"لە عەفرین ژیانێکی ئارام و سەلامەت نییە"

ف.م.، کە لەگەڵ کوڕەکەی عەفرینیان بەجێهێشتووە، وتی: "ژیانێکی ئارام لە عەفرین بوونی نییە، پێشێلکاری و توندوتیژی گروپەکان ڕۆژانە زیاد دەکات."

حەسنا موحەممەد

 

شەهبا- لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە کە عەفرین لەلایەن حکومەتی تورکیا و گروپەکانی سەر بە تورکیاوە داگیرکرا، خەڵکی عەفرین ڕۆژانە ڕووبەڕووی کردەوەی نامرۆڤانەی حکومەتی تورکیا و گروپەکانی دەبنەوە.

 

کاتێک عەفرین داگیرکرا، سەدان هەزار کەس کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی شەهبا بۆ بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، بەڵام هەندێک کەس نەیانتوانی خۆیان ڕزگار بکەن و ناچار بوون لەژێر داگیرکاریدا بژین.

 

ف.م، تەمەن ٥٢ساڵ و کوڕەکەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی عەفرین، بەناچاری عەفرین بەجێدەهێڵن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویان لە شەهبا کرد لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا، لە کەمپەکانی پەنابەران لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ کراون، کچەکەی ماوەی پێنج ساڵە لە زیندانی مەرات عەفرین لەلایەن چەتەکانەوە بە دیل گیراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.

 

ف.م باسی ئەو دڕندەیی و ئەشکەنجەیەی کرد کە لە عەفرین تووشی بووە و وتی: "ژنان زیاتر دەکرێنە ئامانج."

 

٥ ساڵە هیچ هەواڵێکی کچەکەی نەبیستووە

 

لە سەرەتای قسەکانیدا، ف.م، ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئەو ڕۆژەی لەوێ ڕۆیشتین، کار و دەستدرێژیەکانی حکومەتی تورکیا و گروپەکانی نەوەستاوە، لە سەردەمی داگیرکردنی عەفریندا بەهۆی کەمی دەرفەتەوە نەمانتوانی خۆمان ڕزگار بکەین، بۆیە ناچار بووین لەژێر داگیرکاری حکومەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیدا بەردەوام بین لە ژیان و لەو ماوەیەشدا کردەوە و پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە میللەت نەوەستا، کچەکەم لە زیندانی مەرات لەلایەن بەکرێگیراوان و سەربازانی حکومەتی تورکیاوە گیرا، ٥ ساڵە کچەکەم بە بیانووی جۆراوجۆر و درۆ لە دیلی باندەکاندایە، لە هەمان کاتدا من و کوڕەکەم دووجار دەستگیرکراین، پۆلیسی سەربازی تورکیا لە ماڵەوە گەمارۆیان داین و تەنانەت لە کوڕەکەمیان دا، لەبەر نەبوونی پارە نەمتوانی ئاگاداری کچەکەم بم، پارێزەران و دادگا داوای پارەیەکی زۆر زۆریان کرد بۆ ئازادکردنی کچەکەم."

 

ماڵی خەڵک تاڵان دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت

بەهۆی بارودۆخی ئابووری هەرێم و بێکاری، ف.م و هەموو کوڕەکانی ڕوویان لە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکان کرد و بڕیاریان دا چیتر بەرگەی ستەم و گۆڕانی دیمۆگرافی داگیرکەر نەگرن.

 

سەبارەت بە دۆخی عەفرین وتی: ماڵەکەمان لە گوندەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی پێگەیشت، بۆیە ڕوومان لە شاری عەفرین کرد، لە عەفرین کار نەما و شوێنمان نەدۆزیەوە، بۆیە بڕیارماندا لەوێ بەجێبهێڵین، هەموو دەرفەتەکانی وەک خانوو و پارەیان بۆ بنەماڵەی گروپەکانی خۆیان ڕەخساندووە، بەڵام کاتێک کورد بە دوای خانووی چۆڵدا دەگەڕێت، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە و خانووەکان بە نرخێکی زۆر گرانبەها دەفرۆشن،هەروەها ماڵە مەدەنییەکان تاڵان دەکەن و هەموو پێداویستیەکانی ناوماڵ بە خواردنیشەوە فڕێ دەدەن و کەلوپەلی ناوماڵ دەدزن و دەفرۆشن، عەفرین تاڵان دەکرێت و وێران دەکرێت، خەڵک لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن."

 

ژنان زیاتر دەکرێنە ئامانج

 

لە کۆتاییدا ف.م ڕایگەیاند، کە ئیتر ناتوانرێت لە عەفرین بژین و ڕۆژانە ژنان بەر تاوانی باندەکان دەکەون و وتی: "ئیتر لە عەفرین ژیان نەماوە، ڕۆژانە ژن دەکوژرێت، ژنێک بە ناوی ئۆفە شێخ لە گەڕەکی ئەشرەفیە لەلایەن چەتەکانەوە کوژراوە، هەموو ئاڵتونەکانی دزراو و ماڵەکەی سووتێنراوە، ئێمە لەوێ بووین و چاودێریمان کرد کە چۆن کردەوەی تاوانکاری دژی میللەت ئەنجام دەدەن.

 

سەدان کەس وەک ئۆفە ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، ماڵەکان داگیر دەکرێن و خەڵکی سڤیل دەگیرێن، ژنان زیاتر لە عەفرین دەکرێنە ئامانج و ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن.