شاندی کۆنگرەی ستار سەردانی ڕێکخراوەکانی خانزاد و دابین دەکات
شاندێک لە کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان سەردانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد و ڕێکخراوی دابین بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤی کرد کە مەبەست لێی ناساندنی شۆڕشی ژنان لەڕۆژئاوا و کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و سیستەم و پێکهاتەی کۆنگرەی ستار و میکانیزمی ڕێکخراوەکە بۆ ژنان و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوا و بەهێزبوونیان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسی و پاراستندا کرا.
جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر ئاستی گشتی و لەسەر ئاستی کورد بەتایبەتی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بابەت و گرفتەکانی ژنان لە هەر شوێنێک بێت هەمان شتە.
لاڤە محەمەد بەڕێوەبەری خانزاد ڕونیکردەوە کە ڕێکخراوەکەیان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە خەمی مافەکانی ژنان و پاراستنیان هەیە و کار بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی جۆراوجۆرەوە دەکات.
هەردوولاش جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان خانزاد و کۆنگرەی ستار و گرنگی پەرەپێدانی کاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی پرسی ژنان کردەوە.
هاوکات شاندی کۆنگرەی ستار سەردانی ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد و شاندەکە لەلایەن دڵسۆز زەنگەنە بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە پێشوازی لێکرا و لەدیدارەکەدا باس لەسیستم و میکانیزمی کاری ڕێکخراوەکە کرا و باس لەگرنگی تواناسازی ژنان لەهەموو بوارەکاندا کرا.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش کردەوە لەقۆناغی داهاتوودا.