شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بە یەکڕیزی کوردان بە ئامانجە ڕەواکانمان دەگەین

شاندی کەنەکە بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کۆبوونەوە و پرسی داگیرکاری و هەڵوێستە کردن لەسەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرانە باسی گفتوگۆکەیان

سلێمانی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە و ئەندامێتی زەینەب مستەفا و پەروین عەزیز، لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانلە نوسینگەکەی لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا کە بە بیانووی پارتی کرێکارانی کوردستان هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، هەروەها سروشتی کوردستان تێکدەدات و دارستانەکان بە تاڵان دەبات، گرنگی یەکڕیزی و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان خرایەڕوو.

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا: بە یەکڕیزی کوردان لە هەر چوارپارچەی کوردستان دەتوانین بگەین بە ئامانجە ڕەواکانی گەلی کورد و وتیشی: "دەوڵەتی تورکیا پێشێلکاری دەکات و سنوری کوردستان دەبەزێنێت".

 

بۆ هەڵوێست نیشاندان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: دژ بەم هێرشانە پێویستمان بە هەڵوێستە و دەبێت بە زووترین کات تورکیا ئەم پەلامار و ھێرشانە بوەستێنێت و بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێت.

دواتر سەردانی گەلەری خاکی کوردستان کرا، کە گەلەرییەکی تایبەتە بە کۆکردنەوەی خاکی زۆرینەی ناوچەکانی چوار پارچەی کوردستان.

ت.پ