شاندی ئیمرالی دژی چەواشەکارییەک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد هاتنە دەنگ

شاندی ئیمرالی دەم پارتی، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی نووسراوێک بەناونیشانی “یاداشتەکانی دیدار” لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە کەناڵەکانی ڕایگەیاندن هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئیمرال دەم پارتی سەبارەت بە بڵاوکراوەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەناونیشانی “یاداشتەکانی دیدار” ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەموو لایەک کرد ئەم بڵاوکراوانە پشتگوێ بخەن.

 

لە ڕاگەیاندراوە نووسراوەکەی شاندی ئیمرالی دەم پارتیدا هاتووە: بە پێوستمان زانی سەبارەت ناوەڕۆکی مانشێتی “یاداشتەکانی دیدار” ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و بانگەشەی ئەوەکرا کە لە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالانەوەیە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، وەک چەندین جار جەختمان کردۆتەوە، ئەم دەقانە، بە زیادکردنی لێدوان بۆ هەندێک کەس و لایەن بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەک بە بەڵگەنامەی ئەسڵیەوە هەبێت، بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجالان دەشێوێنن، دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە هەوڵانە زەمینەی گفتوگۆ و چارەسەر تێکدەدەن.

 

دیسانەوە دووپاتی دەکەینەوە: جگە لەو بەڵگەنامانەی لەلایەن شاندی ئیمرالی و ئەندامانی بنەماڵە و پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالانەوە پاش دیدارەکان بڵاوکراونەتەوە، نابێت گوێ بدرێتە هیچ بەڵگەنامە و یادداشت و زانیارییەک کە لە سەرچاوەیەکی ترەوە وەرگیراوە و هیچ بنەمایەکی متمانەپێکراو و پشتڕاستکراو و فەرمی نییە.

 

لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەر و بەردەوامیی دیالۆگ بەشێوەیەکی تەندروست، زۆر گرنگە کە ڕای گشتی هۆشیار و وریا بێت سەبارەت بە بابەتە چەواشەکارانە، دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتی و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکەن”.