبود "ئەندازیاری شارستانی قۆناغی دووەم" و ئەحمەد وەلید عومەر "ئەندازیاری شارستانی ساڵی یەکەم"، ڕۆژی دواتر لە ئەنجامی فشاری میدیا و کۆمەڵگە ئازاد کران.
سەبارەت بەو هێرشانەی کە لەلایەن جیهادییەکانەوە ئەنجامدراون، جین عەفرین، بەڕێوبەر لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان لە شاری حەلەب، ڕایگەیاندووە کە جیهادییەکانی هەتەشە چەندین پێشێلکارییان بەرامبەر بە دانیشتووانی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود ئەنجامداوە، وتی: ئەوان لەڕێگەی پێشێلکاری و تاوان و کۆمەڵکوژیەکانیانەوە بەرامبەر هەموو پێکهاتەکانی سووریا بە ژنانی دروز و عەلەوییەوە هیوای تەواوی گەلی سووریایان تێکشکاند، گەمارۆدانی ئەو دوو گەڕەکە ئازارێکی بێئەندازەی بۆ دانیشتووانەکە دروستکرد بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان و کارەبا، هەروەها لەکارکەوتنی بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان.
"عەقڵیەتی بەعسی بە فیگەری نوێ"
جین عەفرین ئاماژەی بەوەدا، سیاسەت و عەقڵیەتی بەعسی ئەمڕۆ لە لایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی توندوتیژتر و ترسناکتر، لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی گەڕەکە کوردییەکان و هاوڵاتییە بێ چەکەکانیان، وتی: ئامانج لەم هێرشانە توندکردنەوەی کۆنترۆڵی ئەو دوو گەڕەکە و پووچەڵکردنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لە ١٠ی ئاداردا لەنێوان مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع "جۆلانی" سەرۆکی کاتی واژۆکرابوو.
هەروەها ڕوونیشیکردەوە، هێرشەکان بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و ڕێنمایی دەرەکی کە هەوڵی چاندنی ئاژاوە و ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو دانیشتووانەکە دەدەن٫ دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا ئەو توخمانە ئاڕاستە دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەو پێشێلکاریانە لە خزمەتی بەرژەوەندی و ئامانجەکانیدا، کە لەسەر بنەمای خوێنی سووریەکانە.
"ڕۆڵی ژن لە پێشەنگایەتیکردنی بەرخۆدان"
جین عەفرین جەختی لەوە کردەوە، کە شەڕی گەلانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکرد، بە پێشەنگایەتی ژنانی عەرەب و کورد بووە، لەم شەڕەدا ژنان سەلماندیان کە توانای بەڕێوەبردن و پێشەنگایەتیکردنی شەڕەکان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنیان هەیە بەرامبەر دوژمنان بە ئیرادەی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێکخستن سیفەتێکی زگماکی مرۆڤە، بەتایبەتی لەنێو ژناندا، کە بەشداری دەکەن لە ڕێکخستن و پاراستن و بەرگریکردن لە کۆمەڵگە، وتی: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان هێزێکی چالاکن لە ڕێکخستن و پاراستن، ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی ژنانە لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ کۆمەڵگە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو هێزانە بەشدارییەکی بەرچاو و کاریگەر دەکەن لە پاراستنی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی و نادادپەروەری دەبن، بەمەش مافەکانیان دەپارێزن و شکۆمەندیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان بە درێژایی کات کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و پارێزراوی ئەو دوو گەڕەکە، بەتایبەتی لەم قۆناغە سەختەدا بۆ دانیشتووانەکە، بە لەبەرچاوگرتنی هێرشی جیهادیەکانی ەتەشە بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تانک، وتی: ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەڵامبدەینەوە بەپێی مافی ڕەوای بەرگریکردن لە خۆمان کاتێک تووشی هەر دەستدرێژییەک دەبین.
جین عەفرین جەختی لەوە کردەوە، وەک ژن، سەپاندنی عەقڵیەتێکی کۆنەپەرست و جیهادی بەسەرماندا قبوڵ ناکەین، ئێمە بە یەکجاری ڕەتیدەکەینەوە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان لە دژی ئەو عەقڵییە دواکەوتوو و پیاوسالارانەی کە ژنان پەراوێز دەخەن و دووریان دەخەنەوە، لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەزاران شەهیدمان کردە قوربانی، بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی ژنان و شکۆمەندی، یارمەتیان دەدەین بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەموو ڕۆڵەکاندا لە سەرانسەری بوارە جیاوازەکاندا.