ناگیهان ئاکارسەل: ژن دەبێت هەڵگری ناسنامەی ڕاستەقینەی ژنێتی خۆی بێت

لە تێڕوانینی شەهید ناگیهانەوە ژنان خاوەنی بڕیاری ڕاستەقینەی خۆیانن، بێ بوونی بەرژەوەندی و بە فکرێکی ژنانە بڕیار لەسەر کۆمەڵگا و داهاتووی تاک دەدەن.

سلێمانی

 

ناگیهان ئاکارسەل ئەو ژنە تێکۆشەرو نووسەرو ڕۆژنامەنووسەی، تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گوند-دا بەسەربردووە، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاری و بەسەرهاتەکانی کردووە، لە وتەکانیدا ئازادیی و جوانییەکانی سروشت هەستی پێدەکرا، هەرچەندە ژیانی لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا بووە بەڵام هەمیشە فکری ئازادی ژن و تێکۆشان بۆ ژنان دروشمی ژیانی بووە.

 

تێکۆشەر و مامۆستا و هاوڕێی نزیکی هەمووان بووە، هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی ژنانی کورد  کاری نەکردووە و خۆی گەیاندووە بە ژنانی جیهان و سەرجەم نەتەوەکانی دیکە، تەواوی هەوڵەکانی لە پێناو گەیاندنی دەنگی ئازادی ژن و تێکۆشان بۆ ئەرشیفکردنی مێژووی ژنان، هەروەها خەباتکردنی بۆ خودیبوونی ژنان بووە سەلماندوویەتی ژن خاوەن بڕیاری ڕاستەقینەی خۆیەتی دوور لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵات.

 

"ژن دوور لە بەرژەوەندی بڕیاری ڕاستەقینە دەدات"

 

لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی نوژنها لەگەڵ ناگیهان ئاکارسەل لە بەرواری ٧ی ئاداری ئەمساڵ دەربارەی خودبوون و ناسنامەی ڕاستەقینەی ژن ڕوونیکردەوە:

 

ژن دەبێت هەڵگری ناسنامەی ڕاستەقینەی ژنێتی خۆی بێت، هەر بڕیارێک بەدەست ژن بێت دەبێت جیاوازبێت، بڕیارێک بێت داماڵراوبێت لە بەرژەوەندییەکی تایبەتی حزبی، سیاسی، ئابوری و هەر بوارێکی دیکە، بڕیارێک بێت لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان، کۆمەڵگا، بەرژەوەندییەک بۆ داهاتووی گەلەکەی.

 

کاتێک ژنێک خاوەن بڕیار بێت لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەرژەوەندی جیاواز لە بەرژەوەندییەکانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بڕیار دەدات، بەرژەوەندی کۆمەڵگا، تاک، داهاتوو، دیموکراسی، ژینگە و کۆی ژیان دەبێت بنەمای ئەو بڕیارەی دەیدات، بە پێچەوانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری کە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی تاک و بەدەستهێنانی ماددی دەبێت.