شیوا کاشانی و نازیلا مەعروفیان بە وەکالەت ئازاد کران

هاووڵاتییەکی بەهایی بە ناوی شیوا کاشانی نەژاد، هەروەها ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو نازیلا مەعروفیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، بە پێی ڕاپۆرتی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران، شیوا کاشانی نەژاد، هاووڵاتییەکی بەهایی کە لە زیندانی لاکان لە ڕەشت زیندانی کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تۆمان دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان و تۆمەتەکەی ئازاد کرا.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، شیوا کاشانی نەژاد تۆمەتبارە بە " ئەنجامدانی چالاکی دژ بە حکومەت لە ڕێگەی ئەندامێتی و چالاکی لە کۆمەڵگەی بەهایی".

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە شیوا کاشانی نەژاد، پاش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و دەست بەسەر بەشێک لە کەلوپەلی تایبەتی خۆیدا گیرا، پاشان گواسترایەوە بۆ دامودەزگا ئەمنییەکانی شاری ڕەشت، پاش تێپەڕین بە قۆناغەکانی لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان لە لقی ١٥ی بەدواداچوونی گشتی ڕەشت و داواکاری گشتیی شۆڕش، بۆ زیندانی لاکان لە ڕەشت گواسترایەوە.

 

لە کاتێکدا لە ماددەی دووەمی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، ماددەکانی ١٨ و ١٩ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، جەختکراوەتەوە لە مافی بەهرەمەندبوونی هەموو هاووڵاتیان لە یەکسانی مافەکان و جیاکاری نەکردن لە کۆمەڵگەدا بەهۆی بیرکردنەوە و ئایین و نەتەوەوە.

 

بەڵام لە ئێران هێشتا هاووڵاتیانی بەهایی لە ژێر سەرکوتکاری و جێبەجێکردنی فشارە ئەمنی و دادوەرییەکاندان، سەرەڕای ناڕەزایەتیی پێکهاتەی بەهایی، ئەم سەرکوتکردنانە نەک هەر نەوەستاون، بەڵکو لەم ساڵانەی دواییدا چڕتربوونەوە.

 

نازیلا مەعروفیان، بە شێوەیەکی کای ئازادکرا

ڕۆژی یەکشەممە، کەناڵی تێلێگرامی خوێندکارە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نازیلا مەعروفیان ڕۆژنامەنووسێکی کورد دوای ٣٦ ڕۆژ دەستبەسەری لە زیندانی ئەڤین، بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە تا کۆتایی ئیجرائات ئازاد کرا.

 

ئەم ڕۆژنامەنووسە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی، دوای گەڕان و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تایبەتی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشتی دادگای ئەڤین کرا، پاشان لە لقی یەکەمی داواکاری گشتی ئەڤین دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ئەڤین گوازرایەوە.

 

نازیلا مەعروفیان، خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی، ڕۆژی سێشەممە لە دادستانی ئاسایشی ئەڤین تۆمەتبار کرا و ڕۆژی یەکشەممە دانیشتنی تۆمەتەکانی لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوەچوو، لە دانیشتنی ئەو دۆسیەیەدا نازیلا مەعروفیان بە "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" تۆمەتبار کرا.

 

نازیلا مەعروفیان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەهۆی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی کە لە ڕێگای ئازادیدا کۆچی دوایی کرد، هەروەها ڕوماڵی هەواڵی مەراسیمی پرسەی ژینا ئەمینی، ناوبراو چەند جارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی درۆ تۆمەتبار کراوە و پاشان بە دانانی کەفالەتێکی قورس بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.