شەڕ، وێرانکردنی ژینگە و بزووتنەوەی ژنان بۆ ئاشتی و پێکهاتن

هێلین ئەحمەد-ڕۆژنامەنووس

شەڕ و پێکدادان نەک تەنیا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون بردووە، بەڵکوو هاوکات ژینگەی ئێمەش، واتە ئەو گۆی زەوییەی کە تێیدا گەشەمان کردووە و پێگەیشتووین، بەرەو لەناوچوون دەبات. ئەم پرسە بابەتیێکی سادە یان کێشەیەکی نێوان دوو کەس نییە کە بتوانین بە بێدەنگی و بێباکی لە تەنیشتی تێپەڕین؛ بەڵکوو شەڕە لەسەر دەسەڵات و سەپاندنی باڵادەستی بەسەر قەڵەمڕەوی ژینگەی یەکتردا.

 

ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای جیهان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە ئێستادا زیاتر لە ۱۱۷.۸ ملیۆن کەس بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەوە، زێدیان وێران بووە و ئاوارە بوون. جیا لەم کەسانە، ئەو کەسانەش هەن کە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکان و ئەو هەوڵانەی لە بواری مافە نەتەوەییەکان، مافی ژنان و منداڵان ئەنجامیان داوە، لەلایەن دەوڵەتەکانی خۆیانەوە کەوتوونەتە بەر ڕاوەدوونان و لە دۆخی پەنابەرێتیدا دەژین.

 

شەڕەکان بە وێرانکردنی نیشتمان و تێکدانی شوێنی ژیان، پێش هەمووان زیان بە منداڵان و ژنان دەگەیەنن؛ چونکە ژیان و بوونی ئەوان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەم بابەتانەیە. بێگومان ژیان لە شوێنێکدا پێکدێت کە ئارامییەکی ڕێژەیی تێدا بێت، نەک لە شوێنێکدا کە ئەو هێلانەیەی بە دەستی مرۆڤ دروست کراوە، لەژێر پێی سەربازاندا پێشێل بکرێت.

 

لەم نێوەندەدا، ژن کە بناغەکانی ژیان، ماڵ و خێزانی داڕشتووە، ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی شەڕ و ڕاکردن، کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی بووەتەوە؛ دۆخێک کە خۆی هیچ ڕۆڵێکی لە بڕیاردان لەسەریدا نییە. ئەوە پیاوانن کە بە عەقڵییەتێکی پیاوسالارانە، لەسەر بنەمای زەوتکردن، داگیرکردن و دروستکردنی خاوەندارێتی، لە کێبڕکێدان لەگەڵ یەکتر بۆ فراوانکردنی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتداریی خۆیان و گۆڕەپانی شەڕیان بۆ ناو ماڵەکان و ناو شارەکان کێشاوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، عەقڵییەتێکی لەم شێوەیە کە لە سیستمێکی بنەمادراو لەسەر کۆیلایەتیدا ژنی کردووەتە موڵکی پیاو، لەم ململانێیەی دەسەڵاتدا ژن دەخاتە پێگەیەکی زۆر لاواز و لەرزۆکەوە.

 

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە لەگەڵ تەقاندنی یەکەم فیشەک، ژنان لە هەردوو دیوی گۆڕەپانی شەڕدا، وەکوو سەروەت و سامانێکی دەستبەسەرداگیراو، دەکەونە لاوازترین پێگەوە و ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە.

 

ئامارە ڕێژەییەکان دەریدەخەن کە لە شەڕەکانی چەند دەیەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بوونەتە قوربانیی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی:

 

جینۆسایدی ڕواندا، ۱۹۹۴: ۱۰۰ بۆ ۲۵۰ هەزار کەس

شەڕی بۆسنیا، ۱۹۹۲ تا ۱۹۹۵: ۲۰ بۆ ۵۰ هەزار کەس​​​​​​​

شەڕی ناوخۆی سیەرالیۆن، ۱۹۹۱ تا ۲۰۰۲: زیاتر لە ۶۰ هەزار کەس​​​​​​​

شەڕی ناوخۆی لیبێریا، ۱۹۸۹ تا ۲۰۰۳: زیاتر لە ۴۰ هەزار کەس​​​​​​​

شەڕی کۆنگۆ، لە ۱۹۹۸ـەوە: لانیکەم ۲۰۰ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی سێکسی​​​​​​​

شەڕی سەربەخۆیی بەنگلادیش، ۱۹۷۱: نزیکەی ۲۰۰ هەزار ژن و کچ

 

ڕفاندنی زیاتر لە ۳،۵۴۸ ژن و کچ لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، خۆی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەم ڕاستییە. بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا و شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە غەززە، جارێکی دیکە ژنان کەوتنەوە بەر مەترسیی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی.

 

لە ساڵی ۲۰۲۳دا، نزیکەی ۳۶۰۰ حاڵەتی توندوتیژیی سێکسیی پەیوەندیدار بە شەڕ لە جیهاندا تۆمار کراوە.

 

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، دەستدرێژیی جەنگی دژ بە ژنان ناتوانرێت تەنیا وەکوو کردەوەیەکی تاکەکەسی سەیر بکرێت؛ بەڵکوو پێویستە لە چوارچێوەی عەقڵییەتی پیاوسالارانە و بە سەرنجدان بە ئامانجگەلێکی وەک: دروستکردنی شەڕی دەروونی و تۆقاندن، ناچارکردنی خەڵک بە هەڵاتن، تێکدانی گرێبەست و پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، سووکایەتیکردن و سەرکوتکردنی گرووپێکی نەتەوەیی یان ئایینی، گۆڕینی زۆرەملێی پێکهاتەی دیمۆگرافی و سەپاندنی باڵادەستی بەسەر جەستەی ژناندا شی بکرێتەوە.

 

توێژینەوە فێمینیستییەکان بۆ پێوەندیی نێوان ژن و شەڕ، چەمکی جەستەی ژنان وەک «گۆڕەپانی شەڕ» (Women’s Bodies as Battlegrounds) بەکار دەهێنن؛ ئەم چەمکە نیشان دەدات چۆن جەستەی ژنان لە کایەی دەسەڵات و لە چوارچێوەی سیستەمی پیاوسالاریدا دەکرێتە ئامرازی خراپ‌بەکارهێنان.

 

کۆتاییهێنان بە شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی، مەرجی بنەڕەتیی دروستبوونی ژیان و بوونە. هێلانە تەنیا کاتێک دروست دەکرێت کە ئارامییەکی ڕێژەیی لە ئارادا بێت.

 

لەم پێناوەدا و بە پێشەنگایەتیی ژنان، بزووتنەوەگەلی دژە شەڕ پێکهاتن کە ئامانجیان بەدیهێنانی پێکهاتن و ئاشتییەکی بەردەوام بوو.

 

لە ساڵی ۱۹۱۵دا، لە شاری لاهای هۆڵەندا، خولی نێودەوڵەتیی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی (WILPF) کۆبوونەوە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانیان کرد. ساڵی ۱۹۶۱ لە ئەمریکا، گرووپی ژنانی مانگرتوو بۆ ئاشتی (Women Strike for Peace) دامەزرا کە نزیکەی ۵۰ هەزار ژن لە ۶۰ شاری ئەمریکادا وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە شەڕ و چەکی ئەتۆمی مانیان گرت و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. هەروەها کەمپی ئاشتیی ژنانی گرینام کۆمۆن (Greenham Common) لە ساڵی ۱۹۸۱ تا ۲۰۰۰، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی جێگیرکردنی چەک و مووشەکی ئەتۆمیی ئەمریکا لە بەریتانیا، بووە یەکێک لە هێماکانی خەباتی ژنان دژ بە میلیتاریزم و لەشکەرکێشی.

 

سەرباری ئەمانە، بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی لە دەیەی ۱۹۷۰ی زایینیدا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی منداڵەکانیان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، لەوانە ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا، ئێلسالڤادۆر و هتد پێکهات. ساڵی ۱۹۹۶، بە دەستپێشخەریی ژنانی کورد، بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی لە تورکیا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد دامەزرا. لە تەنیشت ئەوەشدا، دایکانی شەممە بە شێوەیەکی خولیی و هەموو هەفتەیەک، ڕۆژانی شەممە، بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵەکانیان کە لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە «بکوژی نادیار» لە دەیەی ۱۹۹۰ی زایینیدا لەلایەن دەوڵەتەوە بێسەروشوێن کرابوون، دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد.

 

بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتییەکی سەربەرزانە و پاراستنی خەباتی ڕۆڵەکانیان کە لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانە و مافخوازانەی گەلی کورد گیانیان بەخت کردبوو، پێکهات.

 

بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی خاڵی وەرچەرخان بوو لە خەباتی ژناندا بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و پێکهاتن. بۆ یەکەم جار ژنان لە پێگەی قوربانیانی شەڕەوە گۆڕدران بۆ هێزێکی کاریگەر؛ بەم چەشنە، ژن لە پێگەی نەریتیی خۆی لە ماڵدا تێپەڕی و بووە کاراکتەرێکی چالاک لە گۆڕەپانی سیاسەت و کۆمەڵگەدا.

 

ئەگەر سەرنج بدەینە ڕەوتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە بە دەستپێشخەریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و دەم پارتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا لە ئارادایە، دەبینین کە ژنانیش بەشێکی گرنگی ئەم ڕەوتە و دانوستانەکان پێکدەهێنن  و بەردەوام ڕۆڵێکی پێشەنگانەیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بینیوە.