شاندی ژنانی ڕۆژئاوا لە کۆڵۆمبیا لەگەڵ بزووتنەوەکانی ژنان کۆبوونەوە

شاندێکی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کاوکای وڵاتی کۆڵۆمبیا، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانان و بزووتنەوەکانی ژنان کۆبوونەوەو ئەزموونی شۆڕشی ژنانیان لە ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ژن لە خەبات و بەشداری سیاسی خستە ڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بێریڤان خالید، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە چوارچێوەی گەشتەکەیان بۆ ئەمریکای لاتین، ئەزموونی ژنانی لە شۆڕشی ڕۆژاوئا پێشکەش بە ژنانی کۆلۆمبیا کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ژن کرد لە تێکۆشان بۆ ئازادی و بەشداری کارایان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیدا.

 

بێریڤان باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی سووریا و قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە، جەختی لە گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتووی ژنان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژن و پاراستنیان لە هەر هەڕەشەیەک.

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نوێنەری کۆنگرەی ستار وتی: ئەزموونی ژنان لە ڕۆژئاوا مۆدێلێکی ئیلهامبەخشە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، ژنان توانیویانە بوونی خۆیان لە ناوەندی بڕیاردا بسەلمێنن و سەرەڕای ئاستەنگە گەورەکان، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانیان بکەن.

 

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرسامبوونی خۆیان بە ئەزموونی ژنانی ڕۆژئاوا نیشاندا، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوان بە وردی بەدواداچوون بۆ دەستکەوتەکانی ژنانی ناوچەکە دەکەن، بەتایبەت ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنانی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی داعش.

 

شاندەی ژنانی ڕۆژئاوا لە گەشتەکەیاندا بۆ ئەمریکای لاتین بەردەوامن لە ئەنجامدانی زنجیرە چالاکی و دیدار و سیمینار، ئەمەش بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و ئەزموونەکان لەگەڵ بزووتنەوە جیهانییەکانی ژنان.