شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی سەردانی هەڵەبجەی کرد
شاندی ئاشتی و ئازادی سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان کرد و لەگەڵ تۆڕی ڕێکخراوەکانی کوردستان کۆبوونەوەیان کرد.
هەڵەبجە
دوێنێ ١٨ی حوزەیران، شاندی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و لەسەرەتای سەردانەکەیاندا چوونە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە و بەشەکانی مۆنۆمێنتەکەیان بەسەر کردەوە، پاشان لەلایەن تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەوە پێشوازیان لێ کرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەیان لەلایەن ئەرسەلان عابد، سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە پێشوازیان لێکرا و دەست خۆشی و ماندوونەبوونیان بەرز نرخاند، بە گرنگیشیان زانی کە پشتگیری هەردەستە و گروپێک بکەن کە داوای ئازادی بۆ گەلی کورد بکەن و دژی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە.

سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە باسیشی لەوەکرد ئەگەر لە کاتی شەڕی ناوخۆ وەک ئیستا مامۆستا و فەرمانبەر و ژینگەپاریز و هاوڵاتی دژی شەڕی براکوژی بوەستانایە بە دڵنیایەوە نەدەبوینە خاوەنی مێژوویەکی خوێناوی لەم شێوەیە، جەختیشیان کردەوە وەک تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە دژی هەر جۆرە داگیرکارییەک دەوەستنەوە.
هەریەک لە جیسیکا ئارت و ئێمیلیا لون ئەندامانی شاندی ئاشتی و ئازادی ئاماژەیان بەوەدا: مەبەستی هاتنمان بۆ ئێرە ئەوەیە بەرپرسیارێتی هەڵگرین سەبارەت بە ئەو دۆخەی کە ئێستا کوردستانی تێکەوتووە، داگیرکارییەکان بوەستێنین، پێمانوایە دەتوانین فشارێک دروست بکەین بۆ ئەوەی ئەڵمانیا و سویسرا چەک نەفرۆشێت بە تورکیا.

ئامانجی هاتنی شاندی ئاشتی بۆ پارێزگای هەڵەبجەش بە تایبەت بینینی مۆنۆمێنتەکە و مێژووی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، نوێنەرانی شاندەکە وتیشیان: حکومەتەکان شەڕ ناوەستێنن، چونکە بەرژەوەندییان لە فرۆشتنی چەکدایە، ئێمە هاتووین دژی هەموو چەکێکی بەکارهێنراو بوەستین وە بە خەڵکی هەڵەبجە بڵێین کە تەنها ئەوان نین توشی زەرەر و زیان بوون.
"بەبێ ژن ئاشتی بەدی نایەت، ژنان پێویستە شەڕی خۆیان بکەن"
ئەندامانی شاندەکە ئاماژەیان بەوەدا ئێمە شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادین، دژی چەوساندنەوەی ژن و ژینگەین، دیموکراسیمان دیموکراسی ڕووکەش نیە، دیموکراسی لە ڕێکخستنی کۆمەڵگادایە بەشێوەی ئاسۆیی، کە ئەگەر ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نییە، بەبێ ژن ئاشتی بەدی نایەت و ژنان پێویستە شەڕی خۆیان بکەن.

شاندی نێودەوڵەتی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان کۆتاییان بە سەردانەکەیان هێنا بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان.
ت.پ