شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازی لە ژمارەیەک ژن کرد

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،خانمی یەکەمی عێراق لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی پێشوازیکرد لەژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان. لە دیدارەکەدا خەبات بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵسەنگێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،خانمی یەکەمی عێراق  لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی پێشوازیکرد لەژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان. لە دیدارەکەدا خەبات بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵسەنگێندرا.

 

کۆبوونەوەکە لە نوسینگەی تایبەتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەڕێوەچوو، کە سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان لەیلا عەبدوڵا، موعەزەز خان. پارلەمانتاری دەم پارتی، نوێنەرانی کۆمیسیۆنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کۆنگرە ستار،  کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار و ژمارەیەک لەچالاکوانانی بواری داکۆکیکردن لەمافەکانی ژنان ئامادەیبوون، باس لەرۆڵی ژنان کرا لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا بەتایبەت کەزۆربەی کات قوربانی سیستەمی نەریتی و سەرکوتگەرانە بوون. هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج خرایەسەر ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و هیوابەخشی ژنان لەدژی سیستەمی نەریتی و بە گرنییەوە باس لە خەباتەکانی ئازادی ژنان کرا.

 

جەختکردنەوە لە پەرەدان بە خەباتی یەکڕیزی نەتەوەیی

لە کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەرنجی خستەسەر تێکۆشان و ڕۆڵی ژنانی کورد و وتی: ژنانی کورد بەبوێری و خۆڕاگری رۆڵیان بینیوە، چالاکانە بەشداربوون لەرێکخستنی خۆپیشاندان و چالاکییە سیاسییەکاندا پشتبەستوو بە بنەمای پرەنسیپەکانی یەکسانی. ئەم هەوڵەی ژنان وایکرد ژن وەک بابەتێکی سیاسی گەورەتر لە گۆڕەپانی گشتی ببینرێن.

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دووپاتیکردەوە پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە خەباتی یەکڕیزی نەتەوەیی بدرێت، دەبێت هەموو ژنان رۆڵی سەرەکی لە یەکڕیزی گەلی کورددا ببینن و ئەزمونی خۆیان بخەنە خزمەت خەباتی نیشتمانییەوە بەجۆرێک ببێتە پاڵپشتی خەباتی نەتەوەیی.

 

لە بەرانبەردا ژنانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، وێڕای پشتیوانیان بۆ هەوڵی یەکخستن و یەکدەنگی ژنان ئەوەشیان دووپاتکردەوە دەبێت پێشڕەوی ژنان بۆ خەباتی نەتەوەیی بێ و بەدەربێ لەهەر ئایدۆلۆژیایەکی حیزبی. لەم بارەیەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی: هەر ژنێک ئایدۆلۆژیا پێش خەباتی کوردایەتی بخات ئەوا نە باوەڕی بە ژن و نە بەنەتەوەکەشی هەیە. گرنگە ژنان خۆیان ڕێکبخەنەوە تا پەرۆشتربن لەسەر گەیاندنی پەیامی یەکڕیزی.