شاندی هەدەپە: بەرامبەر شەڕی براکوژی دەوەستینەوە و داخوازی یەکێتی کوردان دەکەین
شاندی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد و تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزارەکەی دانا، مارال دانش بێشتاشیش جەخت لە یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکاتەوە.
سلێمانی
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پەرلەمانتارانی هەدەپە کە پێکهاتوون لە مەحمود تورخول و مەرال دانش بێشتاش، سەردانی مەزاری مام جەلال، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی.
شاندی هەدەپە تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری مام جەلال دانا، پەرلەمانتاری هەدەپە مەرال دانش بێشتاش نووسینێکی لە دەفتەری یادەوەرییەکانی مەزارەکەدا نووسی.
پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا مەرال ئاماژەی بە هەوڵەکانی ڕابردووی مام جەلال کرد بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و وتی: مام جەلال هەوڵێکی زۆری بۆ یەکێتیی نەتەوەیی هەبوو، ئێمە بەڕێزەوە هەوڵەکانی بەرز دەنرخێنین، ڕەنگە ئێمە نەتوانین بگەینەوە مام جەلال، بەڵام ڕێگەی ئێمەش ڕێگەی یەکێتیی نەتەوەییە.
جەختیشیکردەوە: ئێمە براکوژییمان ناوێت، هەگیز براکوژیی سوودی بۆ کورد نەبووە، ئێمە دەڵێین گەلی کورد لەکوێ دەبێت با بێت، نابێت دژی یەک بووەستینەوە و براکوژیی بکەین، ئەوانەشی دەیانەوێت براکوژیی بخەنە نێوانمان لەبەرامبەریدا دەوەستینەوە.
ت.پ