پیاوێک ١٥چاقۆ لە هاوژینەکەی دەدات؛ هێشتا دەستگیرنەکراوە

لە شاری سلێمانی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرشی دەکرێتە سەر و ١٥ چەقۆی لێدەدرێت، کەسوکار ژنەکەش دەڵێن لەماوەی ڕابردوودا دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر ئازاد بووە و ئێستاش سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ٥ لەسەر ٦ی ئایار، لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ژنێک لە ماڵی دایکیدا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بە ١٥چەقۆ بریندار دەکرێت، کەسوکاری ژنە بریندارەکە ئاماژەیان بەوەدا لە ماوەی ڕابردوودا پیاوە هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە و دواتر ئازاد بووە، دەشڵێن سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

 

ئەو دوو هاوژینە ماوەی ساڵێکە دەستگیراندارن، دوای ئەوەی پیاوەکە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە، ٤٠ ڕۆژ هاوسەرگیربوون، دەوترێت پیاوەکە بەزۆر هەوڵیداوە کار بە ژنەکە بکات تا پارەی بۆ پەیدا بکات، بەڵام ژنەکە ڕازی نەبووە و گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی.

 

ئەگەرچی ئەو دوو هاوژینە ماوەی ٧ مانگە دۆسیەکەیان لە دادگادایە، بەڵام بەر لە دوو شەو پیاوەکە هێرشدەکاتە سەر ماڵی دایکی ژنەکە و هاوژینەکەی بە ١٥ چەقۆ بریندار دەکات، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی خێزان و ژنانی سلێمانی دڵنیایی لە جێگیری باری تەندروستی ژنەکە داوە.

 

جێی ئاماژەیە بەپێی ئەو حاڵەتانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە تەنها لە مانگی ڕابردوودا، نیسان ٦ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، حاڵەتەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی سەر ژنان لە باشوری کوردستانیش تا دێت لە هەڵکشاندایە.