"شاردنەوەی هەواڵەكانی كوشتنی ژنان تاوانە"
ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆیە شاردنەوەی هەواڵی كوشتن بە تاوان دەزانن و دەڵین: دەبێتە پاڵنەرێك بۆ زۆربوونی تاوان بەرامبەر بەژنان.

شیا كۆیی
كۆیە- لە ٢٦ی ئاداری ئەمساڵ، داواکاری گشتیی سلێمانی ڕایگەیاند، هەر کەناڵ و میدیایەک هەواڵی کوشتن ڕووماڵ بکات ڕووبەڕووی ڕێککاری یاسایی دەبێتەوە، چونکە زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
ئەوەش لەلایەن بەشێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی ژنان ناڕەزایی لێكەوتەوە، ئەو قەدەغەكردنەی بڵاوكردنەوەی هەواڵ بە كارێكی خراپ دەزانن بە شاردنەوەی تاوانەكانی دادەنێن بەتایبەت ئەوتاوان و توندوو تیژیانەی بەرامبەر بەژنان دەكرێت، لەلایەكی دیكە بكوژەكان نادیاردەبن وئامارەكان نادیاردەبن بۆیە بەهەموو شێوەیەك ئەو بڕیارە ڕەتدەكەنەوە.
سۆزان حەمە سەعید، راگەیاندكار سەبارەت بە قەدەغەی ڕووماڵی هەواڵی كوشتن وتی: روماڵ نەكردنی هەواڵی كوشتن جا بەرامبەر هەر ڕەگەزێك بێت( نێر یان مێ) وكوشتنی ژنان بەشتێكی خراپی دەزانم، چونكە ئەوە دەرفەت دەدات بەكۆمەڵە كەسێك دوور لەچاوی میدیا هەل بقۆزنەوە بۆكردنی تاوان چونكە ئاشكرا نابن تاوانی گەورە ئەنجامبدەن بەرامبەر بە ڕەگەزی بەرامبەر.
سۆزان ئاماژەی بەوەشدا كە هاوكات ئەو جۆرە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكان بەشێوەی نابەرپرسیارانە ودوور لە ئەتەكێتی میدیا كارەكە لای كەسانی نەخۆش كارەكەیان لاشیرین دەكات، بۆیە دەبێت ڕوماڵەكان بەشێوەی ئەكادیمی وكەسانی شارەزا كاری لەسەربكەن، بۆ ئەوەی ڕێگە بگیرێت لە دووبارەكردنەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەژنان دەكرێت وتی: بۆیە من شاردنەوەی هەواڵەكان بەخراپ دەزانم، پێویستە كەسانی یاساناس ودادوەرەكان وتوێژەری كۆمەڵایەتی قسەی لەسەر بكەن نەك هەركەسەو لەجێی خۆی قسە بكات، بۆیە دەبێت ئاگاداربین لە كوێ و چۆن بڵاوی دەكەینەوە.
سۆزان حەمە سەعید داواشی كرد لەلایەنی پەیوەندیدار ودەزگاكانی ڕاگەیاندن روماڵی دەرەنجامی تاوانەكانی كوشتن ئاشكرا بكەن بۆ رای گشتی، خەڵك ئاگاداربێت لەوەی ئەوكەسەی تاوانەكەی كردووە كە بەسزای خۆی گەیشتووە تا كەسی دیكە پەنا نەبات بۆ ئەوتاوانانە.
شازادە ڕەفیق، چالاكوان وتی: سەبارەت بە شاردنەوەی هەواڵی كوشتن من وەك چالاكوانێك ڕەتی دەكەمەوە بەتایبەت كوشتنی ژنان چونكە ئەوە دەبێتە پاڵنەرێك بۆ زۆربوونی تاوان بەرامبەر بەژنان وهاوكات زانیاریمان نییە كە ئەوژنانە بەبیانووی چی كوژراون یان چ توند وتیژییەكیان بەرامبەر كراوە.
شازادە ڕەفیق لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەگەر ئەوهەواڵانە بەشێوەیەكی ئەرێنی بڵاو بكرێتەوە دەبێتە هۆی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە كە بۆچی ئەوتاوانانە دەرهەق بەژنان كراوە،لە كاتێك دا ژنان نیوەی كۆمەڵگەن، بۆیە بەرای ئێمە وەك چالاكوانان بەشاردنەوەی هەواڵی كوشتن تاوانەكان زۆرتر دەبن و بۆئێمە بەرچاو ڕوون نیە هۆكاری تاوانەكان چییە تا بتوانین بەدواداچوون بكەین و لێكۆڵێنەوە بكەین و ژنان زیاتر بتوانن ئاگاداری خۆیان بن، چونكە تاوانەكان هێندە گەورەن عەقڵ قبوڵی ناكات، بۆیە نابێت ئەوهەواڵانە بوەستێندرێن وبشاردرێتەوە.