کۆنفرانسی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کۆتایی هات

کۆنفرانسی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کە بەیانی ئەمڕۆ لە بەغدا دەستی پێکرد، کۆتایی هات.

بەغدا

 

کۆنفرانسی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کە بەیانی لە بەغدای پایتەختی عێراق بە دروشمی "خۆبەڕێوەبەری مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە" دەستی پێکرد، کۆتایی هات.

 

دەرئەنجامی کۆنفرانسەکە لەلایەن دەخیل موراد خوێندرایەوە، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا داوا لە حکومەتی عێراق کرا کە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی شەنگال دەستپێبکات بەتایبەتی پەدەکە کە زەمینەی بۆ کۆمەڵکوژی کردەوە، هەروەها باس لەوە کرا ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم بەپێچەوانەی ویستی ئێزیدییەکان کراوە و پێویستە حکومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە.

 

دەرئەنجامی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیە بوو:

هەڵسەنگاندنی گرنگ سەبارەت بە دۆخی ڕابردوو و ئێستای ئێزدییەکان، هەروەها بۆچی ڕێگەی جینۆساید کرایەوە و ئامانج و لێکەوتەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە تاوتوێ کرا، جگە لەوەش لە ڕووی یاساییەوە ئامانجەکانی خۆبەڕێوەبەری و پڕۆژەکانی باسی لێوەکرا.

 

بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لە پەیامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئێزدییەکان یەکێکن لە کۆنترین گرووپ و بیروباوەڕەکانی میزۆپۆتامیا، پشتگیری لە بەهاکانی ئازادی، ئاشتی، یەکسانی و پێکەوەژیان دەکەن.

 

سەرەڕای ئەمەش بە درێژایی مێژوو ٧٤ فەرمان بەسەر ئێزدییەکاندا سەپێنراوە، فەرمانی ٧٤ دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو، سەرەتا ئەو لایەنانەی ئەرکی پاراستنی شەنگالیان گرتە ئەستۆ " پەدەکە و سوپای عێراق" ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێنا، ئەمە خیانەتێکی گەورە بوو بەرامبەر بە ئێزدییەکان.

 

هۆکاری دووەم ئەوە بوو کە ئێزدییەکان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و هێزی بەرگرییان نەبوو کە بتوانێت ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش ببێتەوە، بەڵام لەو کاتەدا شەڕڤانانی پەکەکە و یەپەگە هاتن و ئێزدییەکانیان پاراست.

 

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە هێزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان حکومەتی پێشووی عێراقیان ناچارکرد لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە دژی ئێزدییەکان ڕێککەوتنێک واژۆ بکات، لەو ڕێککەوتنەدا بە هیچ شێوەیەک ئیرادەی ئێزدییەکان لەبەرچاو نەگیرا، مەبەست لەم ڕێککەوتنە دەستوەردانە لە کاروباری شەنگال.

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پەدەکە و بەشێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان لە پشت ئەم ڕێککەوتنە وەستانەوە، ئەم ڕێککەوتنە بەسەر سیاسەتی عێراقدا سەپێنرا، دوای واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە، دەوڵەتی تورک بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە هێرشەکانی بۆ سەر شەنگال زیاتر کرد، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژی داگیرکردنی خاکی عێراق و دابەشکردنی یەکێتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بووە هۆی زیادبوونی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا و زیادبوونی هێرشەکان.

 

ئێمە وەک بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم وەک ڕێککەوتنێکی نانیشتیمانی دەبینین و بەدەرەوەی مافە دەستوورییەکانی مافی ئەندامانی کۆمەڵگەی عێراقی پێناسەی دەکەین، بۆیە ئەم ڕێککەوتنە تەنها دژی شەنگال نییە، بەڵکو دژی سەروەری و یەکگرتنەوەی عێراقە.

 

دوای هێرش بۆ سەر شەنگال، ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئێزدییەکان هات و پێکەوە بەرگریان لە شەنگال کرد، سەرەتا کۆمەڵکوژیەکەیان ڕاگرت، لە کاتی کارەساتەکەدا پێکهاتەی ئێزدی گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر سیستمی بەڕێوەبردن و هێزی بەرگریی تایبەت بە خۆیان نەبێت،ناتوانن خۆیان بپارێزن، لەسەر ئەم بنەمایە، پێکهاتەی ئێزدی بە دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر و بەرگری وەڵامی ئەو هێزانەیان دایەوە.

 

ئیدارەی خۆسەری شەنگال تەنیا ئیدارەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، لە هەمان کاتدا سیستەمی پاراستنە بۆ ئێزدییەکان، دەوڵەتی تورکیا پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاری و پشتیوانی داعشیان کرد و درێژەیان بە هێرشەکانی سەر شەنگال دا بۆ تەواوکردنی جینۆسایدی داعش.

 

ئەم هێرشانە کە ماوەی نۆ ساڵە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و فیکری و ئابوورییەوە بەردەوامە، دەیان کەسایەتی و هاووڵاتی ئێزیدییان کوشتووە و لە نێویاندا بەرپرسانی هێزی بەرگریی شەنگالیش هەن.

 

دەرەنجامەکانی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەن:

١-عێراق دەستورێکی دیموکراسی هەیە کە ماف و ئازادی بۆ هەموو گەلی عێراق دابین دەکات، ئەمە بنەمای دادپەروەری و ئازادی و هاوسەنگی نێوان هەموو گەلی عێراقە، بێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، بەپێی ماددەی ١١٦، ١١٧، ٢٢ و ١٢٥ی دەستوور، هەموو بەشەکانی عێراق مافی خۆیانە ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی و لامەرکەزی خۆیان بەکاربهێنن.

 

ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر ٧٤هەمین کۆمەڵکوژی ناوچەی شەنگال تێدەپەڕێت، ئێزدییەکان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و بەرگریکردنیان لەخۆیان دامەزراندووە، هەروەها هەوڵی بنیاتنانی هەرێمێک دەدەن و دەیانەوێت بە پشتیوانی حکومەتی عێراق کێشەکان چارەسەر بکەن.

 

بۆ ئەوەش داوا لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق دەکەن لە چوارچێوەی مادەکانی دەستووری عێراقدا کاربکەن و بە فەرمی دان بە ئیدارەی خۆسەری شەنگالدا بنێن و لە چوارچێوەی دەستووردا پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

 

چارەسەرێکی لەم جۆرە باشترین چارەسەرە و هەنگاوێکە بۆ پتەوکردنی یەکێتی دیموکراسی عێراق، دەرفەتێکی یاسایی و سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، عێراق دەستوورێکی دیموکراسی هەیە، هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی شەنگال هاوپەیمانی خۆیان ڕاگەیاند و یەکێک لە کارنامەی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و سیاسییەکانی شەنگالە.

 

٢- پێکهاتەی ئێزیدی یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی عێراق، پاراستنی ئەم پێکهاتەیە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق، سەرەڕای ئەمەش کاتێک بەکرێگیراوانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان، نە هێزەکانی عێراق و نە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگارییان پێشکەش نەکرد.

 

بۆ ئەوەش ئێزدییەکان بە هاوکاری هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و هێزەکانی دیکەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرگرییان لە خۆیان کرد، سەرەڕای هەموو ئەمانە، جینۆسایدێک ئەنجامدرا و تا ئێستاش هەزاران ئێزیدی بەدەست کاریگەرییەکانییەوە دەناڵێنن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق وەک جینۆساید نەیناساندووە.

 

 لەماوەی ڕابردوودا ئەنجومەنی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق ڕاپۆرتێکی بڕیارنامەی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەش داوا لە پەرلەمانی عێراق و حکومەت دەکەن کە بە فەرمی دان بەم کۆمەڵکوژییەی دژی خەڵکی عێراق بە گشتی و دژی خەڵکی شەنگال بەتایبەتی بناسن، ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری، ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی.

 

٣- داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن کە ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە سیاسی و ئیداری و سەربازی ئەم کۆمەڵکوژییە، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە شەنگال هەڵهاتن، کە ڕێگەیان بۆ کۆمەڵکوژیەکە خۆش کرد و هاوکاری داعشیان کرد، دادگایی بکرێن، هەمووان دەزانن لە ئێستادا هەزاران بەکرێگیراوی داعش لە زیندانەکانی عێراقدا هەن، بەڵام تا ئێستا ئەو بەکرێگیراوانە لەسەر تاوانەکانیان دژی ئێزدییەکان دادگایی نەکراون.

 

٤- گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک یەکێک لە فایلە گرنگەکانی پێکهاتەی ئێزدی دەبینین، تا ئێستا ٨٣ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزراونەتەوە، بەڵام تەنها ٤٦ گۆڕ کراونەتەوە، پێویستە هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکرێتەوە و تەرمی شەهیدان ڕادەستی کەسوکارەکانیان بکرێتەوە.

 

٥- هەرچەندە لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی خۆسەری شەنگال و لایەنە سیاسییەکان چەندین جار لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە و چەندین پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەکانیان خستۆتەڕوو، بەڵام حکومەتی عێراق هەنگاوێکی جددی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ئەمەش بنەمای دەستێوەردانەکانی دەرەکی دروست کردووە.

 

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی پێکهاتەی ئێزدی و گوشاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد، ئەمەش دۆخی شەنگالی قورستر کرد و کێشەکانی قووڵتر کردەوە.

 

هەر بەو هۆیەشەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراق بە گشتی و گەلی ئێزیدی بەتایبەتی نییە، بەڵکو داوا دەکەن ڕێککەوتنێکی نیشتمانی لەگەڵ خەڵکی شەنگال و ئیدارەی خۆسەر بکرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێزدییەکان و ببێتە هۆی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی.

 

٦-دوای فەرمانی ٧٤ تەنها ١٠ هەزار ئێزدی لە شەنگال ماونەتەوە و هەموویان پەنایان بۆ شاخ بردووە، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ هەزار ئێزدی لە دەشت و شاخەکانی شەنگال دەژین، یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی ئیدارەی خۆسەری شنگال گەڕانەوەی خەڵکی شنگالە بۆ شوێنی خۆیان، بۆ ئەوەش داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن کە هاوکاری ئیدارەی خۆسەری بکات بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران و پەنابەرانی ئێزیدی بۆ شوێنەکانیان.

 

٧- لە یادی ٩ ساڵەی جینۆسایددا داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بەتایبەت نووسەران، ڕۆشنبیران و دامەزراوە دیموکراسیەکان دەکەین کە ئازادی و مافەکانی پێکهاتەی ئێزیدی بپارێزن، هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەن بەرامبەر بە هێرشە دڕندەکان بۆ سەر خەڵکی شەنگال و پشتیوانی لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک بکەن.

 

داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ڕێگە خۆش بکات بۆ پڕۆژەی چارەسەری دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی ئێزیدی، هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانە دەکەین کە بە فەرمی دان بە جینۆسایدی ئێزیدیدا دێنن، پشتیوانی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم نەکەن.

 

پێکهاتەی ئێزیدی داوا لە هەموو مەزهەبەکانی عێراق دەکات کە هاوپەیمانی خۆیان لەسەر بنەمای یەکڕیزی و دیموکراسی و پەرەپێدانی کارەکان پتەوتر بکەن.