یونیسێف: چوار منداڵ لە ئیدلب کوژران

یونیسێف ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە، ٤ی نیسان لە ئیدلب چوار منداڵ کوژراون لە کاتی چوونیان بۆ قوتابخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆسەر قوتابخانەکانی سوریا زیادیکردووە و زیاتر لە ٧٥٠ هێرش بۆ سەر دەزگا پەروەردەییەکان و کارمەندەکانیان تۆمار کراوە لە ٢٠١١ەوە، کۆتا تۆماریش کوشتنی ٤ منداڵە.

 

یونیسێف ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لە ٧٠٪ی ئەو منداڵانەی ساڵی ڕابردوو کوژراون لە باکوری سوریا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنێک منداڵی ئاوارە لەو ناوچانە دەژین، "مافی هەموو منداڵێکە کە بخوێنێت، لە سوریا دوای ساڵی ٢٠١١ و دەستپێکردنی قەیرانەکان، منداڵێکی زۆر ژیانیان لەدەستداوە لە ڕێگەی چوونیان بۆ قوتابخانە".

 

لە سەرەتای ئەمساڵدا دوو منداڵ لە باکوری سوریا کوژران و ٥ی دیکەش برینداربوون، یونیسێف تیشکی خستەسەر ئەوەی کە نابێت هیچکات هێرش بکرێتە سەر منداڵان و ئەو خزمەتانەی بۆیان دابین دەکرێت.

 

بەپێی یونیسێف، لە ئێستادا ٤.١ ملیۆن کەس لە باکوری سوریا پشت بە هاوکاری دەبەستن بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابینبکەن، لەو ژمارەیەش لە ٨-٪ی ژن و منداڵن.

 

ت.پ