ڕۆژی جیهانی پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجە

٢٦ی حوزەیران دەرفەتێکە بۆ داواکردن لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو خەڵک پشتیوانی لەو ملیۆنان کەسە بکەن کە لە سەرانسەری جیهاندا ئەشکەنجە دەدرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران ١٩٨٤ كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ڕۆژەی بە ڕۆژی جیهانیی پاراستنی قوربانیانی ئەشكەنجە دیاریکرد و لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٨٧ەوە بە فەرمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دڕندانە و نامرۆڤانە جێبەجێکرا، لە ساڵی ١٩٨٧دا ١٧١ وڵات بەشدارییان لە لە رێککەوتننامەکەدا کرد کە بەپێی بەندی ٥ی مافی مرۆڤی جیهانی دەڵێت: هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان مامەڵە یان سزای دڕندانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتی پێبکرێت.

 

بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی پاراستنی قوربانیانی ئه‌شكه‌نجه‌، لەلایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری وڵاتی دانمارك بوو كه‌ ئەندامی ئه‌نجومه‌نی نێوده‌وڵه‌تی بۆ قوربانیانی ئه‌شكه‌نجەیە.

 

ئەشکەنجەدان هەوڵی لەناوبردنی کەسایەتی و نکۆڵیکردن لە کەرامەتی مرۆڤە، سەرەڕای قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجەدان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لە جیهاندا ئەشکەنجەدان بەردەوامە، بیانووەکانیش پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سنوورەکانی هەر وڵاتێکە کە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانەی تێدا ئەنجامدەدرێت، زۆرجار دەرئەنجامە بەربڵاوەکانی لە دەرەوەی کردەی تاکەکەسی تاکێکن و دەتوانرێت بە نەوەکاندا بگوازرێنەوە، کە دەبێتە هۆی سووڕێکی بەردەوامی توندوتیژی.