ژنانی شەنگال هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسان نیشان دا
ژنانی ئێزدی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە کرد و هەڵوێستیان نیشان دا.
هێڤیدار شەنگالی
شەنگال- ڕۆژی ٢٣ی ئاب، دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبێلی تەلەڤزیۆنی ژن تیڤی لەسەر ڕێگای قامیشلۆ- عامود بۆردومان کرد، لەئەنجامی هێرشەکەدا نەجمەدین فەیسەل حاج سینان کە کارمەندی ژن تیڤی بوو گیانی لەدەستدا و پەیامنێر دەلال عگید بریندار بوو، هەموو لایەنەکان ناڕەزایەتیان دەربڕین بەرامبەر بەو هێرشانە، ژنانی خۆبەڕێوەبەرییەکانی شەنگالیش ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە دەربڕی.
"خوێنی ئێمە بازرگانی پێوە دەکرێت"
زۆزان سیمۆ، ئەندامی هەماهەنگی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی تاژێ، سەبارەت بە هێرشەکان قسەیکرد و وتی: "هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا و شونگال هەمیشە ڕۆژنامەنووسەکانمان دەکەنە ئامانج، هەر جارێک عێراق و تورکیا گفتوگۆ دەکەن، هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوا و شەنگال دەست پێدەکاتەوە، ڕۆژنامەنووسان ئێمە دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی دەنگ و ڕەنگمان نەگاتە جیهان، شەهید نوژیان نموونەیەکی دیار بوو کە ساڵی ٢٠١٤ چووە شەنگال، بەڵام بەداخەوە دوژمنی دڕندە کردییە ئامانج."
"پێشەنگەکانمان بە ئامانج دەگیرێن"
لە درێژەی قسەکانیدا زۆزان سەرنجی بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان ڕاکێشا و وتی: " دوێنێش هێرش کرایە سەر ڕۆژنامەنووسەکانمان لە ڕۆژئاوا و شەهید و برینداریش هەبوون، لە هەر شوێنێک ڕۆژنامەنووس هەبێت ڕاستییەکان دەگەیەنێت، نوژیان لە شەنگال کرایە ئامانج، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا جارێکی دیکە ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج، پێشتر لە نێو ئێزدییەکان ڕۆژنامەنووس نەبووە بۆیە کەس دەنگی ئێمەی نەدەبیست و نەدەناسی، بەڵام دوای فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤ دەنگ و ڕەنگمان بڵاوبووەوە."
"ئەگەر یەکێک لە ژنەکان شەهید بوو، دەیان کەس جێگەی ئەو دەگرنەوە"
زۆزان سیمۆ ئەندامی هەماهەنگی تاژێ لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە شوێنی شەهیدان بە بەتاڵی بەجێناهێڵن و وتی: "تا ژنێک هەبێت کە ئامانجی هێرشەکان بێت، دەیان ژنی دیکە لە شوێنی ئەوان دادەنێین، ئێمە بەداخەوەین بۆ شەهیدان، بەڵام شانازیشیان پێوە دەکەین، با دوژمن باش بزانێت، ئەگەر ژنێک شەهید بوو، دەیان ژنی ئێمە جێگەی دەگرنەوە."
"ئەوان دەکرێنە ئامانج چونکە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن"
هەروەها ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، تاورێ خەلەف، سەرنجی بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان ڕاکێشا و وتی: " هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان، چونکە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن و ڕاستیەکان وێنا دەکەن، لەسەر ئەوە هێرش دەکەنە سەریان، بەڵام شەھید چەند بێت جێگایان پڕ دەبێتەوە، هەمووان دەبینن کە دوای کۆبوونەوەی نێوان عێراق و تورکیا و بنەماڵەی، هێرش بۆ سەر ڕۆژائاوا زیادیکرد، ئێمە ئەم هێرشانە قبوڵ ناکەین و ئیدانەی دەکەین."