گۆڕانە ژینگەییەکان زیانی ئابووری لێدەکەوێتەوە

توێژینەوەیەکی زانستی لە ئەڵمانیا دەریدەخات کە بەرزی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی و لافاو لە ئەنجامی گەرمبوونی جیهانی دەتوانێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٥٠ لە ٢٨٠ ملیار یۆرۆ بۆ ٩٠٠ ملیار یۆرۆ زیانی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە کە گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت تا ناوەڕاستی سەدە تا ٩٠٠ ملیار یۆرۆ زیانی ئابووری لە ئەڵمانیا بدات، لە کاتێکدا توێژینەوەکانی ئابووری ئەوروپا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو پارەیە کە ڕەنگە لە داهاتوودا چەندین قەیران بەدوای خۆیدا بهێنێت.

 

ئەمڕۆ، شیکارییەکی کۆمپانیای توێژینەوەی ئابووری پرۆگنۆس و پەیمانگای توێژینەوەی پێکهاتە ئابوورییەکان و پەیمانگای توێژینەوەی ئابووری ئیکۆلۆژی بڵاوکرایەوە، لەکاتێکدا بەرلین کار لەسەر ستراتیژیەکانی گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا دەکات کە لە داهاتوودا لەلایەن وەزارەتی ژینگەی وڵاتەکەوە پێشکەش دەکرێت.

 

وەزارەتەکانی ئابووری و ژینگەی ئەڵمانیا ئاماژەیان بە توێژینەوەکە کردووە و دەریخستووە کە بەرزی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی و لافاو دەتوانێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٥٠ لە ٢٨٠ ملیار یۆرۆ بۆ ٩٠٠ ملیار یۆرۆ زیانی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەمەش بە پێی ڕادەی گەرمبوونی جیهانە و پێشبینی دەکرێت ئاستی زیانەکان لەو ڕێژەیەش زیاتر بێت.

 

زیانە ئابوورییەکان بریتین لە دابەزینی ڕێژەی بەرهەمی کێڵگەکان، داڕمان و لەناوچوونی بینا و ژێرخانەکان بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاو، تێکچوونی سیستمی گواستنەوەی کاڵا و کاریگەرییەکانی لەسەر سیستەمی تەندروستی.

 

وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە کە گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ساڵی ٢٠٢١ زیانی زیاتری لە ١٤٥ ملیار یۆرۆی لە ئەڵمانیا داوە، کە ٨٠ ملیار یۆرۆ تەنها لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بووە، لەنێویاندا لافاوەکەی ساڵی ٢٠٢١ لە ویلایەتەکانی ڕاینلاند-پالاتینات.

 

توێژینەوەکە دەریخستووە کە دەتوانرێت زیانە چاوەڕوانکراوەکان بە تەواوی کەم بکرێتەوە لە ڕێگەی ڕێوشوێنی گونجاندن لەگەڵ گۆڕانەکانی کەشوهەوا، وەک هەڵگرتنی کاربۆن، ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا کەمبێت ئەواجتوێژینەوەکە دەریخستووە، نزیکەی ٪ ٦٠ بۆ ٨٠ی زیانەکان دەتوانرێت لە ژێر ئەو جۆرە ڕێوشوێنانەدا ڕێگری لێبکرێت.