فۆبیابوون لە پشیلە حاڵەتێکی ئاساییە

بەهۆی نەبوونی هۆشیاری پەروەردەیی دەربارەی ئاژەڵان، زۆر کەس تا ئێستا فۆبیایان هەیە لە ئاژەڵە جیاوازەکان و لێی دەترسن.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆر کەس فۆبیایان هەیە لە بینینی ئاژەڵێکی وەک پشیلە و لێی دەترسن یاخود ناوێرن تەماشای بکەن، لە بەرامبەردا هەندێکی دیکەیان وەک ئاژەڵێکی ماڵی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بەخێوی دەکەن، لێرەدا دەبێتە پرسیار کەئایە ئەمە نەخۆشییەکی باوە یاخود حاڵەتێکی ئاساییە، ئەم جۆرە فۆبیایەش پێی دەوترێت "ئایلورۆفۆبیا".

 

زانایان دەربارەی فۆبیا لە ئاژەڵی پشیلە دەڵێن "حاڵەتێکی ئاساییە بەتایبەت بۆ کەسێک کە پێشووتر ڕووبەڕووی هێرشی پشیلە بووبێتەوە، مەرج نییە ئەم ترسە فۆبیابێت وەک فۆبیایەکی دیاریکراو، هەندێک کات زۆری نیشانەکانی ترس، دڵەڕاوکێ یان دوورکەوتنەوەی توند لە پشیلەکان، دەردەکەون کە کەسەکە لە پشیلە دەترسێت"

 

زۆرکات لە بوونی ترسی زۆردا کەسەکە ناوێرێت بەو جێگەیەشدا بڕوات کە پشیلەکەی لێیە، بیبینێت تەنانەت ئەگەر لە ماڵەکەشی نەجێتە دەرەوە.

 

ژنان زیاتر توشی ئەم حاڵەتە دەبن

ژنان بە ڕێژەی دو هێندەی پیاوان زیاتر توشی حاڵەتی ترس لە پشیلەکان دەبن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، یەکێک لەو هۆکارانە بەکارهێنانی پشیلە بووە لە سەدەکانی ڕابردوودا بۆ مەبەستی جادوو، بڵاوکردنەوەی ئەفسانەکان، ئەمەش وایکردووە زیاتر ترس لە پشیلە دروست ببێت، بۆیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەوانی ترسیان لە پشیلە هەیە کاردانەوەکانیان لە ڕێی هاوارکردن، ڕاکردنەوە دەردەبڕن.

 

ڕاوێژکاری خێزانی و پەروەردەیی پزیشک ئەمەل بۆرسچیک ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی ترس لە ئاژەڵ و دورکەوتنەوە لێیان نەزانینی مامەڵەکردنە لەگەڵیان، چونکە لە بنەڕەتەوە پەروەردەیەک نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵاندا، مەرج نییە تەنها ژنان لە پشیلە بترسن بە هەمان شێوە پیاوانیش سڵیان لێدەکەنەوە و هۆشیاریان نییە لەبارەیەوە بەڵام هەستەکانیان دەشارنەوە وەک چۆن پەروەردە کراون بەوەی هەمیشە هەستەکانیان کپ بکەن.

 

کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتار هۆکارە بۆ نەمانی فۆبیای پشیلە

بۆ چارەسەری لە فۆبیای پشیلە پێویستە پزیشکە دەروونییەکان زیاتر هۆشداری بدەن، هەروەها تاک هەوڵ بدات خۆی گۆڕانکاری لە خودی خۆیدا بکات، بە پێی شێوازی مامەڵە و بینی ئەو وێنانەی ڕۆژانە بەرچاوی دەکەوێت، بۆ ئەوەی ئەگەر ترسێکیش هەبێت بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتار دۆخەکە ئاسایی بێتەوە.

 

هەروەها هەوڵ بدات زیاتر سەردانی باخچەی ئاژەڵان بکات، یاخود ئەو کەسانەی پشیلەیان ماڵی کردووە لە ماڵەکانیان بۆ ئەوەی ترسەکەیان کەمبێتەوە، هەرچەندە ترس لە پشیلە وەک هەمانترسە لە ئاژەڵێکی دیکە بەڵام پشیلە زیاتر تێکەڵ بە مرۆڤ دەبێت بۆیە کاریگەری زیاتر دروست دەکات.

 

ئەگەر حاڵەتی ترس لە کەسەکەدا زۆر بوو دەتوانێت لە ڕێی دانیشتنە دەروونییەکان لە ڕێی پزیشکی دەروونییەوە چارەسەری "ئیلورۆفۆبیا" بکات.