تاڵیبان ڕێگری لە گەشتی خوێندکارانی کچ بۆ دوبەی کرد

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوێکی وڵاتی دوبەی کە زەمالەی خوێندن بۆ کچانی ئەفغانستان دابین دەکات ڕایگەیاندووە: تاڵیبان ڕێگری لە خوێندکارە کچەکان کردووە گەشتی خوێندن بۆ ئەم وڵاتە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی هەژموونی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستان و توندکردنەوەی سنووردارکردنی ژنان لەم وڵاتەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ئاب، ڕێکخراوێکی وڵاتی دوبەی ڕایگەیاند کە زەمالەی خوێندن بۆ کچانی ئەفغانستان دابین کردووە، هێزەکانی تاڵیبان ڕێگریان لە سەفەری ئەو کچانە کردووە بۆ وڵاتەکەیان.

 

خەلەف ئەحمەد حەبتور، بەرپرسی گروپی "الحبتور" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس " تویتەری پێشوو" پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ناتوانم ئەو نائومێدییە دەرببڕم کە ئێستا هەستی پێدەکەم، چونکە ئەو خوێندکارە کچە ئەفغانیانەی کە زەمالەی خوێندنم بۆ دابین کردبوون نەیانتوانی بێنە دوبەی.

 

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا وتی: بە هاوکاری زانکۆی دوبەی هەوڵماندا پەروەردە و خوێندن بۆ ئەم کچە ئەفغانیانە دابینبکەین، بەڵام تاڵیبان ڕێگری لە سەفەرکردنیان کردووە، سەرەڕای وەرگیرانیان بۆ خوێندن لە زانکۆ، دابینکردنی شوێنی مانەوە و گواستنەوە و بیمەی تەندروستی و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری هەمەلایەنە کە زۆرترین خۆشگوزەرانی و سەلامەتی بۆ خوێندکارە کچەکان دابین دەکات.

 

هەروەها دەنگی یەکێک لەو کچە خوێندکارانەی بڵاوکردەوە کە لە فڕۆکەخانەی کابولەوە وتی: بەداخەوە حکومەت ڕێگەمان پێنادات بە فڕۆکە بچینە دوبەی، تەنانەت ڕێگە بەو کەسانەش نادەن کە ئەندامێکی پیاوی خێزانەکەیان لەگەڵدایە.

 

خەلەف ئەحمەد حەبتور، داوای لە هەموو ڕێکخراوەکان کرد کە پاڵپشتی و هاوکاری ئەو کچە خوێندکارە بکەن وتی: ئەم کارەی تاڵیبان کارەساتێکە و زیان لە بناغەکانی مرۆڤایەتی و پەروەردە و یەکسانی و دادپەروەری دەدات.

 

باس لەوە کراوە کە ژمارەی ئەو کچە خوێندکارانە ١٠٠ خوێندکارە، و زیاتر لە ٣٥ خوێندکاریان ئەگەرچی ئەندامێکی پیاوی خێزانەکەیان لەگەڵدابووە، ڕێگەیان پێنەدراوە گەشت بکەن.