ئەنجامدانی دانیشتنی دادگایی سپێدە قالیان

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دانیشتنی دادگای تۆمەتەکانی سەر سپێدە قالیان، چالاکوانی مەدەنی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، لە لقی تاوانکاری ١٢٠٧ی دوو کۆمەڵگەی قەزایی شەهید کاچۆیی تاران، بە شێوەیەکی تایبەت بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە، دانیشتنی دادگایی بۆ تۆمەتەکانی سەر سپێدە قالیان، چالاکوانی مەدەنی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، سەبارەت بە سکاڵای ئامینە سادات زەبیحپوور، لە دژی سپێدە قالیان لە لقی ١٢٠٧ی تاوانکاری دوو کۆمەڵگەی قەزایی شەهید کاچۆی لە تاران بەڕێوەچوو.

 

باس لەوە کراوە کە ئەم کۆبوونەوەیە بە تایبەتی بەڕێوەچووە، سپێدە قالیان هاوکات لەگەڵ پارێزەرەکەی، ئەمیر ڕەئیسیان، دژی تۆمەتەکانی "شێواندنی فکری گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی درۆ و ئەنجامدانی چالاکیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەزای ئەلیکترۆنیدا"، بەرگری لە خۆی کرد.

 

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری سپێدە قالیان، ڕایگەیاندووە کە پێویستە لە دانیشتنی داهاتووی دادگا، ئامینە سادات زەبیحپوور ئامادە بێت، ئێمە ڕوونکردنەوەکانمان خستەڕوو و هەروەها داواکاریی خۆمان بۆ دادگا ڕاگەیاند بۆ چاککردنەوەی کەموکوڕیەکانی لێکۆڵینەوەکە و چاوەڕێی دادگاین بڕیاری خۆی لەسەر ئەم بابەتە بدات.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە دانیشتنی دادگایی ٢٨ی تەمموز بڕیار بوو مامەڵە لەگەڵ تۆمەتەکانی سپێدە قالیان بکرێت، بەڵام بە هۆی دژایەتی سپێدە قالیان بۆ حیجابی زۆرەملێ، دادگاییەکە هەڵوەشایەوە و دواخرا بۆ ١٥ی ئاب.

 

شایانی باسە کە سپێدە قالیان لە ١٥ ئاداری ساڵی ٢٠٢٣، چەند کاتژمێرێک پاش ئازادکردنی لە ڕێگای تاران بۆ دەزفول لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، پاشان گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین و لە ١٩ی ئاداری گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین.

 

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" بە ڕۆژانی دەستبەسەرکردنیشەوە بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا.

 

سپێدە قالیان پێشتر سزای زیادەی بەسەردا سەپێندرابوو لەوانە، قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و قەدەغەکردنی مانەوەی لە پارێزگای تاران و پارێزگاکانی دراوسێ بۆ ماوەی دوو ساڵ، دواجار لە کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی تاران پەسەند کرا.