سەنتەری میترۆ: سوپای توركیا دەست لە خەڵكی مەدەنی ناپارێزن
سەنتەری میترۆ بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمێكی رۆژنامەنوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل دەكات و داوا لە رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەن بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە.
ناوەندی هەواڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان، لەبارەی بۆردوومانکردنی ئۆتۆمبێلێکی دەزگای ژن تیڤی لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ-عامودا لە ٢٣ی ئابدا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمێكی رۆژنامەوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی دەكات، داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەن بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.
لە بەیاننامەکەی سەنتەری میترۆدا هاتووە، "ئەمە یەكەم جار نییە هێزی ئاسمانی توركیا هێرشدەكاتە سەر هاوڵاتیانی سڤیل لە ١٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا كاروانێكی خەڵكی مەدەنییان لە سەرێكانی لە هەرێمی جزیرە كردە ئامانج، لەو هێرشەدا ١١ كەس شەهید بوون و ٧٤ كەسیش برینداربوون، لە ئەنجامی ئەو هێرشە (سەعد ئەحمەد) پەیامنێری ئاژانسی فورات شەهید بوو و حەوت ڕۆژنامەنووسی دیكەش برینداربوون، لە ناو ئەو كاروانەدا چەند رۆژنامەنوسێكی بیانیش بریندار بوون.
هەروەها بۆردومانەكەی ١١ی ئابی ئەمساڵدا، لە نێوان ناڵپارێز و پێنجوێنی هەرێمی كوردستانی عێراق بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێك، كە سێ سەرنشینی تێدا بوو لە دوور و نزیك پەیوەندییان بە شەڕی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە نەبووە، هەرسێكیان گیانیان لە دەستدا".
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەداوە، لەو هێرشانەدا بە هیچ شێوەیەك رەچاوی (ڕێككەوتنی جنێفی ساڵی 1949) نەكراوە، كە هەموو بڕگەكانی باس لە پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دەكات لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.
لە کۆتاییدا سەنتەری میترۆ بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمێكی رۆژنامەنوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل دەكات و داوا لە رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەن بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.