کاریگەری حکومەت لە پشت ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەستی دارستانەکان

ژمارەیەکی زۆر لە ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست لەلایەن بە کرێگیراوانی حکومەتەوە ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی بەکارهێنانی دارستانەکان بۆ زەوی کشتوکاڵی.

ڕۆژین قادری 

 

سەردەشت- دوێنێ سێشەممە، بەشێکی زۆری دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکانی سەردەشت ئاگری تێبەربوو، زانیاری و چاودێری مەیدانی ئەم دواییە ئاماژە بە زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.

 

ئاگرکردنەوەکان  لەلایەن هەندێک کەس و گروپەوە بە کاریگەریی حکومەت و بە مەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانیان ئەنجامی دەدەن، بە ئامانجی گۆڕینی دارستانەکان بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان.

 

لەیلا.م "ناوی خوازراو"، چالاکوانی ژینگەپارێزی، لەبارەی پرسی گۆڕینی دارستانەکان بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕوونیکردەوە: "هەندێک کەس کە کاریگەری حکومەتیان لەسەر هەیە، هەوڵدەدەن زەوییە کشتوکاڵییەکانیان فراوان بکەن و سەروەت و سامانی کەسی خۆیان زیاد بکەن، بە بەکارهێنانی ئەو کاریگەرییەی کە لە فەرمانگەکاندا هەیانە، ئاگر لە ناوچە دارستانییە گەورەکان بەردەدەن، کە خێرایی و قەبارەیەکی گەورەیان هەیە."

 

لەیلا لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕینی بەکارهێنانی دارستانەکان بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان دەڵێت: "بێگومان ئاگرکەوتنەوە زیان بە دارستانەکان و ژینگە دەگەیەنێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەگەر دەستێوەردانی مرۆڤ لەم ئاگرانەدا نەبێت، ئەوا دارستانەکان توانای نوێکردنەوەی خۆیان هەیە، بەڵام لەو حاڵەتانەی کە ئاگرکەوتنەوە لە نزیک ئەو زەویانە ڕوودەدات کە خاوەندارێتی ئەو کەسانە دەکەن کە بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە، زۆرجار ئەم دارستانانە چانسی دووبارە دروستبوونەوەیان نابێت، چونکە ئەم کەسانە سوود لە دۆخی لاوازی دارستانە سووتاوەکان وەردەگرن و بە تەواوی لەناویان دەبەن و بەکارهێنانیان دەگۆڕن بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان."

 

لەیلا جەختی لەسەر ئەو مەترسیانە کردەوە کە بەهۆی فراوانبوونی باخەکانی ترێ و ترش لەسەر دارستانەکان دروست دەبن و ڕایگەیاند: "هەرچەندە بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان گرنگە، بەڵام ئەو هەژارییەی حکومەت دروستی کردووە نابێت بکرێتە بیانوو بۆ لەناوبردنی دارستان و فراوانکردنی باخی ترێ و ترش، حکوومەتی ئێران زۆربەی دەروازەکانی داهاتی هاووڵاتیانی گرتووە و تەنیا چەند ڕێگایەکی کەمی بەجێهێشتووە کە زیانی بۆ ژینگە و ناوچەکە هەیە."