ژمارەی دارخورماکانی عێراق بۆ ٢٥ ملیۆن زیاد دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پلانێکی داڕشتووە، بۆ زیادکردنی دارخورماکانی عێڕاق بۆ ٢٥ ملیۆن پێش ساڵی ٢٠٢٧، لەگەڵ زیادکردنی جۆرە دەگمەنەکانی دارخورما.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، تا ساڵی ٢٠٢٧ ژمارەی دارخورماکانی عێراق لە ١٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزارەوە دەگاتە ٢٥ ملیۆن، هەروەها ئاماژەی بە پەیڕەویکردنی بەرنامەیەک بۆ چەند هێندەکردنی لق و پۆپی جۆرە دەگمەنەکانی دارخورما کرد.

هادی هاشم یاسیری، بەڕێوەبەریی گشتیی بەشی باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی عەرەبی ڕاگەیاند، وەزارەت پلانێکی تۆکمەی بۆ پەرەپێدانی دارخورما لە وڵاتدا پەسەنکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی نەمامی جۆرە دەگمەنەکانی دارخورما.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، " بەرنامەی زیادکردنی ڕێژەی دارخورماکانی عێراق دوو هەنگاوی سەرەکی لە خۆدەگرێت، یەکەمیان بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کشتوکاڵی شانەکردن کە نوێترینە لە جیهاندا، دووهەمیان بە بەکارهێنانی شێوازی "تۆو" لێگرتنەوەیان.

هەنگاوەکانی وەزارەت لەسەر ئاستی ئەزموون و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدرێت بە ڕێژەی سنوردار کە تەنها ١٠٠ نەمام دەگرێتەوە، کە لە شارۆچکەی مەندەلی سەر بە پارێزگای دیالە و پارێزگاری کەربەلا جێبەجێدەکرێت.

 

ئاشکراشیکرد، هەنگاوەکانی زیادکردنی ڕێژەی دارخورماکانی عێراق لە دەستپێکی مانگی کانوونی دووهەمی داهاتوو دەستپێدەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا ژمارەی خورماکان لە وڵاتدا گەیشتووەتە ١٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار، هەوڵدەدەن لە ساڵی ٢٠٢٧ ئەم ژمارەیە بگاتە ٢٥ ملیۆن دارخورما.