شاتوو محەمەد: توندوتیژی دژ بە ژنان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێت
لە سیمینارێکدا ژنانی گەنجی تێکۆشەر گفتوگۆیەکیان لەسەر بارودۆخی ژنان و توندوتیژی کرد و ئاماژەیان بەوەدا توندوتیژی بەرهەمی زهنیەتی پیاوسالارییە و لەلایەن دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێت.
ناوەندی هەواڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کافێ میللەت لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر سیمینارێکیان بۆ گفتوگۆ کردن دەربارەی پرسی ژنان و توندوتیژی ڕێکخست، لە سیمینارەکەدا، کۆمەڵێک لە ژنانی گەنج و چالاکوانانی سنوری گەرمیان ئامادەبوون.
لە سیمینارەکەدا وتەبێژی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، شاتوو محەمەد و ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی هاوژین زیبا دوو بابەتیان پێشکەشکرد، شاتوو محەمەد باسی لە ئەقڵیەتی توندوتیژی و ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوە کرد و ئاماژەی بەوەدا: توندوتیژیی دژ بە ژنان، بەرهەمی زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی پیاوسالارییە و ئەم زهنیەتە لە لایەن تەواوی دەسەڵاتدارانەوە بەڕێوە دەبرێت، هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کرد و وتی ئەگەرچی لە جیهاندا توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان بوونی هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگەی خۆماندا لە ئاستی بەرزدایە.
هاوژین زیبا توێژەری دەروونی و ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی لە سیمینارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا سیستمی پیاوسالاریی، هەمیشە دژی بەرەوپێشچوونی ژنان و سەرکەوتنیان بووە، لەم سیستمەدا نادادپەروەری و نایەکسانی هەیە دژی ژنان و لەگەڵ بوونی میدیا و زانست و حیزبدا، توندوتیژیی دژ بە ژنان بەردەوامە و ژنان هەمیشە قوربانیدەر بوون لەو سیستمەی چەندین ساڵە بوونی هەیە.
لە کۆتاییدا ئامادەبووان بە گفتوگۆ کۆتاییان بە سیمینارەکە هێنا.
ت.پ