شەهبا، بە خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا

دوای ئەوەی لە ڕۆژی ١٦ی ئاب شەنگال کەوتە بەر بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا، هاوڵاتیانی شەهبا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان ئیدانەی هێرشەکانی تورکیای دەگیرکەریان کرد و دەڵێن: ئەم بۆردومانە بە بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق و هەولێر ئەنجام دراوە.

شەهبا

 

دوێنێ دانیشتوانی پارێزگای عەفرین و شەهبا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕێپێوانێکی جەماوەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر شەنگالیان شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بەوەدا: تورکیا دەیەوێت بەهۆی ئەم هێرشانەوە گەلی شەنگال لەناو ببات.

فەریدە ئیبۆ، ئەندامی کۆنگرە ستار لە هەرێمی عەفرین لە خۆپیشاندانەکەدا وتی: "ئەوەی لە شەنگال ڕوودەدات ئەو سیاسەتە تەواو نەکراوەی داعشە کە نەیتوانی بەسەر ئێزیدییەکاندا جێبەجێی بکات، هێرشکردنە سەر ناوچەکانی تل تەمر و دەورووبەری هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ناوچەی شەنگال نییە، چونکە هەموو ئەو ناوچانە تورکیا داگیری کردوون و یەک ئامانجیان هەیە لە دەستبەسەرداگرتنیدا، ئەویش لەناوبردنی کورد و نەهێشتنی پڕۆژەی نەتەوەییە".

 

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئاب فڕۆکەی داگیرکەری تورکیا بازاڕی کۆنی ناوەندی شەنگالیان بۆردوومان کرد، بەو هۆیەوە هاوڵاتیانی مەدەنی زیانیان بەرکەتوو شەهید بوون، هەر ڕۆژێک دواتر فرۆکە جەنگییەکان بۆردومانی نەخۆشخانەی گوندی سکینی سەر بە شەنگالیان کرد و لە ئەنجامدا هاوڵاتیان بوونە زەرەرمەند.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا ئەندامی کۆنگرە ستار لە شەهبا، حەمیدە محمد بۆ ژنها دوا و وتی: "بۆردومانی دەوڵەتی تورکیا لە شەنگال بە ڕەزامەندی حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا ئەنجام دراوە"، هەروەها دەربارەی بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی ئێزیدی دەڵێت: "لە ساڵی ٢٠١٤دا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن داعشەوە دەستدرێژی کرایە سەر ئێزیدییەکان بە تایبەت ژنانی شەنگال، وە تا ئێستاش چارەنووسی هەندێک ژنی شەنگال نادیارە، بۆردومانەکانی ئەم دوواییانەی شەنگال پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤە"، وتیشی "ڕێکخراوە مرۆییەکان چی دەکەن، ئایا بازرگانی بە خوێنیی مرۆڤایەتییەوە دەکەن؟ لە کاتێکا کورد و ئێزیدییەکان کراونەتە ئامانج و ئەوان بێ دەنگن".

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا، وەک ژنانی شەهبا و عەفرین لە بەرامبەر سیاسەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستبەرداری بەرخۆدان نابن و هەوڵی پوچەڵکردنەوەی پلانەکانیان دەدەن.

 

ت.پ