هێرشەکانی ئێران بە چەندین کاریکاتێر نیشان دەدرێت

خەڵکی باشووری کوردستان نیگەرانی خۆیان لە بەردەوامی هێرش و داگیرکارییەکانیان بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەربڕی، بە کاریکاتێر و کاری هونەری هێرشەکانی ئێرانیان نیشاندا کە ترس و تۆقاندنی لای منداڵان دروستکردووە و بەشێکیان لە شۆکی ڕووداوەکەدا ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش ئەوەی سوپای ئێران بۆردومانی ناوچەکانی باشووری کوردستانی لە زڕگوێز، پردێ و کۆیە کرد، بۆردومانەکان بۆ سەر بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، وە بۆردومانەکە تەنها چەند کیلۆمەترێک دوور بوو لە ماڵی ناو گوندەکان و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانەی بنەڕەتی خوێندکاران.

 

 لە کۆیە نزیکەی ١٦٠ منداڵى قوتابخانەى ئازادى و ژن و منداڵانى دانیشتووی کامپەکە لەژێر مەترسی بۆردومانەکان بوون کە لەناو کامپەکەدا ژنێکی دووگیان لە ئەنجامی بۆردومانەکە گیانی لەدەستدا، بە پێی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان بۆردومانەکان کاریگەری و ترسێکی زۆری لای منداڵانی قوتابخانە و کامپەکە دروستکرد و خێزانەکان لە دۆخێکی سەختدا توانیان منداڵەکانیان بگەیەننە شوێنێکی سەلامەت.

 

بۆردومانەکانی ئێران کاردانەوەی سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکی باشووری کوردستان نیگەرانی خۆیان لە بارودۆخەکە دەربڕی کە وڵاتانی دراوسێ بەردەوام هێرش و داگیرکارییەکانیان بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجامدەدەن و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش هەڵوێستێکی جدی ناگرنەبەر کە تیایدا ژنان و منداڵان گیان لەدەستدەدەن.

 

هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بە وێنە، کاریکاتێر و کاری هونەری هێرشەکانی دوێنێی ئێرانیان نیشاندا کە ترس و تۆقاندنی لای منداڵان دروستکردووە و بەشێکیان لەژێر کاریگەری شۆکی ڕووداوەکەدا ماونەتەوە.